نوچە
قەیرانە گەورەکان زۆرجار چاوەڕوان نەکراون و کاریگەری و بهرئەنجامی بەرچاویان لێ دهكهونهوه، کەسادی گەورەی ئابووری [ساڵی 1929] نەک هەر دوورەپەرێزی و ناسیونالیزم و فاشیزم و جەنگی جیهانی دووهەمی لێ کەوتەوە، بەڵکو بوو بە هۆی ڕێککەوتنی نوێ یان نیودیل [واتا ئەو بنەما سیاسی و ئابوورییانە، کە ڕۆزڤێڵت، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا، جەختی لەسەر دەکردنەوە و ئامانجەکەیان بریتی بوو لە زیندووکردنەوەی ئابووری و سیاسەتی ئەورووپا]، سەرهەڵدانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک زلهێزێکی جیهانی و لە کۆتاییدا ڕاماڵین و سڕینەوەی کلۆنیالیزم، بهرئەنجامی هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەری ساڵی 2011، بریتی بوو لە دوو دەستێوەردانی ناسەرکەوتووی ئەمریکا، سەرهەڵدانی ئێران و دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی توندڕهویی ئیسلامی.
قەیرانی دارایی ساڵی 2008 پەرەی دا بە پۆپۆلیزمی دژەڕەگەزی، کە ئەویش بوو بەهۆی جێگۆڕکێی ڕابهران لە جیهاندا. مێژوونووسانی داهاتوو لە ئاستێکی بەرفراواندا، کاریگەرییەکانی پەتای ئێستای کۆرۆنا دەخەنە ڕوو. گرنگ ئەوەیە ئێمە پێشتر ڕووداوەکان پێشبینیی بکەین.
لە ئێستا دیارە بۆچی هەندێك لە وڵاتان، بە شێوەیەکی باشتر ڕووبەڕووی کۆرۆنا بوونەتەوە و هەندێ هۆکار هەن بۆ ئەوەی بڕوامان وابێت ئەو ڕەوتە بەردەوام دەبێت. ئەمە پەیوەندی بە جۆر یان فۆرمی دەسەڵات یان حکومەتەکانەوە نییە. هەندێك لە وڵاتانی دیموکراتی هەنگاوی باشییان هەڵگرتووە، بەڵام هەندێکی تر باش نەبوون، ئەوە سەبارەت بە حکومەتە سەرەڕۆ و ملهۆڕەکانیش ڕاستە.
ئەو فاکتەرانەی، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکەوتوانە لەگەڵ کۆرۆنادا ڕۆڵ دەگێڕن بریتین لە: توانای دەوڵەت، متمانەی کۆمەڵایەتی و ڕابەرایەتی.
ئەو وڵاتانەی کە خاوەن ئەو سێ فاکتەرەن- واتا خاوەن حکومەتێکی لێهاتوون، کە متمانەی هاوڵاتیانی لە پشتە و گوێیان لێ دەگرن و هەروەها خاوەن ڕابەری بەتوانان- توانیویانە بە باشی ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە و ڕێژەی زیانهكان کەم بکەنەوە. بەڵام ئەو وڵاتانەی خاوەن حکومەتی ناکارامە و پەککەوتوو، کۆمەڵگەی دابەشبوو و چەند جەمسەری و ڕابەری لاوازن، زۆر بە خراپی جووڵاونەتەوە و هاوڵاتیان و ئابووریی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە.
هەرچی زانیارییەکانمان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەبێت، زیاتر دڵنیا دەبینەوە، کە ئەگەری ئەوە زۆرە، ئەو قەیرانە درێژتر ببێتەوە و بۆ چەندین ساڵ -نەک چەندین وەرز- بەردەوام بێت. وا دیارە ئاستی کوشندەیی ڤایرۆسەکە کەمتر لەوەیە، کە سەرەتا لێی دەترساین، بەڵام بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و زۆرجار هیچ نیشانەیەک لە جەستەی تووشبووان دەر ناکەوێت.
فایرۆسی ئیبۆلا کوشندەتر بوو، بەڵام بەو خێراییە بڵاو نەدەبووەوە. تووشبووانی ئیبۆلا خێرا دەمردن، پێش ئەوەی دهرفهتی گواستنهوهی ڤایرۆسهكهیان بۆ كهسانی تر، بۆ بڕهخسێت، کۆرۆنا پێچەوانەی ڤایرۆسی ئیبولایه، ئەمە بهو مانایه دێت، خەڵک بەو جۆرەی، کە پێویستە بە جدی وەری ناگرن، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی زیاتری بین لە جیهاندا و ئەوەش دەبێتە هۆی مردنی زیاتری خەڵک. ناتوانین چرکە ساتێک دیاری بکەین بۆ ئەوەی وڵاتان سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر ئەو نەخۆشییەدا ڕابگەیەنن. بەپێچەوانەوە لە ئێستادا ئابوورییەکان هێدی هێدی دەکرێنەوە و لەگەڵ شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسەکەدا دادەخرێنەوە، هیواخواستن بۆ ئاسایی بوونەوەی جیهان بە خێرایی زۆر گەشبینانەیە. ئەستەمە ئابووری جیهانی بەم خێراییە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش کۆرۆنا.
لە ڕووی ئابوورییەوە، قەیرانێکی دوورودرێژ بە واتای داکشانی زیاتری بازرگانی و لە ناوچوونی هەندێ کەرت دێت، لەوانە ناوەندەکانی کڕین و مۆڵەکان، فرۆشگا زنجیرەییەکان، هەروەها کەرتی گەشتیاری. بۆ ماوەی چەند دەیە، ڕێژەی چەقبوونەوەی بازار لە ئابووری ئەمریکا ڕووی لە هەڵکشان بوو، کۆرۆنا زیاتر پەرە بەو ڕەوتە دەدات. تەنیا کۆمپانیا گەورە دەوڵەمەندەکان دەتوانن لەو قەیرانە خۆیان دەرباز بکەن، ڕێژەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرنگتر دەبن، دێوەکانی تەکنۆلۆژیا، گەورەتر و گەورەتر دەبن.
بهرئەنجام و لێکەوتە سیاسییەکان تاڵتر و ناخۆشترن دەبن. دەکرێ بۆ ماوەیەک داوا لە خەڵک بکرێت لەخۆبردوو بن، بەڵام ئەوە بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت. پەتایەکی درێژخایەن هاوکات لەگەڵ بێکاری، داکشانی ئابووری درێژخایەن، کەمبوونەوەی دارایی، باری قورسی قەرزداری بە ناچار، دەبێتە کێشەیەکی سیاسی، ئەگەرچی هێشتا دیار نییە ئەو کێشەیە ڕووی لە کێیە.
هاوسەنگی هێزی جیهانی بە قازانجی وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەشکێتەوە، چونکە ئاسیای ڕۆژهەڵات لە کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەری ئەو قەیرانەدا سەرکەوتووتر بووە. سەرەڕای ئەوەی چین سەرچاوەی نەخۆشییەکە بوو، سەرەتا پەکین حاشای لێ کرد، ڕێگای خۆش کرد بۆ بڵاوبوونەوەی، بەڵام ئەو وڵاتە توانی لانیکەم بە شێوەی ڕێژەیی لە دڵی ئەو قەیرانە دەرفەت بخولقێنێ، سوودی لێ وەربگرێت. بەو جۆرەی، کە بینیمان دەوڵەتانی تریش، کە سەرەتا بە لاوازی بەرەوڕووی بوونەوە و هەوڵیان دا حاشای لێ بکەن، هاوڵاتیانی خۆیان بەشێوەیەکی ئاشکراتر خستە بەردهم مەترسییەوە. لانیکەم پەکین توانیویەتی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، خۆی ئامادەی قۆناغی دواتر بکات، بەخێرایی سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ئابووری خۆی.
”ئەگەر کۆرۆنا بۆ ماوەی چەند ساڵ بەردەوام بێت، ئەوا دەتوانێت ببێت بە هۆی داکشانی ڕێژەیی هێزی ئەمریکا، بەردەوامبوونی ڕەوتی پووکانەوەی سیستەمی لیبراڵی نێودەوڵەتی و هەستانەوەی فاشیزم لە هەموو جیهاندا”.
بەڵام وەڵامی ئەمریکا بۆ ئەو قەیرانە زۆر خراپ بوو، پێگە و ڕەواڵەتی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا زۆر داشکا، ئەمریکا تواناییەکی زۆری هەیە، ئەزموونێکی دوور و درێژی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکانی پەتادا، بەڵام کۆمەڵگەی دابەشبوو و چەند جەمسەری ئێستا و ڕابەری لێنەهاتوو، ڕێگرن لەوەی حکومەت بە باشی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. سەرۆک کۆمار لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بۆ یەکانگیری و یەکڕیزی بدات، دابەشکردنی یارمەتییەکانی سیاسی کردەوە، وێرای ئەوەی پشتیوانی لە ناڕازییەکان کرد، بەرپرسیاریەتییە سەرەکییەکانی حاكمی ویلایەتەکانی به ئەستۆی خۆی گرت، لە جیاتی ئەوەی سەرنج له ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدات، هێرشی کردە سەریان. جیهان دەتوانێ هاوکات، کە لە سەرپێوە تەماشای تەلەڤزیۆن دەکات، بەئاشکرا ئەو دۆخە لەگەڵ چین بەراورد بکات.
ئەگەر کۆرۆنا بۆ ماوەی چەند ساڵ بەردەوام بێت، ئەوا دەتوانێت ببێت بە هۆی داکشانی ڕێژەیی هێزی ئەمریکا، بەردەوامبوونی ڕەوتی پووکانەوەی سیستەمی لیبراڵی نێودەوڵەتی و هەستانەوەی فاشیزم لە هەموو جیهاندا. بەپێچەوانەوە دەیشتوانێت ببێت بە هۆی لەداییکبوونەوەی لیبراڵ دیموکراسی، واتا ئەو سیستەمەی کە چەندین جار بەد گومانەکانی تووشی سەرسووڕمان کردووە، نیشانی داوە توانایەکی بەرچاوی هەیە، لە خۆڕاگری و نوێبوونەوەدا. نیشانەکانی هەر دوو ڕەوتەکە لە شوێنە جیاوازەکاندا خۆیان دەرخستووە. مخابن ئەگەر ئەو رەوتەی ئێستا بەردەوام بێت و گۆڕانکارییەک بەخۆیەوە نەبینێت، پێش بینی داهاتوویەکی تاریکتر دەکرێت.
سەرهەڵدانەوەی فاشیزم؟
دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەو داهاتووە وێنا بکەین. نەتەوەخوازی، دوورەپەرێزێ و ترس لە “ئەوانی تر” (Xenophobia) ئەو دیاردانەن، کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە و پەتای کۆرۆنا دەتوانێ پەرەیان پێ بدات. دەسەڵاتدارانی فیلیپین و مەجارستان، لەو قەیرانە کەڵکییان وەرگرت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بەرفراوان بکەن و لە دیموکراسی دوور بکەونەوە. هەندێکی تر لە وڵاتان و لەوانە چین، سلڤادۆر و ئوگهندا هەمان ڕێگایان پێوا. ڕێگر و بەربەستەکانی هاتوچۆی خەڵک، لە هەموو شوێنێک و لەوانە لە ناوەندی ئەوروپا خۆیان دەرخستووە. وڵاتان لە جیاتی هاریکاری سازندە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان، خۆیان لەسەرەوەی هەموو شتێک داناوە، لە لاوازی ڕکابەرەکانییان بە قازانجی خۆیان، كهڵكییان وهرگرتووه.
سەرهەڵدانی ناسیوناڵیزم دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکی و ململانێی نێودەوڵەتی. ئەگەری ئەوە هەیە ڕابەرانی وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزاییە نێوخۆییەکان، دەست بدەنە شەڕ لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی یان لەوانەیە لە لاوازی ناڕازییان، بۆ تێکدانی ئامانجەکانیان یان شێواندنی ڕاستییەکان، كهڵك لهو پهتایه وهربگرن. سەرەڕای ئەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سەقامگیری سەرچاوەگرتوو لە هێزی چەکە ناوکییەکان و ئەو کێشە و گرفتە هاوبەشانەی کە لە بەردەم هەموو ئەکتەرە سەرەکییەکان هەن، ئەگەری ئەوە هەیە نائارامی و شەپۆلە نێوخۆیەکان، لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان زیاتر بن.
ئەو وڵاتە هەژارانەی، کە خاوەن چەندین گەورە شاری قەرەباڵغ و سیستەمی تەندروستی گشتیی لاوازن، زیاتر لە هەمووان تووشی زیان و خەسار دەبن. نەک لەبەرچاوگرتنی ڕێکاری مەودا یان دابڕانی کۆمەڵایەتی، بەڵکو تەنانەت هەندێ ڕێکاری ئاسان وەک دەستشۆردن لەو وڵاتانەی، کە هاوڵاتیانیان ئاوی خاوێنیان لەبەردەستدا نییە، ئێجگار دژوارە.
لێرەدا، دەوڵەتەکانیش لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگاچارە، لە ڕێگای داڕشتنی هەندێ گەڵاڵە یان پەرەپێدان بە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان، یاخود لاوازکردنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی دۆخەکەیان خراپتر کردووە. بۆ نموونە، دەوڵەتی هیند بە ڕاگەیاندنی لەناکاوی قەدەغەی هاتوچوو و کەرەنتینەی گشتیی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەیان ملیۆن کرێکاری کۆچەر، کە لە گەورەشارەکاندا کۆ دەبنەوە، بووە به هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە، چونکە دواجار زۆرێک لەو کرێکارانە ڕوویان لە گوندەکانیان کردەوە و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. کاتێك دەوڵەت هەمدیسان ڕێگری لە هاتوچوو كرد، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بێکار و بێ سەرپەنا لە شارەکان فهرامۆش کران.
کۆچەری، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانێکی نوێیە کە تا ئێستا لە باشووری جیهاندا، هێدی هێدی پەرەی گرتبوو. ئەم پەتایە، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتانەی، کە لە حاڵی گەشەسەندندان بەرەو قەیرانی داهات و بژێوی دەبات. ئەم قەیرانە بووە هۆی نائۆمێدی سەدان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتانەی، کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، لە ڕەوتی گەشەی ئابووری بەردەوام سودمهند بووبوون. ئەگەر ئەم رەوتەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەردەوام بێت، تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک پەرەدەستێنێ و بەپێی فۆرمولێکی کلاسیک، لە لایەکەوە ڕەوتی زۆربوونی کێشەکان و لەلایەکی ترەوە ڕەوتی چاوەڕوانی ڕوو لە هەڵکشانی خەڵک دەبێتە هۆی ڕاپەڕین.
ئەوانەی بێ هیوان بڕیار دەدەن لە زێدی خۆیان کۆچ بکەن، ڕابهرە چەواشەکارەکان کەڵکی نابەجێ لە هێز وەردەگرن، سیاسەتوانە گەندەڵەکان لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی تا لە توانایاندایە و بۆیان دەکرێ بدزن، زۆرێك لە حکومەتەکان دادەخرێن یان هەرەس دێنن. هاوکات، شەپۆلێکی نوێی كۆچبهران و پەنابەران لە باشووری جیهانەوە بەرەو باکوور سەر هەڵدەداتەوە، ئەمجارە کەمتر بە هانایانەوە دەچن و زیاتر ڕووبەڕوویان دەبنەوە، چونکە ئێستا بەشێوەیەکی باشتر دەکرێ ئەو پەنابەرانە، وەک سەرچاوەی نەخۆشی و پشێوی پێناسە بکرێن.
ئەنجامەکان و لێکەوتە نەخوازراوەکان لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەون. پەتاکانی ڕابردوو، لەبەر ئەو ترس و نیگەرانییەی کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن درووستیان دەکرد، دەبوونە هۆی پەرەسەندنی ڕوانگە ئاخر زەمانییەکان و سەرهەڵدانی پارت و دەستە و ڕێبازە ئایینییە نوێیەکان. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین فاشیزم یەکێک لەو ڕێبازانە بوو، کە سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە بۆ توندوتیژیی و لێکەوتەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی. تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لە هەندێ ناوچە و لەوانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان سەند، واتا ئەو شوێنەی، کە زۆرێک لە خەڵکی ئاسایی هیچ جۆرە هێزێکییان نەبوو و هەستییان دەکرد هیچ جۆرە ڕۆڵێک ناگێڕن.
ئەمڕۆکە ئەوە لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان پەرەی سەندووە و هەروەها، لە سایەسەری ئەو کەشوهەوای کە میدیای سەربزێو و سەرکێش لە هەموو دونیا خولقاندوویەتی، بە هۆی ڕەنجی زۆری سەرشانی خهڵكەوە، ئەگەری زۆرە دەرفەت بۆ چەواشەکاری و خەڵک خەڵەتێنی بڕەخسێت.
یاندیموکراسیپاشڤەڕۆ؟
سەرەڕای ئەوەش، هەر بەو جۆرەی کە کەسادی گەورەی ئابووریی [ساڵی ١٩٢٩] هەم فاشیزمی لێکەوتەوە و هەم بووە به هۆی هێزگرتنی لیبراڵ دیموکراسی، لەوانەیە ئەو پەتایەی ئێستاش هەندێ بهرئەنجامی سیاسی پۆزەتیڤی هەبێت. زۆر جار ئەم جۆرە شۆکە دەرەکییانە ڕوویان داوە بۆ ئەوەی سیستەمە سیاسییە داخراوەکان لەو دۆخە دەرباز بکەن. دەرفەت بۆ چاکسازی هەمەلایەنەی درێژخایەن بخولقێنن، لەوانەیە لانیکەم لە هەندێ ناوچەدا، ئەم مۆدیلە دووبارە ڕۆڵی خۆی بگێڕێتەوە.
بە کردەوە دەرکەوتووە کە پەتای کۆرۆنا لە قازانجی تەجروبە و پسپۆڕیدایە. چەواشەکاری و لێنەهاتووییەکان بەخێرایی دەردەکەون. ئەمە لە کۆتاییدا دەبێ کارییەگەرییەکی پۆزەتیڤی هەبێت و ئەو سیاسەتوان و حکومەتانەی، کە هەنگاوی باشییان ناوە خەڵات بکرێن، ئەوانەی بە لاوازی هەڵسوکەوتییان کردووە سزا بدرێن. جایر بوسۆنارۆ لە برازیل، کە لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی وڵاتی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، هەوڵی دا قەیرانەکە بە لاڕێدا ببات و ئێستا سەرگەردانە و هەوڵی ڕێگری کردن لە کارەساتێکی تەندروستی دەدا.
ڤلادیمیر پۆتین لە ڕووسیا، سەرەتا هەوڵی دا گرنگییەکی ئەوتۆ بەو نەخۆشییە نەدات، پاشان بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ڕوسیا ئەو نەخۆشییە کۆنتڕۆڵ کردووە و هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەموو وڵات، دووبارە هەڵوێستی خۆی گۆڕی. هەر پێش سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە پۆتین قورسایی جارانی نەمابوو، لەوانەیە ئەم قەیرانە بە یهکجاری لاوازی بکات، لە ناو هاوڵاتیانی روسیا پێگهی وهك جاران نەمێنێت.
ئەم پەتایە تیشکی خستووەتە سەر هەموو دام و دەزگاکان لە هەموو شوێنێک و کەموکوڕییەکان و لاوازییەکان دەر دەخات. کەلێنی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران (هەم خەڵک و هەم دەوڵەتەکان) زیاتر دەبێت، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو پەتایە قەیرانی ئابووری قووڵتر دەبێتەوە. بەڵام لە پاڵ کێشە و گرفتەکاندا، ئەو قەیرانە تواناکانی دەوڵەتیشی بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە هاوبەشەکان نیشان داوە.
هەستی درێژخایەنی “پێکەوەی تەنیا” (alone together) [چەمکێکی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و مانای ئەوەیە، کە تاکەکان هاوکات کە لە نێو خەڵکان هەست بە تەنیایی دەکەن و لێرەدا ئاماژەیە بۆ دۆخی کەرەنتینە و ڕێوشوێنەکانی پەیوەندیدار بە پەتای کۆرۆنا کە ئەو هەستەی درووست کردووە] دواجار دەتوانێ ببێتە هۆی پتەوبوونەوەی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و پاڵنەرێک بۆ پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکان. ڕێک بەو جۆرەی، کە خەمۆکی و نەهامەتییە هاوبەشە نیشتمانییەکانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی پاڵنەری گەشەی ئابووریی و خۆشبژیویی بوون لە دوو دەیەی 1920 و 1930دا.
لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی شێوازە توندەکانی لیبراڵیزمی نوێ، واتا ئایدۆلۆژیای بازاڕ ئازاد، کە لە لایەن هەندێ ئابووریناسی زانکۆی شیکاگۆ و لەوانە گری بەک، میلتۆن فریدمەن و جۆرج ستیگلێر هاتە ئاراوە، پشوویەک بدەن. لە دەیەی 1980دا، قوتابخانەی شیکاگۆ پاساوێکی ڕۆشنبیرانەی بۆ سیاسەتەکانی ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆکی ئهوكاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها مارگارت تاچەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا خستەڕوو، دەوڵەتی گەورە و بێ پرس و ڕایی بە ڕێگرێک دەزانی، بۆ گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی مرۆڤ.
لەو سەردەمەدا هۆکاری باش هەبوون بۆ ئەوەی زۆرێک لە شێوازەکانی خاوەندارێتی و یاسا و ڕێسای حکومەتی کەم ببنەوە و ولا بنرێن. بەڵام ئەو جۆرە بەڵگەهێنانەوانە لە ئەنجامدا خۆیان لە فۆرمی ڕێبازێکی ئایینی ئازادیگەرایی ڕووکەشی دەرخست، ئەوە بوو بە هۆی دوژمنایەتی نەوەیەک لە ڕۆشنبیرانی کۆنەپارێز یان کۆنزهرڤاتیف، بە تایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ حکومەتدا.
بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی هەڵوێستە بەهێزەکانی دەوڵەت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی پەتای کۆرۆنادا، بەو جۆرەی، کە ڕیگان لە یەکەمین لێدوانی خۆی، لە مەراسیمی هاتنە سەرکاری وەک سەرۆک کۆمار وتی، ئەستەمە ئێستا بتوانین بڵێین “دەوڵەت نەک ڕێگاچارە نییە، بەڵکو خۆی کێشەیە”. هیچ کەس ناتوانێ گرەو لەسەر ئەوە بکات، کە کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستانەکان دەتوانن لە ساتە هەستیارەکانی وڵاتدا جێگای حکومەتە لێهاتووەکان بگرنەوە.
ئەم پەتایە تاقیکردنەوەی سترێسی سیاسیی جیهانە
لە مانگی ئهپرل، جەک دۆرسێی، بەڕێوەبەری تویتەر، ڕایگەیاند، وەک هەڵوێستێکی خۆخوازانە، بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی پهتای كۆرۆنا، بڕی یەک میلیار دۆلار یارمەتی دهدات. هەر لەو مانگەدا، کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕی 2.3 تریلیۆن دۆلاری بۆ پاراستنی کار و بازرگانی و ژیانی ئەو کەسانەی، کە لەبەر ئەو نەخۆشییە خەساریان بەر کەوتووە، تەرخان کرد. لەوانەیە ناڕازیانی کەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچوو، دژایەتییەکان لەگەڵ دەوڵەت داپۆشن، بەڵام سەرەڕای ئەوە، ڕاپرسییەکان نیشاندەری ئەوەن، زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەمریکا، بە ڕێنوێنییەکانی کاربهدهستانی تەندروستی حکومەت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە متمانهیان ههیه. ئەوە دەتوانێ ببێتە هۆی پشتیوانی لە دەستێوەردانی دەوڵەت، لە پرسە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەم قەیرانە دەتوانێ پەرە بدات بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان. لە کاتێکدا ڕابەرانی وڵاتان گاڵتە بەو ڕەوتە دەکەن، زانایان و بیرمەندان و بەرپرسانی تەندروستی گشتی لە هەموو جیهان، سەرقاڵی دروستکردنی تۆڕ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی خۆیانن. ئەگەر هاوکاری نەکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەنجامی کارەساتباری لێ بکەوێتەوە، وەک شکستێک سهیر بكرێت، لە قۆناغی پاش ئەوەدا دەتوانین بینەری بەڵێنێکی چەند لایەنە بین، لە ئاراستەی هەوڵدان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
بێ هیوا مەبن
ئەم پەتایە تاقیکردنەوەی سترێسی سیاسیی جیهانە؛ ئەو وڵاتانەی حکومەتی بەتوانان و دەسەڵاتەکەیان ڕەوایی هەیە، دۆخێکی باشتریان دەبێت و لەوانەیە دەست بدەنە هەندێ چاکسازی کە تەنانەت ببێتە هۆی بەهێزبوونەوەیان، بەمجۆرە لە داهاتوودا کاروباری خۆیان بە شێوەیەکی باشتر جێبەجێ بکەن. ئەو وڵاتانەی کە خاوەن حکومەت یان ڕابەری لاوازن، ئەگەر تووشی هەژاری و ناسەقامگیری نەبن، تووشی داکشان دەبن. کێشە ئەوەیە، کە حکومەتە لێنەهاتووەکان زۆر زیاترن لە لێهاتووەکان.
مخابن ئاستی ئەم تاقیکاریی سترێسە بە ڕادەیەک لەسەرەوەیە، دژوار بووە، لەوانەیە ژمارەیەکی زۆر کەم لە دەوڵەتان بە سەرکەوتوویی تێی پەڕێنن. وڵاتان بە مەبەستی سەرکەوتن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی قەیراندا، بهدهستهێنان و پێكهێنانی متمانه، هەم پێویستییان بە حکومەتی توانا و سەرچاوەی پێویست هەیە، هەم بە یەکڕیزی و هاودەنگی کۆمەڵایەتی زۆر و ڕابەرایەتی شیاو و لێهاتوو. کوریای باکور و ئەڵمانیای ئهنجێلا مرکێڵ دوو نموونەن لەو وڵاتە سەرکەوتووانەن، کە چارەسەرکردنی ئەو پەتایەیان سپاردووە بە کەرتی تەندروستی پێشکەوتووی خۆیان. بەڵام زۆربەی دەوڵەتان کەوتوونەتە داوی ئەم یان ئەو ڕێگاچارە، لەبەر ئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی پاشماوەی قەیرانەکەیش دژوارە، لەوانەیە ئەم ڕێگەچارە جیاوازانە بەردەوام بن، ئەوهش وا دەکات کە بە نیسبەت داهاتوو زۆر گەشبین نەبین.
هۆکارێکی تری ڕەشبینی ئەوەیە، سیناریۆ پۆزەتیڤەکان پێویستییان بە جۆرێ دیسکۆرس و وێژمانی ئاوەزمەندانەی گشتی و فێربوونی کۆمەڵایەتی هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەمڕۆ بەراورد به ڕابردوو، واتا ئەو کاتەی، کە نوخبەکان دەسەڵاتی زیاتریان ههبوو، پەیوەندی نێوان پسپۆڕیی تەکنۆکراتیک و سیاسەتە گشتییەکان لاوازترە. بە دیموکراسی کردنی دەسەڵات بە یارمەتی شۆڕشی دیجیتاڵ، بووەتە هۆی هاوئاستبوونی ڕیزبەندی مەعریفی لەگەڵ ڕیزبەندییەکانی تر، ئێستا بڕیارە سیاسییەکان لە لایەن دەسەڵاتخوازەوە لێنەهاتووەکانەوە دەر دەکرێن. ئەوە ژینگەیەکی نهگونجاوە بۆ خۆتاقیکردنەوەیەکی سازندەی بە کۆمەڵ، لەوانەیە هەندێ لە سیاسەتەکان لە جیاتی ئەوەی چارەسەری دۆخەکە بکەن، تەنیا وەک پیشنیار و ڕێگاچارەیەکی نالۆژیکی بمێننەوە.
لەم نێوەدا گەورەترین بگۆڕ یان فاکتەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەوە چارەڕەشی بێوێنەی ئەو وڵاتە بوو، کە لە کاتی کۆرۆنادا بێ قابلیەت ترین و ئاژاوەگێڕترین ڕابەری بەخۆیەوە بینی، بە هیچ گۆشارێک شێوازی بەڕێوەبەری قەیرانی نەگۆڕی. دۆناڵد ترەمپ کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ شەڕ لەگەڵ ئەو حکومەتەدا، کە سەرۆکایەتی دەکات، توانای ئەوەی نەما ڕێگاچارەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە. ترهمپ بەختەوەری سیاسی خۆی لای گرنگترە، تا یەکڕیزی و یەکانگیری نیشتمانی، بۆ قووڵترکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان، كهڵك له قهیرانهكان وهردهگرێت. سەرنەکەوتنی ئەمریکا هۆکاری زۆری هەیە، بەڵام بێگومان، ڕابەرایەتی لێنەهاتوو و نەشیاو، لە کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی قەیرانی پەتای کۆرۆنادا، سەرەکیترین هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەمریکایە.
ئەگەر دۆناڵد ترهمپ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤهمبهری داهاتوودا، بۆ جارێکی تر هەڵبژێردرێتەوە، بەخت و ئەگەری زیندووبوونەوەی دیموکراسی یان سیستەمی لیبراڵی جیهانی کاڵ دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەر چی بێت، بە جەمسەربوون و دابەشبوونی جددی ئەمریکا وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە سەردەمی پەتادا ئەستەمە ، پاڵنەر دەبێت بۆ ئەوەی لایەنە شکستخواردووە ناڕازییەکان، ڕەوایی هەڵبژاردنەکان بخهنە ژێر پرسیارهوه. تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکان لە کۆشکی سپی و کۆنگرێس دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، وڵاتێکی سهرچۆككهوتوو بە میرات وەردەگرن، داخوازییەکان دەبنە هۆی قەرزداری و وەستانەوە لە بەرانبەر ناڕازییان. ڕێکخراوە نیشتمانی و جیهانییەکان، پاش ساڵانێک، کە کەڵکی نابەجێیان لێ وەرگیراوە لاواز دەبن، ساڵانێکی زۆری پێویستە تا نوێ بکرێنەوە، هەڵبەت ئەگەر لەبنەڕەتدا بکرێت نوێ ببنەوە.
قۆناغی تراژیدیای قەیرانەکە تێپەڕ دەبێت، جیهان بەرەو قۆناغی کەسادی ئابووریی درێژخایەن مل دەنێت، لە کۆتاییدا هەندێ وڵات خێرا و هەندێ وڵاتی تر درەنگتر لەو کەسادییە ڕزگارییان دەبێت. بە گشتی، ئهوه دووره، كه جیهان بکەوێتە ناو ململانێ و پێکدادانی توندوتیژییانە. هەم دیموکراسی، هەم سەرمایەداری، هەم ئەمریکا، هەموویان پێشتر ئەوەیان سەلماندووە، کە توانای گۆڕانکاری و خۆگونجاندنییان لەگەڵ هەلومەرجە جیاوازەکان هەیە. ئێستا پێویستییان بە ئەفسوون و سێحرێکی ترە.
فرانسیس فۆکۆیاما
سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com/articles/world/2020-06-09/pandemic-and-political-order