ماڵه‌كه‌ی هه‌مووان

0

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی مامی ڕابه‌رمانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا مانگ نه‌بووه‌ كه‌ به‌ شه‌ڕ و ده‌مه‌قالێ و هه‌ڕه‌شه‌ و هه‌ندێك جاریش قوربان و سه‌ده‌قه‌ به‌شێك له‌ پاره‌ی كوردسات و ده‌زگا و میدیاكانی یه‌كێتیم له‌ملاوله‌ولاوه‌ دابین نه‌كردبێت، له‌ پاش كۆچی دوایی مامه‌وه‌ ئیتر كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یانجار ئه‌و په‌نجه‌ره‌ جوانه‌ی كوردساتیان به‌رووماندا داخست و بینه‌رانیان له‌ كه‌ناڵه‌ ئازیزه‌كه‌یان بێبه‌ش كرد و ته‌نانه‌ت مافی بۆن كردنی ئه‌و چڵه‌ نیرگزه‌ خۆشه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینین ..!

خۆ له‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ داخی ئه‌و هه‌موو ناداد په‌روه‌رییانه‌ ته‌ندروستی داده‌ تێك چوو، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كوردسات به‌ڵكو خاك و ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ و ( س.ن.ن) و مناڵپارێز و گه‌له‌ری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگه‌ی شه‌هید جه‌بار و كه‌ناڵی بادینان سات و كه‌ركوك و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركوك و ماڵی ئیزدییه‌كان و كوردستانی نوێ و گشت كه‌ناڵ و راگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ دیاری مام و داده‌ بوون كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و هه‌ندێكیشیان داخران به‌ كورد ئایدڵشه‌وه‌ ..!

لێره‌دا كێشه‌كه‌ ته‌نیا كوردساتی ماڵی هه‌مووان نییه‌ ، كوردسات ئاوێنه‌ی ماڵه‌گه‌وره‌كه‌یه‌ ، واته‌ یه‌كێتی

هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گوزه‌رێت گوزارشت له‌و راستیه‌ ئه‌كات كه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ چیتر نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی مامه‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی جاری جارانه، هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ده‌ستكه‌وتی یه‌ك ته‌به‌ق هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان و جگه‌ری مریشك و سنوقێك ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر ناگۆڕنه‌وه‌ به‌ هیچ یه‌ك له‌و پڕۆژه‌ و دیارییانه‌ی مام و داده‌ و یه‌كێتی

بۆ ئه‌وان جگه‌ره‌ی قاچاخ گرنگتره‌ وه‌ك له‌ بادینان سات لای ئه‌وان سه‌یاره‌ و ده‌مانچه‌ و پله‌ و پۆست به‌خشینه‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌ هێشتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (الاتحاد) بێگومان بۆ ئه‌وان سه‌رف كردنی پاره‌ی یه‌كێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگره‌ سوودی زیاتره‌ وه‌ك له‌ دابین كردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی دڵسۆز و ماندوو ..

ئه‌وان به‌ خه‌فه‌كردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كان ئه‌توانن له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان بمێننه‌وه‌ نه‌ك به‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ و ماڵی هه‌مووان ..!

ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ خودی خۆم جێی داخه‌ ئه‌و بێهه‌ڵوێستی و بێ باكیه‌ی كوڕانی مامه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ خۆیان كردوه‌ته‌ ده‌مڕاستی ده‌باشان و یه‌كێتی و له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ ده‌باشان و یه‌كێتی گه‌یاندوه‌ ..!

له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ دیارنه‌مانی مووچه‌ی مام ( هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ) و بڕینی نه‌سریه‌كه‌ی و بڕینی نه‌سریه‌ی داده‌ و زۆر بابه‌تی هه‌ستیاری تر ئه‌خه‌مه‌ڕوو، چونكه‌ نه‌ ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ و نه‌ ماڵی هه‌مووان شایانی ئه‌وە نین كه‌ به‌م ڕۆژه‌ بگه‌ن ..!!

رێزو حورمه‌تی بێ پایانم بۆ ستافه‌ به‌ ئه‌مه‌ك و دڵسۆزه‌كه‌ی كه‌ناڵی نیرگزه‌ بۆنخۆشه‌كه‌ی ماڵی هه‌مووان
ده‌ستی ماندووی گشت كارمه‌ندانی خاك و بادینان سات و كه‌ركوك و س.ن.ن و سه‌ربازه‌ گومناوه‌كانی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ئه‌گوشم ..
به‌ڵێن بێت‌ تا دووا هه‌ناسه‌ پشتتان به‌رنه‌ده‌م
٢٥-٩-٢٠١٩

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com