نوچەنێت
زانا رۆستایی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی کۆمەڵی ئیسلامی، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەڵێت” ئەوکات، لەدژی قەدەغەکردنی فرەژنی بووم و ئێستاش هەمان رام هەیە. پێموایە دەبێت یاساکە جارێکی تر هەموار بکرێتەوە”.
نوچەنێت: پێشتر یاسای باری کەسێتی ھەموار کرا، ئێوە لەدژی قەدەغەی فرەژنی بوون. ڤیدیۆی جەنابت ھەیە کە دژی کاتی ھەڵبژاردنیش تاکیدت لەو ھەڵوێستەی خۆت کردەوە. ئەوە بۆچی؟
زانا رۆستایی: لەکاتى هەموارى یاسای بارى کەسێتى لە پەرلەمانى کوردستان لە خولى دووەم، من یەکێک بووم لەوانەى بە توندى دژى قەدەغەکردنى رەهاى فرەژنى وەستامەوە، چونکە پیچەوانەى دەقى راشکاوى قورئانى پیرۆز ە (فانکحوا ما گاب لکم من النساء مپنى وپلاپ ورباع فان خفتم الا تعدلوا فواحدە ….) و ماددەى دووەمى دەستورى عیراقى بوو، کە نابێت یاسایەک دەربچێت پێچەوانەى بنەما نەگۆڕەکانى ئیسلام بیت. ئەو کات دوو را خرایە دەنگدان، قەدەغەکردنى رەها یان مەرجدارکردنى بە مەرجى قورس، دواى تیبینیەکانى من زۆرینەى ئامادەبوان دەنگیاندا بە مەرجدارکردن نەک قەدەغەکردن.
نوچەنێت: بۆچی بەو موتڵەقییە دژ بووی؟
زانا رۆستایی: من بە موتڵەقى دژى نەبووم، بەڵکو دژى قەدەغەکردنى بە موتڵەقى بووم کە هەندى ئەندام داوایان کردبوو، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکى زۆرینە مسوڵمان دەژین و نابێت رەچاوى بیروباوەر و ئایینى میللەتى خۆمان نەکەین.
نوچەنێت: پێت وایە کاتێ سەرۆکی حکومەت، یاسایەکی وا ئاراستەی پەرلەمان دەکات. وەک ئێوە لەوە نەگەشتووە کە لەگەڵ دین دژ بەیەکی دروست دەکات ؟
زانا رۆستایی: ئەو پرۆژەى سەرۆکى حکومەت بە هاوکارى شارەزایان ئاراستەى کردبوو، فرەژنى قەدەغە نەکردبوو بەڵکو ئەوە لیژنەى ژنان بوو لە ناو پەرلەمان کە ویستیان بە موتڵەقى قەدەغەى بکەن.
نوچەنێت: کەسێکی وەک دکتۆر زەڵمی، پێچەوانەی رای ئێوە پێی وابوو یاساکە و ھەمواریشی خیلاف لەگەڵ ئایینی ئیسلام نییە، بۆچی ئێوە جیاواز لە زانایایەکی وا تەفسیرتان دەکرد ؟
زانا رۆستایی: من خۆم بە قوتابى دکتۆر مستەفا زەڵمى دەزانم. ئەویش لەگەڵ قەدەغەکردنى موتڵەق نەبوو. زۆریش نیگەران بوو لەو پەرلەمانتارانەى ویستیان پرۆژەکە بەم ئاقارەدا ببەن. من بەرگریم لە بیروراکانى دکتۆر مستەفا زەڵمى رەحمەتى دەکرد.
نوچەنێت: ئایا گەر ئێستاش یاساکە بۆ قەدەغەکردنی بێ مەرجی فرە ژنی، بچێتەوە پەرلەمان ھەمان رات دەبێ ؟
زانا رۆستایی: بێگومان ئیستاش هەمان رام هەیە و پێم وایە، تەنانەت مەرجەکانیش ناڕەوان ولەجێی خۆیان نین و پێویستە یاساکە جاریکى تر هەموار بکریتەوە بە ئاراستەى رێکخستنى فرەژنى نەک قەدەغەکردنى، بە جۆرێک کە رێگرى بکرێت لەو مەترسى و زیانانەى کە رەنگە دروست ببێت لە ئەنجامى خراپ ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیە.
نوچەنێت: بەتەنھا کۆمەڵی ئیسلامی بوو یان یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامیش دژی بوون ؟
زانا رۆستایی: ئەو کات ئیسلامییەکان و بەشێکیش لە پەرلەمانتارانى لایەنەکانى تر هاوڕابوون لەگەڵم، بۆیە توانیمان شکست بەو هەوڵە بهینین کە قەدەغەکردنى بە موتڵەقى بوو، بەڵام بزووتنەوەى ئیسلامى ئەو کات پەرلەمانتاریان نەبوو.
نوچەنێت: ئەو یاسای ئێستا لەکوردستان هەیە، لەگەڵ ئەو یاسای ئێستا کە عێراق کاری لەسەر دەکرێ ( جەعفەری) جیاوازی چییە لەبارەی مافی ژنەوە؟
زانا رۆستایی: ئەو یاسایەى لە عیراق کارى پێدەکرێت جەعفەرى نییە، بەڵکو یاسایەکە کە بە ژمارە ( 188) ى ساڵى 1959 دەرچوەو تا ئیستاش کارى پێدەکرێت. لە مەسەلەى فرەژنى زۆر باشترە لە یاساکەى هەریمى کوردستان، هەربۆیەش ئەو پیاو و ژنانەى بڕیارى هاوسەرگیرى دەدەن بۆ جارى دووەم لە دادگاکانى عیراق گرێبەستى مارەبڕینەکە ئەنجام دەدەن، چونکە ئاسانکارى زیاترى تیدایە بۆیان. بەراى من رێگەدان بە فرەژنى چەند لەبەرژەوەندى پیاوانە ئەوەندەش لەبەرژەوەندى ژنانەنە (ئەو ژنانەى کە شویان نەکردوە یان بێوەژنن یان تەڵاقدراون) چونکە رێگرى کردن لەو ژنانەش کە ببنە خاوەن هاوسەر و ماڵى خۆیان و مناڵى خۆیان ئەوەش ستەمە و دادگەرى تیدانییە ، هەربۆیە تەنها ئەو ژنانە زۆر دژى فرەژنى دەوەستنەوە کە هاوسەریان هەیە و هیچ کیشەیەکیان نییە و هەرگیز بیر لە هاورەگەزەکانى تریان ناکەنەوە، کە دەرفەتى ژیانى هاوسەریان نییە مەگەر وەک ژنى دووەم نەبێت.
نوچەنێت: بەرای هەندێ لە زانایانی ئایینی ئیسلام، دەکرێ ئیسلام بەپێێ قۆناغ و سەردەمەکان تەفسیری جیاوازی بۆ بکرێت بەمەبەستی گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم، رای ئێوە چییە؟
زانا رۆستایی: ئیسلام ئایینیکە بۆ هەموو سەردەم و کاتێک دەگونجێت، چونکە دەکرێت تەفسیرى نوێ بکرێت بۆ دەقەکانى بێ ئەوەى پێشێلى بنەما نەگۆڕەکانى بکرێت. هەربۆیە زانایانى ئیسلام بەردەوام خویندنەوەى نوێ و تازە دەکەن بۆ ئەو دەقانەى کە تەفسیرى جیاجیا هەڵدەگرن.