محەمەد رەئوف محەمەد
وڵاتێک دابەشبوونی شاوڵی و ئاسۆیی بووبێت، واتە دابەشبوونی مەزھەبی و نەتەوەیی و سیاسیەکەشی بەھۆی دەسەڵات و ناوچەی نفوزەوە، بووبێت بە دابەشبوونی شاوڵی و دابەشبوونە ئاسۆییەکانیشی بە سیاسی و حیزبی و مەرجەعی کرابن.
وڵاتێک ھیچ سیادەیەکی ڕاست و دروستی نەبێت.
وڵاتێک بێ ھیچ سیستمێک بەڕێوەببرێت.
وڵاتێک میلیشیا تێیدا دەسەڵاتدارتر بێت لە سوپای نیشتمانی و سوپاکەشی بەناو نیشتمانی بێت.
وڵاتێک لە قاموسیدا شەفافیەت نەبێت.
وڵاتێک نە دیموکرتی بێت نە دیکتاتۆریەت.
وڵاتێک شەقامی ڕاپەڕیوی ھیچ حیزب و ھێزێکی قبووڵ نەبێت، لەبەر تێوەگلانیان بە گەندەڵی و خۆیشی نەتوانێت بەدیلێکی کرداری و لۆژیکی بۆ حوکمڕانی بدات.
وڵاتێک بە بەشبەشێنی تاپۆ ئاسا بەڕێوەبچێت و ھەموو خاوەن بە شێکیش، لەبەر ئەوەی تاپۆیە خاوەنی ڤیتۆ بێت.
وڵاتێک پارەی نادیاری نەوتی رۆژانەی کەس نەزانێت چەندە.
وڵاتێک،٣٦٠ ملیار دۆلاری چەند ساڵی ڕابردووی ئەنفال و بێ سەروشوێن کرابێت و کەسیش بۆی نەبێت بەدواداچوونی بۆ بکات.
وڵاتێک ھاوڵاتییەکانی باوەڕی بە ھیچ سیاسەت، سیاسی، حیزب و ھێزێک نەمابێت.
وڵاتێک، ڕێژەی ھەژاریەکەی ھەموو پێوەرەکانی بەزاندبێت و لەسەر دەریایەک نەوت و گاز بێت.
وڵاتێک، ئەوە سەردێڕی بارودۆخەکەی بێت ئایا بەھەموو پێوەر و ویژدان و لۆژیکێک، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی بۆچیە؟ وەزارەتی دارایی و نەوت و ناوخۆی بۆچیە؟ قەزای بێ دەسەڵاتی بۆ چیە؟ سوپا و مەسرەفی سوپای بۆ چیە؟
تەنھا یەک لیژنە ھەبێت بۆ کۆکردنەوەی پارەی نەوتی رۆژانە و بخرێتە سندوقێک و مانگانە وەک موچە سەرفی کەن.
یان باشتر بڵێین، ئەمە کەی دەوڵەتە و کەی پایەکانی دەوڵەتی تێدا ماوە؟ ئایا ئەمە کات کوشتن نییە؟ ئایا بەردەوام بوون لەسەر ئەم حاڵەت و دۆخە، نەوەکانی ئەمڕۆ و ئایندەی ئەم نیشتمانە بێ ئەرز و ئاسمانە بێ دەزگا و دوکانە، بەرەو نادیار و بێ ئومێدی ھەتا ھەتایی نابات.
من پێشنیار دەکەم:
سەرکردەکان
مەرجەعەکان
دڵسۆزەکان
عاقڵمەند و خەمخۆرەکان
لە شیعە، لە سوننە، لە کورد، لە تورکمان و لە ئاشووری، کۆببنەوە ئەم قسانە رۆشنتر لەگەڵ یەکتر بکەن و بە بڕیارێک و لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆتایی بەم عێراقە بێنن، کە نە ئیرادەی ئیقلیمی و نە ئیرادەی دەولی نایانەوێت ببێت بە دەوڵەتێکی شکۆمەند و بەھێز و کاریگەر و ناھێڵن جارێکیتر لەسەر پێی خۆی بوەستێت؛ ھەرگیز عێراقێکی بە ھێزی ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسی نابینینەوە، ئەو ئیرادە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە تێکەڵ بووە بە سێ ستراتیجی شیعی، سوننی و کوردی، لێک دوور و لێک جیاواز، کەواتە تاکەی کات کوشتن؟ ئەم دۆخە لەوە زیاتر درێژە بکێشێت، لە قازانجی ھیچ لایەکدا نییە.