گفتوگۆ-هەڵگورد مەسعود
د. ئەردەلان محەمەد لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت دەڵێت: بڕینى بەشە بودجە و موچەى هەرێمى کوردستان، پشتى بە بڕیارێکى کارگێڕى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەست نەک دەستور. بڕیارەکانی بەغدا دژ بە هەرێم رەهەندی یاسایی نییە و سیاسییە.
سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغدا رایوایە، کێشەکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا بەتایبەت دەربارەى بەرهەمهێنانى نەوت و بودجە، زیاتر بۆتە کێشەیەکى کەسی. ئەمە وایکردووە ڕیککەوتن لەگەڵ بەغدا زەحمەت بێت.
نوچە: لە کۆتایی ۲۰۱٤ بودجە و موچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدرا، هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارەی بەغدای بە بڕیارێکى نایاسایی و نادەستوری ناوبرد، ئەوەی گرنگە لای خەڵک و میدیای کوردى بەپێی کام ماددەی یاسایی و دەستووری عێراق، بەغدا پێشێلی دەستوری کردووە؟
د. ئەردەلان محەمەد: بەغدا کە بەشە بودجەى کوردستانی بڕی لە ٢٠١٤ ، تەنیا پشتی بە بڕیارێکی کارگێرى سەرۆک وەزیرانی ئەوکات (نورى مالیکى) بەست، بۆیە نە دەستوری عێراق و نە یاساى بودجەى ئەوکات مافى بە سەرۆک وەزیرانی عێراق نەدەدا ئەم کارە ئەنجام بدات، ئەوەش بە دانپێدانانى سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنى وەزیران.
لە سەرەتاى دەستپێکردنى خولى سێیەمى پەرلەمانى عێراق، کە لە (١/ ٧ / ٢٠١٤) دەست بەکاربووین، لە بەیاننامەیەکى بەندە سەبارەت بە بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بوو لە نێو هۆڵى پەرلەمان پێشکەشمان کرد، بە نوسراوێکی ئەنجومەنى نوێنەرانیش بە شێوەى پرسیار ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیرانمان کرد، وەڵامى ئەوان دانپێدانان بوو بەوەى کە بڕیارەکە بڕیارێکى کارگێریە و پشتى نە بەستووە بە دەستور و یاساى بودجە، بەڵکو بەهۆى ناکۆکى نێوان هەرێم و بەغدا لە بابەتى وەبەرهێنان لە نەوتى هەرێمى کوردستان دەرچووە، بۆ زیاتر ڕوون کردنەوەش وێنەى بەیاننامەکە و وەڵامى ئەنجومەنى وەزیرانتان بۆ هاوپێچ دەکەم. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بەغدا لە ساڵانی ڕابردوو نزیکەى (٥٥) ماددەى دەستوری پێشێلکردووە، کە بەشێکى زۆریان تایبەتمەندن بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا.
نوچە: لەسەردەمی نوری مالیکی بودجەی هەرێمی کوردستان رِاگیرا، دەبینین لەسەردەمی عەبادیش ئەم سیاسەتە درێژەی هەبوو لەگەڵ ئەوەی شەڕی داعش بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتبوو، لە هەمانکاتدا نرخی نەوت دابەزی و هاتنی پەنابەرانیش لەلایەک، ئێوە کە لەسەردەمی عەبادی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوون، نوری مالیکی و عەبادی لە بڕیارى نەناردنی بوجە بۆ هەرێمی کورستان پشتیان بەچی دەبەست؟
د. ئەردەلان محەمەد: راستە لە سەردەمى عەبادى، بڕینی بەشە بودجەى کوردستان درێژەی هەبوو، بەڵام ئەم جارە هۆکار و ئامرازی بڕینەکە جیا بوو، لە سەرەتاى دەست بەکاربوونى عەبادى وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەرێمى کوردستان هەوڵى گەیشتن بە چارەسەرێکى دا لە گەڵ بەغدا بە تایبەت بۆ کێشەکانى نەوت و غاز و بودجە، بەڵام نیمچە رێککەوتنێک ئەنجامدرا و دەقى رێککەوتنەکە بوو بە چەند ماددەیەکى یاسایی لە نێو یاساى بودجەى عێراق، یاساکە شەرعیەتى دایە حکومەتى بەغدا کە هەرکاتێک حکومەتى کوردستان پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکە، کە بریتى بوو لە ناردنى (٢٥٠) هەزار بەرمیل لە ڕێگەى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى، ئەوە حکومەتى بەغدا مافى دەبێت بەشە بودجەى کوردستان ببڕێت، بۆیە لەم کاتەوە تاکو ئێستا هەمان ڕێککەوتن بۆتە ماددەیەکى یاسایی لە نێو گشت یاساکانى بودجەى عێراق.
نوچە: بۆچی لەسەردەمی کابینەی عادل عەبدولمەهدی مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێردرا، بەڵام لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی، دیسان بەغدا ناردنی موچەی هەرێمی ڕاگرت؟
د. ئەردەلان محەمەد: لە سەردەمى عادل عەبدولمەهدى جەخت لەسەر هەمان ڕێککەوتنى پێشوو کرایەوە و ڕێککەوتنەکە رٍێککەوتنێکى ناوەکى لەگەڵدا بوو، بێ تۆمارکردن کە بریتى بوو لە دەسەڵات دان بە حکوومەتى هەرێم، کە شایستە داراییەکانى ئەو کۆمپانیا بیانیانەى کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان کردووە خەرج بکات لەو بەشەى، کە دەبێتە شایستەى حکومەتى بەغدا، واتە بەغدا بە شێوەى ناراستەوخۆ بەشە بودجەکەى لە هەرێم وەردەگرت و دەیدا بە کۆمپانیا بیانییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە ناوەکی و نهێنییە ئاشکرا نەبوو بۆ ڕاگەیاندنەکان، وە پاش ئەوەى فشارێکى زۆر لە سەر عادل عەبدولمەهدی دروست بوو لە سەرەتاى (٢٠٢٠) ناچار بوو موچەى مانگى شوبات ببڕێت. بێگومان کێشەى بودجەى هەرێمى کوردستان بە پێى کەسایەتییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە لە ساڵانى ڕابردوو، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنیت کە کێشەکان کێشەى دەستوری نین، بەڵکو کەسى و حزبین.
نوچە: لەماوەی هەردوو کابینەی عادل عەبدولمەهدی و ئێستاش کازمی، کەتازە بۆتە سەرۆکی وەزیرانی عێراق، زیاتر لە ۵ جار شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، ئەوەی دەبینین مەرجەکانی بەغدا بۆ ڕێککەوتن لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەرجارێک شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت بە بۆچوونی ئێوە هۆکارەکەی چییە؟
د. ئەردەلان موحەممەد: هۆکارەکانى نەگەیشتن بە رٍێککەوتنێکى ستراتیژیی نێوان هەرێم و بەغدا زۆرن، بەشێکیان پەیوەستە بە بارودۆخى ئابوریی عێراق بە گشتى ودابەزینى نرخى نەوت، بەشێکى تریان نەبوونى لایەنێکى بێ لایەنە لە نێوان هەردوولا، کە بتوانێت بڕیار بدات و هەردوولا پابەند بکات، ئەوە سەرەراى نەبوونى هەژمارێکى تەواو و پەسەند کراو لەسەر داهاتى هەردوولا لە ساڵانى ڕابردوو، نابێت دەمارگیری شیعە بەرامبەر بە کورد لە چارەسەکردن کێشەکان لە یاد بکەین، ئەوان کوردیان خستۆتە نێوەندێک کە نە دەتوانى سەربەخۆ بێت و نە دەشتوانێت لەگەڵ بەغدا بێت، بۆیە حکومەتى هەرێم پێویستە هەرچى زووە بگات بە ڕێککەوتنێکى ستراتیژی لەگەڵ بەغدا، چونکە دواکەوتن لەم بابەتە لە بەرژەوەندى کوردستان نابێت.
نوچە: لە کاتى دروستبوونى کێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت لەسەر مەسەلەى بودجە، هەندێ لە سەرۆک وەزیرەکانى عێراق موچە و بودجە دەنێرن، بەڵام کە سەرۆک وەزیران دەگۆڕدرێ دەبێ دووبارە هەرێمى کوردستان بچێتەوە بۆ بەغدا سەرلەنوێ دانوستاندن بکەوە لەگەڵ کابینەى نوێیدا، ئایا پێدانى مافە داراییەکانى هەرێم دەستورین چۆن سەرۆک وەزیرانێک دەتوانى ناردنى بودجە بۆ کوردستان ڕاگرێ؟ ئایا هەرێمىى کوردستان دەتوانى لە دادگاى فیدڕاڵى سکاڵا تۆمار بکات لەسەر ئەم پرسە، ئەگەر دادگا بڕیارى لە بەرژەوەندى هەرێم دا، دەتوانێ حکومەتى عێراق پابەند بکات بە ناردنى بوودجە بۆ هەرێم؟
د. ئەردەلان محەمەد: لە پێشتر ئاماژەمان بەوەدا کە کێشەکان بۆتە کێشەى کەسى و بە گۆڕانى سەرۆک وەزیرانەکان گۆراِنکاری بەسەر ڕێککەوتنەکان دا دێت، بەڵام باشترین چارەسەر دانانى ستراتیژیەتێکى بنەڕەتییە لە نێوان هەردوولا، لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان، کە بە گۆڕینى کەسەکان گۆڕانکاری بەسەردا نەیێت، بۆیە سەرکەوتنێکى گەورە تۆمار دەکرێت بۆ حکومەتى ئێستاى هەرێمى کوردستان ئەگەر بگاتە ئەم ئامانجە، ئەگەر نەکراش حکومەتى هەرێم، ئامانج و جێبەجێکردنى پلانەکانى کابینەکەى ئەستەم دەبێت.
هەروەها حکومەتى هەرێم لە ساڵانى ڕابردوو و تاکو ئێستایش بۆ بابەتى بەشە بودجە پەناى نەبردۆتە بەر دادگاى فیدراڵى، هەرچەندە بەڕاى بەندە دەکرا لە ساڵانى بەر لە ڕێککەوتنى نەوت بگات بە ئەنجامى باش، بەڵام دواى ڕێککەوتنەکە پەنا بردنەبەر دادگا لە بەرژەوەندى کوردستان نابێت، چونکە ڕێژەى دادوەرەکان و نەبوونى متمانەى تەواو بە دادگا و گۆڕینى ڕای دادگاى ئیتحادى، لە پرسەکانى تر لەگەڵ گوڕینى کەسایەتى سەرۆک وەزیرانەکانى عێراق، ئەوەى سەلماندووە، کە حکومەتى کوردستان لە پەنابردن بۆ دادگاى ئیتحادى سود وەرناگرێت.
نوچەنێت: لەچەند ڕۆژى ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، پێتوانییە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، کاریگەری ئەرێنی دەبێ لەسەر ئاراستەى گفتوگۆکان دەربارەى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕێککەوتنی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا؟
د. ئەردەلان محەمەد: سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگە، من چەندین جار داوام کردووە نوسینگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، چۆڵ نەکرێت و بە بەردەوامى یەکێک لە جێگرەکانى سەرۆک یان جێگرانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا بێت، لە هاتووچۆ کردنى لایەنەکان بەردەوام بێت و رێکار و ئەرکى گشت ئەندامانى کوردستان لە پەرلەمانتاران و وەزیرەکان و بریکارەکان و بەرێوەبەرە گشتییەکان، دیارى بکات و رێکیان بخات لە بەرژەوەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆیە پشتگوێخستنی بەغدا و تەنیا سەردانیکردن لە کاتى پێویستدا لە لایەنى سەرۆکایەتیى هەرێم و حکومەت، لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان نابێت، واتە چەند سەردانیکردن زیاتر بکەین پەیوەندییەکان بەهێزتر دەبێت و پێشکەوتنى زیاتر دەبینین.