مقدم فەرمان: کارکردنی ئافرەت لە یەکە ئیدارییەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، لەسەر فەرمان و فکرەی نێچیرڤان بارزانییە

0

نوچەنێت

مقدەمی ماف پەروەر فەرمان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەولێر، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، جەختی لەسەر زیادنەبوونی رێژەی کوشتنی ژنان کردەوەو گوتی، هەبوونی تەنیا یەک حاڵەتی کوشتن زۆرە، بەڵام بە بەراورد بە ساڵی رابردوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ژمارەدا رووینەداوە.

نوچەنێت: بەپێی قسەی مێدیاو چالاکوانان، ئەمساڵ رێژەی کوشتنی ژنان زیادی کردووە،  ئەگەر راستە چەند زیادی کردووە؟

مقدم فەرمان: رێژەی ئامارەکان بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێت و جێگیر نییە. بەردەوام لە زیادو کەمیدایە، رەنگە رێژەی توندوتیژی لە تاوانێک وەکو ئامار زیاد بوو بێ، بەڵام لەبەرامبەردا جۆرێکی تری تاوان وەکو خۆسوتاندن کەم بووە،  توندوتیژی شتێک نییە بڵێی ئەمساڵ زۆرەو پار کەم بووە، رەنگە ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی زیادبوونی جۆرێک لە تاوان ئەمساڵیش بەردەوام بێت، هۆکارەکان زۆرن بۆ روودانی تاوان.

نوچەنێت: ئێوە وەک دەزگایەکی تایبەتمەند بەم پرسە، هۆکارەکان چۆن دەستنیشان دەکەن؟

مقدم فەرمان: هۆکاری سەرەکی عەقڵیەتی کۆمەڵگەو تێڕوانینی هەڵەیە بۆ ژن، هەروەها بەشێکی تری پەیوەندی بەباری گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، کە ئافرەتان زیاتر رووبەڕووی ئەم کێشانە دەبنەوە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر خۆسوتاندن، زۆربەی تاوانەکانی کوشتنی ئافرەتان بە هاندانی شوشتنەوەی ناموسە.

نوچەنێت: کەواتە وەکو ژمارە زیادبووە؟

مقدم فەرمان: وەکو ژمارە زیاد بوونێک هەیە، لە سنوری پارێزگای هەولێر ٢٠ حاڵەتی کوشتنمان هەیە لە ماوەی ساڵێکدا، لەگەڵ ئاماری ساڵی پار یەک دوو حاڵەت جیاوازە، بەڵام تەنیا یەک حاڵەتیش زۆرە چونکە  کوشتن پاساوی نییە. هۆکاری ئەوەی کە پێمانوایە رێژەکە لە چاو ساڵی رابردوو زیادی کردووە، ئەوەیە کە راگەیاندنەکان رۆڵی کاراتر دەبینن لە روماڵی تاوانەکان.

نوچەنێت: ئێوە دەزگایەکی حکومین، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژ بە ئافرەتان دامەزراون، پاڵپشتی حکومەت بۆ ئێوە چۆنە؟ چەند گرنگی بە کارەکانتان دەدرێ؟

مقدم فەرمان: حکومەت سەرەکیترین پاڵپشتی بەڕیوەبەرایتەییەکانە، لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای دروستکردنییەوە نیەتی حکومەت ئاوڕدانەوەیە لە باروگوزەران و کێشەکانی ئافرەت، کردنەوەی ئەم نوسینگەو بەڕێوەبەرایەتییانە لەسەرەتاوە بەم مەبەستەیە، کە زیاتر تایبەتمەندیيەکانی ئافرەت لەبەرچاو بگیرێ لەگەڵ ئەو کێشانەی رووبەڕووی دەبێتەوە.

دوای ئەوەی کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی خیزان لە ساڵی ٢٠٠٨ دەرچوو،  دادگایەکی تایبەتمەند بەو پرسە دامەزرا، ئەو دادگایە کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کار دەکات.

جگە لەوە لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانیش بەکاری خۆی هەستاو یاساکەی بەرکار کرد، ئەگەر بەراورد بە خوارووی عیراق سەیربکەین، تا ئێستا ئەوان یاسایەکی لەمجۆرەیان نییە.

نوچەنێت: کاریگەری یاساکە لەسەر رەوشی ئافره‌تان چییە؟

مقدم فەرمان: دروستبوونی هەر یاسایەک ئامانجێکی هەیە. ئامانجی ئەم یاسایەش پاراستنی ئافرەت و خێزانە، خۆی یاساکە بۆ پاراستنی خیزانە لە توندوتیژی، بێگومان ئافرەت لەم یاسایە سوودمەندی یەکەمە، ئەو کێشانەی کە لەو نوسینگەو بەڕێوەبەرایەتی و دادگا، لێکۆڵێنەوەی لێدەکەین بەپێی ئەو یاسایە کە هەندێ کردەوەی بە تاوان ناساندووە پێشتر تاوان نەبووە، ئەمە پێشکەوتنێکی باشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو توندوتیژیانەی رووبەڕووی ئافرەت دەبێتەوە.

نوچەنێت: ئایا هەبوونی ئەم یاسایە، بۆتە هۆی کەمبوونەوەی تاوان و توندوتیژی لە کۆمەڵگە؟

مقدم فەرمان: کاریگەری یاساکە لەسەر کەمبوونەوەی توندوتیژی زۆر بە روونی لە کۆمەڵگە دیارە، پێشتر یاسایەکی لەم جۆرە بۆ بەرگری لە خێزان و لە ناویدا ئافرەت بوونی نەبوو، بۆیە مافی ئافرەت لە یاسادا بەشێوەیەکی ئێستا نەدەپارێزرا، وێڕای ئەوە بەر لە دروستبوونی ئەم دەزگایانە کە تایبەتن بە پرسی خێزان و ئافرەت لە کۆمەڵگەدا، ئافرەتان بەر لە هەبوونیان توندوتیژی و جۆرەکانیان نەدەزانی، ئێستا هوشیاری پێویستیان هەیە، پێشتر توندوتیژییان بەرامبەر دەکرا بەڵام شوێنێک نەبوو رووی لێبکەن و تێیدا بپارێزرێن، ئێستا ئافرەت توندوتیژی قبوڵ ناکات و دێتە بەڕێوەبەرایەتییەکان، سکاڵا تۆمار دەکات.

راستە ئێستا رێژەی سکاڵاکان بەرزە، بەڵام دەبێ بزانین ئەوە نیشانەی ئەکتیڤی یاساکە و باوەڕی کۆمەڵگەیە پێی، نیشانەی ئەوەیە کە ئێستا ژن بەرەنگاری توندووتیژییەکان دەبێتەوەو وەکو جاران قبوڵیان ناکات.

نوچەنێت: ئێوە بۆ ئەکتیڤ بوونی زیاتری یاساکە، خولی راهێنانتان بۆ پیاوانی قەزا کردۆتەوە؟ چونکە تانەی زۆر لەسەر جێبەجێنەکردنی وەکو خۆی هەیە؟

مقدم فەرمان:  ئەو یاسایە کە هەموار کرا لە پەرلەمان و وەقائعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە یەک لە رێگاکانی ناساندنە. دواتر بۆ دادگا و نووسینگەکان بەمەبەستی جێبەجێکردن دادەبەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەگەڵ هەر یەک لە هەر پێنج بەڕێوەبەرایەتییەکەی، لە ماوەی بیست رۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەڵمەتی هوشیاریمان هەیە، لە قوتابخانەو شوێنە گشتییەکان، ناوبەناویش خولی هوشیاریمان لە قوتابخانەکان هەیە چ لە رووی هوشیاری و چ لە رووی چۆنێتی خۆپاراستنیان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی توندووتیژی. هەروەها ئەگەر هاتوو مافیان خورا چۆن دەستپێبکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان.  

نوچەنێت: کێشەی ئافرەت کێشەی کۆمەڵگەیەو پەیوەندی بە هەردوو رەگەزەوە هەیە،  بۆچی کار لەسەر هوشیارکردنەوەی پیاوانیش ناکەن؟

مقدم فەرمان: ئەو هەڵمەتی هوشیارییە بۆ پیاوانیش ئەنجام دەدەین، لە کەمپەکان و ئەو شوێنانەی کە خەڵکی لێیە لە سەنتەرو رێکخراوەکان و بارەگاکانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەردەوام جۆرەها خەڵکی لێیە، هەروەها هەڵمەتی راگەیاندنمان هەیە سەبارەت بە رێگری کردن و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی.

نوچەنێت: تا ئێستا هەوڵتان داوە کە لەرێگەی کەناڵ یان بڵاوکراوەیەکی تایبەتەوە، بەبەردەوامی کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی بکەن؟

مقدم فەرمان: بەرنامەی تایبەت بەبەڕێوەبەرایەتیمان نییە، کۆمەڵگە لەوە تێگەیشتووە کە کێشەی ئافرەت کێشەی کۆمەڵگەیە و میدیاش لەم رووەوە هاوکار بووە، ئێمە بڵاوکراوەی تایبەت بەو پرسە لە بۆنەکان دەخەینەڕوو، لەسەر ئاستی تەلەفزیۆن و رادیۆش قسە و بەرنامەی زۆرمان لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەم بابەتە راگەیاندنەکان هاوکارن.

نوچەنێت: زۆربەی چالاکوانان گلەیی ئەوەیان هەیە، کە وێڕای هەبوونی یاسای گرنگ و باش لە کوردستان، تا ئێستا خەڵک هەیە کە ژن دەکوژێت دەستگیر ناکرێت و دەستی یاسا نایگاتێ، یاسا ئەو هێزەی نییە کە بڕوات تاوانبارێک لە ماڵی بەرپرس یان بارەگای حزبێک دەربێنێ. ئایا ئەم حاڵەتانە هیچ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە کاتێکدا ئێوە دەڵێن کە حکومەت پاڵپشتمانە؟

مقدم فەرمان: بابەتی بەرەنگاربووەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، خەمی لە پێشینەی حکومەتە، لەو پێناوەشدا کاری زۆری کردووەو ئامارەکان و جۆری کێشەکان دیارن کە لە دادگا تایبەتمەندەكان و نوسینگەو بەڕیوەبەرایەتییەکانی ئێمە یەکلابۆتەوەو چارەسەر کراوە. ئەو تاوانبارانەی کە بە تاوانی کوشتن سزا دراون وەکو هەموو تاوانبارێکی تر بێگومان بابەتی چەکداری و نائارامی و نائاساییبوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان تا راددەیەک کاریگەری هەبووە، بەتایبەت لەکاتی شەڕی داعش، ئەو شەڕەی کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنرا کاریگەری لەسەر هەمووشتێک هەبوو، راستە تاوانباران رەنگە بتوانن ماوەیەک خۆیان بشارنەوە، بەڵام کاتییە، درەنگ و زوو هەر دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی یاسا دەکرێن.

نوچەنێت: دەگوترێ سەرۆکی حکومەت، هەمیشە پاڵشتی پرسی ژنە و بە هەموو جۆرێک هاوکارە بۆ کارکردن لەم بوارە. تۆ وەکو کەسێکی پەیوەندیدار لەم بابەتە ئەوە راستە؟ یان زیادەڕيۆیی لە باسکردنی دەکرێت؟

مقدم فەرمان: خەمخۆری سەرۆکی حکومەت بۆ پرسی ژن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، هەر لە دروستکردنی  دەزگا تایبەتمەندەکانەوە دیارە، لە کۆبوونەوەو سیمینارو کۆنفرانسەکانی تایبەت بە رەوشی ژن دیاردەکەوێ. هەمیشە پاڵپشتی گەورە بۆ کێشەکانی ئافرەت دەخاتەروو،  بەڵێ ئێمە لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە کێشەکانمان دەگاتە جەنابی و  پاڵپشتە لەهەموو ئەو کێشەو گرفتانەی کە لەکاتی جێبەجێکردنی یاسا دێتە رێگامان.

نوچەنێت: قەت هەبووە بۆ چارەسەری کێشەیەک و زاڵبوونی عەقڵیەتی خێڵ لە کۆمەڵگە، پەناتان بردبێتە بەر نێچیرڤان بارزانی؟

مقدم فەرمان: بەڵێ. ئێمە لەو بەڕیوەبەرایەتیەکانمان، سلسلەی مراجعەمان هەیە ئەم کێشانە لە رێگەی بەڕێوەبه‌ری گشتی و وەزیری ناوخۆوە دەگەێنینە سەرۆکی حکومەت و ئەویش وەڵامدانەوەیەکی زۆرباشی هەبووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییکانمان. ئەگەر دەستگرتنی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بەردەوام نەبێ بێگومان ئێمەش ناتوانین وەکو دەزگا لەخزمەتکرندی کۆمەڵگە بەردەوام بین.

نوچەنێت:دەزگاکەی ئێوە لە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالاری عەشیرەتگەرا، بۆ پرسێکی گرنگی کۆمەڵگە دامەزراوە، ئێوە لە پیاوانی تر جیاوازن و داکۆکیکاری مافی ژنن. ئاستەنگەکانی بەردەم  کارکردنی ئێوە لەوەها کۆمەڵگەیەک چین؟

مقدم فەرمان: ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، بەستراوەتەوە بەوەی کە کۆمەڵگە تا چەند قبوڵی پێشکەوتنی رەوشی ژن دەکات، تاچەند روئیای کراوەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری هۆکارەکانی دروستبوونی کێشەکان. بەڵێ ئاستەنگمان هەیە بەڵام وا گەورەنین، ئەگەر کۆمەڵگە بە جۆرێک بۆچوون و شیکردنەوەی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت، هی ئەوەیە کە هەر شتێکی تازە لە کۆمەڵگە سەرەتا قبوڵکردنی زەحمەتەو رووبەڕووی گرفت دەبێتەوە، بەڵام کە بەردەوامیت هەبوو زاڵ دەبی بەسەریدا، خۆشبەختانە تاڕادەیەک ئەم تێڕوانینە کەمبۆتەوە، بێگومان سەرەتا ئەم گرفتانە  زیاتربوون لە داهاتووش لە ئێستا کەمتر دەبن. کۆمەڵگە زیاتر هەزمی کرانەوە دەکات، تێگەیشتنی کۆمەڵگە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

نوچەنێت: وەکو کەسێکی یاسایی، ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەی تایبەتن بە پرسە خێزانییەکان، لەکوێدان؟

مقدم فەرمان: ئاستەنگی بەردەم جێبەجێکردنی هەر یاسایەک بە پلەی یەک قبوڵکردنەیەتی لەلایەن کۆمەڵگەوە، تا چەند لەگەڵ عەقڵیەتی ئەم کۆمەڵگەیە دەگونجێ. ئەگەر بە رێژەیی وەربگرین هەر بەشێک بەجۆرێک، ئامرازی جێبەجێکردنی یاسا دادگایە، ئەگەر توانیمان لە دادگاکان ئەم یاسایە وەکو خۆی جێبەجێ بکەین.

شتەکان هەمووی رێژەییە، یاسای تایبەت بە بەره‌نگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کە دەرکراوە تایبەت نییە بە رەگەزێک. بەراستی ئافرەت لە رووی یاساوە لە کۆمەڵگە جیا ناکرێتەوە، لەهەندێ بابەت تایبەتمەندی دراوەتە ئافرەت وەکو کۆی یاساکانی تر بۆ پارێزگاری لە خیزانە، ئەو دادوەرەش کە لێکۆڵینەوە لەم کەیسانە دەکات دادوەرێکی ئافرەتە، بۆیە پێموانییە بەرێژەیەکی زۆر ئاستەنگ هەبێت، تاکە کێشەیەک کە من لەو دادگایەن دەیبینم  ئەوەیە کە هەبوونی تەنیا یەک دادوەر بۆ ئەم هەموو کێشەیە کەمە، رەنگە ئەم هۆکارە ببێتە هۆی ئەوەی درەنگ جێبەجێبکرێت نەک جێبەجێنەکرێت.

نوچەنێت: یاساکانی تایبەت بە پاراستنی خێزان، بەراورد بە ناوچەکەو وڵاتانی دەورووبە جیاوازی چییە؟

مقدم فەرمان: هەرێمی کوردستان بە خوارووی عیراق بەراورد ناکرێ، چونکە ئەوان یاسایەکیان بەم ناوە نییە، پڕۆژەیەکیان هەیە زیاتر لەشەش ساڵە لە پەرلەمان کۆدەنگی لەسەر دروست نەبووەو تێناپەڕێت. بەراورد بە یاساکانی دەورووبەر پێموابێ لە ئوردن یاسایەکی باشی پارێزگاریکردن لە خیزان هەیە، ئەوان تا ڕادەیەک لە ناوچەکە پێشکەوتوون، بەڵام لە رووی یاساو کرانەوەی کۆمەڵگە ئێمە پێشکەوتووترین لە دەوروبەر. هەرێمی کوردستان لە پێش هەموو وڵاتانی دەوروبەر چووە ژێر بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ هێنانە کایەی یەکسانی و پاراستنی تایبەتمه‌ندییەکانی ئافرەتان و ئەم بابەتە دەخرێتە ناو پلانی نیشتیمانی، وڵاتی عێراق یەک لەم وڵاتانەیە لەسەر ئاستی وڵاتەکانی تر بەهۆی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێککەوتننامەی سیداو، هەموو ئەوانە بەهۆی خەمخۆری سەرۆکی حکومەت، بۆ پرسی ئافرەتە کە زوو دەستپێشخەری و پاڵشتی گۆڕانکاری یاسایی و دامەزراندنی دەزگای تایبەتمەندی کرد،  هەروەها کارکردنی ئافرەت لە یەکە ئیدارییەکان و ئەنجوومەنی دادوەری لەسەر فەرمان و فکرەی ئەوە. ئەم هەنگاوانە لەم ناوچەیە هەنگاوی زۆر بوێرن و سەرکەوتووش بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com