دکتۆر رێدار ئەمین
کونستاننا جۆرجیۆ لە رۆمانی(کاتژمێر بیست و پێنجەم) باس لەو کاتژمێرە دەکات، کە مرۆڤ دەبێتە کۆیلەی مرۆڤ و چیتر ناتوانێت وەک ئامرازێک بژیت. ئەم رۆمانە دوای جەنگی جیهانی دووەم نوسراوە.
هەر لەسەرەتای دروستبوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لەسەردەمی کۆکردنەوەی خۆراک، و دروستبوونی کۆمەڵگەی رەوەندی و راوچی و کشتوکاڵی، پاشانیش پیشەسازی بەهۆی بازو و ماسولکەی بەهێزی پیاو، بۆتە زاڵ و گەورە بەسەر ئافرەت و منداڵدا.
بەهۆی هەژاری بیری مرۆڤ لەو سەردەمەدا، ئافرەت و منداڵ وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. ئەو پێشکەوتنە خێرایەی تەکنەلۆژیا کە لەزۆر بارەکاندا جێگرەوەی ماسولکەو هێزی پیاو بووە، وایکرد ئافرەتیش بێتە مەیدان و شان بەشانی پیاو لەدەرەوە کاربکات.
تەکنەلۆژیا لە رواڵەتدا خزمەتێکی تریشی پێشکەشی ئافرەت کرد. ئەویش دابینکردنی چەندین خزمەتکار بۆی لەماڵ (جل شۆری ئۆتۆماتیک، قاپ شۆری ئۆتۆماتیک، گەسکی کارەبایی) هەروەک پێی بڵێیت، تۆ ئیتر خەمی ماڵت نەبێ و تەنها وەرە دەرەوە کاربکە من ئەرکی ماڵت بۆ جێبەجێ دەکەم.
لەوەدا تەکنەلۆژیا وەک دڵسۆزێک و میهرەبان بۆ ئافرەت سەیردەکرا. زۆر میهرەبانتر وەک ئەو پیاوەی کە وەک کۆیلە سەیری دەکرد.
بەشداری کردنی ئافرەت لەدەرەوەی ماڵ، پیاوانی کردە دووبەش، هەندێکیان دڵتەنگ بوون، چونکە ئەو پێگە زاڵەی خۆیان لەدەستداو چیتر بەسەر ژنەوە ئاغا نەمان. ئەوەتا ئافرەتیش دەتوانێ هەموو ئەو کارانە بکات کە پیاو ئەنجامی دەدات.
بەشی دووەمی پیاو زۆر دڵخۆش بوون، چونکە بەشداری ئافرەت هەندێک یان زۆر لەسەختی ژیانی لەسەر لادان. سەرەڕای ئەوەی ئافرەت بەهۆی تەکنەلۆژیاوە کاری ماڵ دەکات. ئەوا پاڵپشتی ئابوری و دارایشیانە لەدەرەوە.
ئەمە وایکرد تەکنەلۆژیا لای زۆرینەی خەڵک، خۆشەویست و دڵگیربێت. بەمەش سنوری بۆکراوەتەوە هەمووکات و هەمیشە بەبێ لەدەرگادان بێتە ماڵەکان! ماڵەکانیش هەر دایک و باوک نین، بەڵكو منداڵیشی تێدایە! چونکە تەکنەلۆژیاش کوڕی سەرمایەدارییە ، ئاینی سەرمایەداریش پەیداکردنی زۆرترین پارەیە بەهەر شێوازێک بێت. ئەوا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە دایباب، تەکنەلۆژیا ئەرکی بەخێوکردنی منداڵیشی گرتەدەست. وەک بڵێت، دایباب خەمتان نەبێت من ئاگاداری منداڵەکانتان دەبم. بەمشێوەیە تەکنەلۆژیا خۆشەویستتربوو.
خێزان وایزانی، بەرامبەر ئەو هەموو چاکەو پیاوەتییەی تەکنەلۆژیا بۆ مرۆڤ دەیکات هیچ داواکارییەکی نییە!
بەتێپەڕبوونی کات بۆیان دەرکەوت کە تەکنەلۆژیا داوایان لێدەکات، لە ساتی پشوشدا هەر سەرقاڵ بن، چونکە تا سەرقاڵ بن و کاربکەن و ماندووبن ئەوا خودای تەکنەلۆژیا کە سەرمایەدارییە. سودمەندتردەبێت.
بۆیە مرۆڤەکان کەوتنە تەڵەیەکی گەورەوە، کە دەربازبوون لێی زۆر ئەستەم بووە. کاتێک خۆیان دەیانەوێت دەرباز بن، دەبینن منداڵەکانیان لەوێ گیریان خواردووە.
من تەکنەلۆژیا وەک ماددەیەکی هۆشبەر دەبینم، کە مرۆڤ پێی ئالودە بووە. سەرەتا شاگەشکەو دڵخۆشی دەکات، بەڵام هەر کاتێک زانی ئاڵودەبووە و بۆتە کۆیلە و ناتوانێت دەست بەرداری بێت.
بەمشێوەیە تەکنەلۆژیا، مرۆڤەکانی کردە کۆیلەی خۆی و پێشبینییەکانی کۆنستانتا جۆرجیا تەواو دەرچوون.
پرسیارەکە لێرە ئەوەیە: ئایا مرۆڤ دەتوانێت بەسەر تەکنەلۆژیادا زاڵ بێت و دووبارە ئازادبێتەوە؟ یان ئەم رەوشە بەردەوام دەبێت تاکو مرۆڤایەتی لەناودەچێت.