سەركردایەتی پارتی تا ئێستا ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بارزانی و كیری نین
نوچەنێت: هەولێر
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند، كە سەركردایەتی حیزبەكەی ئاگاداری وردەكاری كۆبوونەوەكەی دوێنی بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نین، دەربارەی مانەوەی یەكپارچەی خاكی عێراقیش وتی” مانەوەی یەكپارچەیی پەیوەستە بەو كێشانەوە كە هەن، ئەگەر كێشەكان چارە نەكرێت، ئەو یەكپارچەییە نامێنێتەوە”.
چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، تا ئێستا سەركردایەتی حیزبەكەی ئاگاداری وردەكاری كۆبوونەوەكەی دوێنی بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نین، چنار وتی “ئێمە وەك سەركردایەتی پارتی ئاگاداری وردەكاری كۆبوونەوەكەی دوێنێ نین كە هەموو چەند كاتژمێرێكی بەسەردا تێپەڕیوە، هەروەها رەنگە پێویست نەكات هەموومان لە وردەكاری هەندێك كار ئاگاداربین، چونكە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەروەها ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، نوێنەرایەتی ئێمە دەكەن”.
دەربارەی بڕیاری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی كورد بۆ ئەو قۆناغە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی وتی “ئەوەی لە راگەیاندنەكان باس دەكرێت، هەر ئەوە هەیە و شتێكی تر نیە لە پشت پەردەوە، وە بڕیاریش نیە شتەكان بشاردرێنەوە، هەڵوێستی پارتی و سەركردایەتی كورد و سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت، لەو رووەوە زۆر روونە لە بارەی ئەو رووداوانەی روویان داوە، ئەگەر بڕیارێك لە بارەی چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە بدرێت، ئەوا هەموو حیزبە سیاسییەكان و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت ئامادەكاری بۆ دەكەن”، وتیشی “یەكپارچەیی عێراق پەیوەستە بەو كێشانەوە كە هەن، ئەگەر چارەسەر نەكرێت ئەوە یەكپارچەیی نامێنێتەوە، وەك چۆن لە ئەسڵدا یەكپارچەیی بوونی نەبووە”.