نوچەنێت
سۆزان عارف، بەرپرسی رێکخراوی تواناسازی ئافرەتان، هاوکات رێکخەری تیمی ١٣٢٥ کە پلانێکی پێنج ساڵی نێشتیمانییە لەسەر ئاشتی-ئاسایشی ئافرەت. لەگفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، تیشکی خستە سەر رەوشی ئافرەت لە عیراق، هەروەها رەوشی کاری رێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان.
نوچەنێت: تیمی ١٣٢٥ چییە؟
سۆزان عارف: ئەو تیمە تیمێکی نیشتیمانییە. لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کار لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ئافرەت دەکات. لە ساڵی ٢٠١٢ وە دەستمان بە ئیشەکانی کردوو لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان، تەبەنای ئەم پلانەی کرد کە کاری لەسەر بکرێت، پلانێکی پێنج ساڵە بوو. ئێستا ٢٠١٨ لە کۆتایی کارەکەداین. دەمانەوێ پلانی دووەم، لەسەر بنەمای پێویستی و ئاستەنگەکان، بنوسینەوەو زیاتر تێبگەین، کە بارودۆخی ژن لەهەموو ناوچەکان چۆنە؟ دۆخی ژن و ئەولەویاتەکان چین. ئێستا نوێنەری هەشت پارێزگا لێرەن، بۆئەوەی گفتوگۆی گشتگیر لەسەر پێویستییەکانی دۆخی ژن لە سەرجەم ناوچەکان لەسەر ئاستی عیراق بکەین.
هەفتەی پێشوو لە بەغدا، دانشتنێکی لەم جۆرەمان هەبوو بۆ دیالۆگ کردن لەسەر پێداویستییەکانی ژن لەو ناوچانە، چونکە رەوشی ژن بەپێی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت.
لە پلانی پێشوو، ٢٣ لە وەزارەت و دەزگا حکومییەکان لە پلانی پێشوو بەشداربوون، بەڵام پێـموایە کە ژمارەی وەزارەتەکان زیاد دەبێ، لەبەرئەوەی پابەندی بن پلانی ١٣٢٥، سەبارەت بە ئافرەت- ئاشتی وئاسایش بن.
نوچەنێت: ئەو ماوەیە لە بەسرە، ژمارەیەک ژنی چالاک لە بواری جۆراوجۆر کوژران. ئێوە لەگەڵ رێکخراوەکانی ئەوێ هەماهەنگی کارتان هەیە. هیچ بەدواداچوونێک بۆ ئەم کەیسانە کراوە؟
سۆزان عارف: نەک لە بەسرە لە بەغداش رۆژانە ژن دەکوژرێت. شوێنێک سەقامگیری تێدا نەبێت کوشتن و توندوتیژی لەوێ ئاسایی دەبێت. تا ئێستا هیچ بایەخدان و بەدواچوونێک بۆ راگرتنی حاڵەتی کوشتنەکان نییە. لە حاڵەتی لەمجۆرە تەسفیەی حساباتە یان هۆکاری وەکو، نەگونجان لەگەڵ ئەو سستم و سیاسەتەی کە لەم ناوچەیە پەیڕەو دەکرێ.
نوچەنێت: پێتوایە ئەوەی کە ئێستا هەیە، تیرۆری رێکخراوە؟
سۆزان عارف: هەڵبەتە تیرۆرێکی رێکخراوە. هەفتەی رابردوو لە بەغدا ٣٠ ژن پێکەوە کوژرا. بەبیانووی ئەوەی لە خانەکان بوون بەڵام هەرچی بێت دەبێ ئەوانە بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. نەک تیرۆر بکرێن.
نوچەنێت: کەواتە جیاوازی رەوشی ژن لە نێوان هەرێم و بەغدا چییە؟ لێرەش ژن دەکوژرێت.
سۆزان عارف: بارودۆخی ژن لە کوردستان، بە بەغدا و ناوچەکانی تر بەراورد ناکرێت. ژنانی چالاک بەرەبەرە دەگوازنەو هەرێمی کوردستان و ئێرە دەکەن شوێنی ژیان، چونکە لێرە زیاتر هەست بە ئازادی کەسی و ئازادی کارکردن دەکەن. ژن لەوێ لە هیچ بوارێکدا ئازادنییە هەتا ناتوانێ قسەیەک بکات کە لەبەرژەوەندی لایەنێک نەبێت، چونکە لەوێ کوشتن زۆر ئاسان بووەو تاوانبارەکانیش دەشاردرێنەوە. تا ئێستا ئەوە رەوشی ژنە لە ناوچە جییاجیاکانی عیراق، ئایا لە گەڵ گۆڕانکاری و دامەزرانی حکومەتی نوێ، چەند پرسی ژن دەچێتە ئەجێندای کاری حکومەت؟ ئەوکات دەتوانین گۆڕانکارییەکان ببینین.
رێکخراوەکان و گروپەکانی ژنان، بەردەوام کار بۆئەوە دەکەین کە ژن رۆڵی پێبدرێت و بگاتە سەنتەری بڕیار، بەڵام چەند دەتوانین ئەم قەناعەت و گۆڕانکارییە دروست بکەین، بەراستی هەتا نەتوانین ژنی چالاک و لیبراڵ بگەیەنینە سەنتەری بڕیار، زۆر زەحمەتە گۆڕانکاری لەم بارودۆخە رووبدات.
نوچەنێت: ئایا بەم تێگەیشتنە مەزهەبییەی کاربەدەستانی بەغداو رەوشە ناهەموارە بۆژن، دەتوانێ ژن بگاتە پێگەی بڕیار؟
سۆزان عارف: زەحمەتە. لەوانەیە نەتوانین چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بکەین بەڵکو دەبێ هەنگاوەکان هێواش بن و وردەوردە بکرێ. ئەو ئافرەتانەی کە بۆ پێگەی بڕیار هەڵدەبژێردرێن لەناو حزبەکانن، ئەوانیش تێگەیشتنی فیمینستییان نییە. بەمجۆرە کاردەکەن کە حزبەکانیان دەیەوێ. بەوهۆیەوە پەیڕەوی ئەو سستمی پیاو سالارییە دەکات کە حزبەکەی پەیڕەوی دەکات. بەهۆی چالاکی رێکخراوەکانی ژنان، هەندێجار ئیش لەسەر ئەوژنانە دەکەین کە پۆست وەردەگرن. گۆڕانکارییان بەسەردادێت بەڵام تا ئەو گۆڕانکارییە دروست دەبێ، خولەکە تەواودەبێ رەنگە هەر فریای یەک دوو کاربکەوێت، کە لەبەرژەوەندی ژن بێ
بۆیە پێویستە ستراتیژی کاری خۆمان بگۆڕین، دەبێ ژنی ناو حزبەکان بەر لە پۆست وەرگرتن کاریان لەسەر بکرێت و ئامادە بکرێن. بەو هۆیەوە دەبینی لەم وڵاتە سودی هەڵە لە سستمی کۆتا وەردەگیرێت.
نوچەنێت: چۆن سودی هەڵە وەردەگیرێت؟
سۆزان عارف: بەهەڵە بەکاردێ. ئێمە دەزانین کە لەم کۆمەڵگەیە باڵانسمان نییەو پیاو هەموو دەورێکی وەرگرتووە، کۆتا بۆچاککردنەوەی ئەم لاسەنگییەیە، تا بتوانین قەناعەت بۆ کۆمەڵگا عەقڵی پیاو دەروست بکەین، کە ژنیش توانای بەڕێوەبردنی کاری هەیە. دوای دە پانزە ساڵ بگەینە دۆخێک کە واز لە کۆتا بێنین، چونکە عەقڵیەتی کۆمەڵگە بڕوای بەتوانای ژن هێناوە، بەڵام ئێمە هاتووین سستمی کۆتامان لە خزمەتی حزبەکان بەکارهێناوە. زیاتر بۆ خزمەتی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت.
نوچەنێت: کەواتە تۆش راتوایە، کە حزبەکان ژنی پێگەیشتوو-و چالاک هەڵنابژێرن؟
سۆزان عارف: ژنی چالاک زەمانەت ناکرێ کە لەژێر فەرمانی حزب بێت. حزبەکان ژنانێک هەڵدەبژێرن کە خۆیان خاوەن را نین. بۆیە لە زۆربەی حاڵەتەکان ژنی بێ توانا هەڵدەبژێردرێت و کاری تەنیا دەبێتە وەرگرتنی رەزامەندی حزبەکەی.
نوچەنێت: وێڕای هەموو ئەو کێشانەی باسمان کرد، پشتگیری حکومەتی هەرێم بۆ رێکخراوەکان چۆنە؟
سۆزان عارف: پشتگیری حکومەتی هەرێم، زۆر زۆر باشەو قەت دژی ئازادی ژن نییە.
نوچەنێت: بە چ بەڵگەیەک؟
سۆزان عارف: ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالارین و بڕیار بەدەستان پیاون. ئەوە واقعی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە ئێمەش بەشێکین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ژێر کاریگەری هەمان کلتورین، بەڵام کە دەڕۆینە لای کاربەدەستانی حکومەت، هەر فکرەیەکی نوێمان پێبێ ناڵێن ئێمە قبوڵمان نییەو دەرگاکان بۆ ئێمە کراونەتەوە و پشتیوانیمان دەکەن. حکومەتی هەرێم ئەفکاری نوێی قبوڵە. بۆ نموونە لەسەر ئەفکاری پلانی کار ١٣٢٥، ئافرەت- ئاشتی ئاسایش، سەرۆکی ئەم تیمە لەهەرێمی کوردستان کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆیە. ئەگەر ئەو باوەڕی بەئیش و رۆڵی ئافرەت لە بنیاتنانی ئاشتی و ئاسایش نەبێ، هەروەها پشتیوانی ئەم پلانەی نەکردبایە عیراق نەدەبووە خاوەن پلانی یەکەم.
نوچەنێت: ئەی پشتیوانی خودی سەرۆکی حکومەت بۆ ئێوە چۆنە؟ زۆرێک لە چالاکانی ژن دەڵێن، زۆر بەتەنگ پێشکەوتنی رەوشی ژنەوەیە لە هەرێمی کوردستان؟
سۆزان عارف: کاک نێچیرڤان کەسێکە زۆر زۆر پاڵپشتی پرسی ژن دەکات. زۆر هەوڵ دەدات گۆڕانکاری تەواو لەکۆمەڵگەی کوردستان بکرێت. ئەگەر بیرت بێ لەساڵەکانی پێش هاتنی داعش لە ٢٠٠٨ -٢٠١٣، دۆزی ژن لە کوردستان زۆر بەرەو باشی چوو، لەبەر ئەوەی ئەجێندای حکومەت بەجۆرێک بوو کە پاڵپشتی بارودۆخ و رەوشی ژن بوو.
کۆمەڵێک یاسا هەموارکرا، ئەگەر نەفەسی حکومەتی لەگەڵ نەبوایەو سەرۆکی حکومەت پشتیوان نەبوایە نەدەکرا. با رێکخراوەکان هەر پێشنیار بکەن کە وەڵامدەرەوە نەبێت، خۆشبەختانە لە هەرێم ئەو وەڵامدانەوەیە هەیە.
کاک نێچیرڤان کەسێکی کراوەو بە ئینسافە، لای ئەو تواناکانی ژن و پیاو جیاواز نین و باوەڕی تەواوی بە کاری ژنان هەیە. ئێمە پێویستمان بەو نەفەس و تێگەیشتنەیە لە کۆمەڵگە، ئەگەر هەموو پیاوێک خاوەنی ئەم بیروبۆچوونە بێ شتێک بە ناوی کێشەی ئافرەتان نامێنێ.
نوچەنێت: کەواتە هەموار کردنی یاسای باری کەسێتی، ئەوەندە گرنگە کە کاریگەری لەسەر رەوشی ژن هەبوو؟
سۆزان عارف: هەموو وڵاتانی دەوروبەر نموونەی یاساکانی کوردستان بۆ باشی و پێشکەوتوویی وەردەگرن و دەیکەنە نموونە، جگە لە تونس کە پێشکەوتووترە. دانانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ٢٠١١، پێشکەوتنێکی زۆر گەورە بوو لە هەرێمی کوردستان، لەوکاتەوە رێکخراوەکانی ژنان لە بەغدا ئیش دەکەن، بۆئەوەی بتوانن ئەو یاسایە لەپەرلەمان تێپەڕێنن نەیانتوانیوە.
نوچەنێت: کەواتە پێتوایە بیروباوەڕی خودی سەرکردەکان و کاربەدەستانی حکومەت، کاریگەری لەسەر رەوشی ژن هەیە؟
سۆزان عارف: بێگومان هەیەتی. بۆ نموونە ئەگەر هەوڵی خودی کاک نێچیرڤان بارزانی نەبوایە ئەم یاسایانە هەموار نەدەکران، خۆی پشتیوانی و پاڵپشتی فکرەکان بوو. هەمیشە کارەکانی دژی جیاکاری رەگەزی و توندوتیژییە.
نوچەنیت: دەگوترێ ئەمساڵ رێژەی ژن کوشتن بەراورد بەساڵانی رابردوو زۆربووە. بەپێی بەدواداچوونی ئێوە رەوشەکە چۆنە؟
سۆزان عارف: دۆزی سیاسی و قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان، تا راددەیەک ئەجێندای ژنی لەبەرنامەکانی کاری حکومەت هێنایە خوارەوە. پێشتر لەسەرەوەی لیست بوو. بەداخەوە لە ٢٠١٤وە ئەم مەلەفە کەم کەمە پشتگوێ خرا، ئەمەش نەک لەبەرئەوەی بڕوایان پێنییە، بەڵام وەکو جاران ئەولەویەتی نەما، دۆخی ئابوری خراپ بوو بەم هۆیەوە پاڵپشتی بەرنامەکان وەستا. بە ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە پێموایە هەمووشتێ دەگەڕێتەوە جێی خۆی و بەرەو باشتر دەچێ، ئێمە لە ٢٠١٢ -١٣ لە تۆپ بووین.
هۆکارێکی تری خراپ کە وایکرد کێشەی ژن لە ئەولەویەتی کاری حکومەت نەمێنێ ئەگەر بە کاتیش بێ، شەڕی داعش بوو. ئەم شەڕە کاریگەری یەکجار زۆری لەسەر رەوشی ژن هەیە. هەموو ئەمانە هۆکاری کاریگەرن بۆ پاشەکشێی قەزیەی ژن.
خاڵێکی تر کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە، کە زیادبوونی رێژەی توندوتیژی بەراورد بەرابردوو زۆرنییە و هەتا زیاد نەبووە. ئەگەر بەرای ئێمە بێت یەک حاڵەتیش زۆرە، بەڵام ئەوەی وادەکات کە رێژەی کوشتن و توندوتیژی زیاد بێتە بەرچاو، راگەیاندنە، هەروەها هوشیاربوونەوەی ژنە. ئێمە بەر لەو هەڵمەتەی کە لە ٢٠٠١ وە حکومەت و رێکخراوەکان دەستیان پێکرد، کاتێک لە ژنانمان دەپرسی توندوتیژیت بەرامبەر دەکرێ؟ دەیگوت، نەخێر، دەمانگوت، هاوسەرەکەت لێتدەدا، دەیگوت، بەڵێ. دەمانپرسی ئایا دەتوانی بە ئازادی هاتووچۆی ماڵی باوکت بکەی؟ دەیگوت نەخێر. بەڵام ئێستا ژنان هوشیارن و چەوساندنەوە قبوڵ ناکەن. کاتێک ژن توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت دەڕوا سکاڵا تۆمار دەکات و پەنا دەباتە بەر بنکەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەمجۆرە کێشەکان زیاتر دەکەونە بەرباس.
نوچەنێت: چالاکوان هەیە دەڵێت، رێکخراوەکانی ژنان مینبەرێکیان نییە کە ببێتە کەناڵی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆیە ئیشەکانمان وەکو پێویست جێناگرێت و پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵ لاوازە.
سۆزان عارف: ئێمە لەهەر جێگایەک بمانەوێ قسەدەکەین و بەردەوامین. کەمیش قسەمان نەکردووە. لە بەرنامەو تەلەفزیۆنەکان و کۆڕو کۆنفرانسەکان، لە رۆژنامەو گۆڤار، نەک تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق نێودەوڵەتی. من لە مانگی هەشت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادە بووم، باسی بارودۆخی ژنم کردووە.
ئێمە دەتوانین دەنگی خۆمان بگەیەنین و زمانحاڵی بەردەوامی ژنانین، ئەوەندە لەناو کۆمەڵگەین کە بزانین ئافرەت پێویستی بەچییە، زۆرجار ئێمە بە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی دەڵێین، کە چۆن فشار لەسەر حکومەت بکەن و لە چ لایەنێکەوە فشار دروست بکەن، ئەو شتەی کە ئێمە پێمان نەکرا داوای یارمەتی دەکەین. هەموو تەنکنیکێک بەکاردێنین.