سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەڵێنەکەی لەساڵیادی پەیمانی لۆزاندا

0

رزگار رەزا چوچانی – سوید

کۆکردنەوەی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی لەلایەن سەرۆک ( نێچیرڤان بارزانی)یەوە، هەنگاوێکی پڕ بایەخ و مێژوویی بوو، پڕ بایەخ بوو لەوەی، رێگەی نەدا تاودانی وتارە رق ئامێزەکانی سیاسییەکان بگوازرێتەوە بۆ ناو پەڕلەمان. رێگەی نەدا لەپەڕلەمان هەستی پەراوێزخستن و تەحەداکردنی یەکتری کورد دروست ببێت.

مێژوویی بوو، کەرێی نەدا لە ساڵیادی ئەو پەیمانەی کوردستانی تیادا دابەشکرا، دابەشبوونی سیاسی لەکوردستان رووبدات، بە پێچەوانەوە لەساڵیادی ئەو دابەشکردنەدا یەکخستنی هەڵوێستی کورد و کۆبونەوەی کوردی لەژێر چەتری یەک سەرۆکایەتیدا راگەیاند.

ئەم رۆژانە ساڵیادی پەیمانی لۆزان بوو، ساڵیادی ئەو پەیمانەی کوردستانی دابەشکرد، چاوەڕوان بووین لەوکاتەدا پەیمانی نیشتیمانی هێزە کوردستانیەکان ببەسترێت، هێڵە سورە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دیاریبکرێت، دابەشبوون و پەرتەوازەبوونی هەڵوێستی کورد حەرام بکرێت.

پێکەوە بۆ وەستانەوە بەڕووی پیلانەکانی دژ بەکوردستان، هێرشەکانی سەر سنورەکانی وڵات، کێشە ئابورییەکان و پەتای کۆرۆنا، تاوسەندنی رووداوەکانی رۆژهەڵات و دەرکەوتنی گۆڕانکاری حەتمی لەناوچەکەدا، لایەنەکانی کوردستان دەست لەناو دەست بڕیار بدەن و ئەرک لە ئەستۆ بگرن.

بەداخەوە لە جێی ئەوە، تەواو بە پێچەوانەوە، وتاری ئاگرینی دژ بەیەکی حزبییەکان تاودرا، لەلایەن خودی کورد خۆیەوە هەڕەشەی دابەشکردنی زیاتری کوردستان کرا لەو دابەشبوونەی لۆزان کردی.

بەو هۆیەوە ترس و نیگەرانی دیسان دڵی دڵسۆزانی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، ترس لەوەی تا ئەمرۆش هێزگەلێکی زۆر هەن ناکۆکی ناوخۆیی کورد بقۆزنەوە، نیگەرانی لەوەی، ساڵیادی پەیامە شومەکانی دابەشکردنی وڵاتیشمان نەبۆتە پەند بۆمان.

بەڵام لەم کاتەشدا جارێکی تر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەکو بەڵێنی دابوو، سەرۆکایەتی وڵاتی کردەوە چەتری کۆکردنەوەی هەمووان، بووەوە هەوێنی یەکبوون، هۆکاری رەواندنی ترس و گۆڕینی بێهیوایی بە هیوا.

لە ساڵیادی ئەو پەیمانەی کوردستانی تیا دابەشکرا، تەحەدای یەکترکردنی کوردی گۆڕی بۆ دەستخستنە ناو دەستی یەکتر، کوردی یەکخستەوە، هانیدان بەسەر ناکۆکییەکاندا زاڵ بن و پێکەوە بن. رێگەی نەدا لەساڵیادی دابەشکردنماندا لەپەڕلەمانی کوردستان دابەشبوون رووبدات و بەرەو دابەشبوونی دیکەمان ببات.

بیری هێناینەوە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکێکی خاوەن بەڵێنە، سەرۆکێک کە بەڵێنی داوە، سەرۆکایەتی بکاتە چەتری کۆکردنەوەی هەموومان، سەرۆکێک کە بەڵێنی داوە دەستبەرداری یەکڕیزیی گەلەکەی نابێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com