پەنابەران و هۆشداری یەکێتی ئەوروپا بۆ یۆنان

0

شلێر سەعید 

گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا، ئادالبێرت یاهنز لەبارەی ئەو لێدوانانەی کە باس لەوە دەکەن تەنها لەمساڵدا، یۆنان ١٠ هەزار کۆچبەری لە دەریای ئیجەدا سنوورداش کردووەتەوە رایگەیاند “یەکێتی ئەوروپا داوا لە بەرپرسانی یۆنان دەکات، پابەندبن بە مافی پەنابەرانەوە”.

ئادالبێرت یاهنز لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا لە وەڵامی پرسیارێکی لە بارەی سنوورداشکردنەوەی ١٠ هەزار کۆچبەر لەلایەن یۆنان-ەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە پاراستنی سنوورە دەرەکییەکان بەرپرسیاریەتی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکەیە، بەڵام پێویستە رەفتارکردن لەگەڵ پەنابەران بەگوێرەی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا بێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی کۆچبەر، لەم بارەوە ڕایگەیاند: لەماوەی پێشوش بەهەمان شێوە چەند وەجبەیەك گەڕێنراونەتەوە لە یۆنان و بابەتی گەڕانەوەی ئەو كۆچبەرانە ڕوونە هەمان هۆكارەكانی پێشووە، كە چیتر ئەوروپا پێشوازی لە كۆچبەران ناكات وەك جاران كۆچبەر وەرناگرێت.

گوتیشی، ئەو كۆچبەرانە تەرد و ڕەفز وەردەگرن بۆیە ئەوانیش پێیان باشە خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان،  ئێستا یەكێتی ئەوروپا بڕێك پارەی دابین كردووە بۆ ئەوانەی خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە، وەك ئەوەی لە یۆنانیش روویدا. 

سۆران ڕەشید ئاماژەی بەوەشكرد، چونكە ئەو پەنابەرانە كەیسەكانیان ڕەتدەكرێتەوە مافی پەنا بەرێتیان پێ نادرَێت، ناچارن بگەڕێنەوە، چونكە كاریان پێ ناكرێت و ژیانیان ناخۆشە لەوێ‌. بە پێی ئەو بەرنامانە لەبەرامبەر ناردنەوەیان 1800 بۆ 3000 یۆریۆیان پێدەدرێت، بۆ دەستپێكردنەوەی ژیانێكی نوێ، چونكە گەر نەشگەڕێنەوە دەبێ لە كەمپەكان بژین ژیانی كەمپەكانیش زۆرسەختە.

چی بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا دێت کە دەگەنە بەریتانیا؟

چالاکان داوا دەکەن ڕێگایەکی سەلامەتتر و یاسایی بۆ کۆچبەران فەراهەمبکرێت، هاوکات جەخت لە سزادانی قاچاخچییەکانیش دەکەنەوە کە بەبێ هیچ مەرجێکی سەلامەتی کۆچبەران دەخەنە ڕێگای مەرگەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنها لە مانگی ئابدا، زیاتر لە 700 کۆچبەر لە نۆکەندی بەریتانیاوە خۆیان گەیاندۆتە ئەم وڵاتە، ئەوە جگە لەوەی نزیکەی هەزار کۆچبەریش لەلایەن هێزەکانی فەرەنساوە ڕێگرییان لێکراوە دەربازی ئاوەکە ببن.

  بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، دەکرێت گۆڕانکاری لە یاساکانی پەنابەرێتی بکرێت بۆئەوەی ڕێگری لە کۆچبەران بکرێت بە نۆکەندی ئینگلیزیدا تێپەڕبن.

چی بەسەر کۆچبەراندا دێت لە نۆکەندی ئینگلیزیدا؟

ئەگەر کۆچبەران لە ئاوی نیشتمانی بەریتانیادا دۆزرانەوە، ئەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبرێن بۆ بەندەرەکانی بەریتانیا. بەڵام ئەگەر لە ئاوە نیودەوڵەتییەکاندا بوون، ئەوە بەریتانیا لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا هەماهەنگی دەکات بۆ ئەوەی بڕیار بدەن لەسەر چارەنوسیان، کە بۆ کوێ دەبرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر وڵاتێک ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردنی تایبەت بە خۆی هەیە.

بەهۆی کەموکورتی درێژی نۆکەندی ئینگلیزی لە نێوان دۆڤەر لە بەریتانیا و کاڵێ لە فەرەنسا، ئاوی نێودەوڵەتی ناکەوێتە نێوانیان، بۆیە هەرکاتێک کۆچبەران لە ئاوەکانی بەریتانیادا گیران و دەستبەسەرکران، ئەوە بە شێوەیەکی کاتی دەبرێنە ناوەندەکانی پێشوازیکردن لەو وڵاتە.

ئایا دەکرێت ئەوان بنێردرێنەوە بۆ فەڕەنسا؟

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، خەڵکی دەتوانێت داوای مافی پەنابەری لە هەر وڵاتێک بکات کە پێی دەگات، بەڵام هیچ شتێک نییە ئەوان ناچار بکات داوای مافی پەنابەرێتی لە یەکەم وڵاتی سەلامەت و سەقامگیر بکەن، کە پێی دەگەن. زۆربەی کۆچبەرانی کورد سەرەتا دەگەنە یۆنان.

بەڵام بەپێی ڕێککەوتننامەی دوبل لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەندامانی یەکێتییەکە ئازادن لەوەی کۆچبەر بگەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتە سەلامەتەی یەکێتی ئەوروپا کە سەرەتا پێی گەشتوون.

داغڵبوون و گەیشتن بە یەکەم وڵاتی ئەوروپی لەڕێگەی زانیاری پەنجەمۆر یاخود بەڵگەنامەی پێشکەشکردنی مافی پەنابەرێتییەوە دەزانرێت.

لە مانگی کانونی دووەمی 2019ەوە، نزیکەی 155 کۆچبەر کە نۆکەندی ئینگلیزییان تێپەڕاندووە گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا. بەمدواییە، پریتی پاتێڵ، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی کە 166 کۆچبەری تر ئامادەکراون بۆ ناردنەوە، هەروەها بەرپرسانی بەریتانیا داوا لە وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپا دەکەن کە 600 کۆچبەری تر وەربگرن.

بەڵام لە 3ی کانونی یەکەمی ئەمساڵەوە بەهۆی جێبەجێکردنی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، چیتر ئەو وڵاتە ناتوانێت ڕێککەوتننامەی دوبلن بەکاربهێنێت بۆ ناردنەوەی کۆچبەران، بۆیە ئەگەر بەریتانیا بیەوێت کۆچبەری زیاتر بنێرێتەوە، پێویستە ڕێککەوتن و دانوستانی نوێ لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا یاخود بە تەنها لەگەڵ وڵاتانی ئەندام ئەنجام بدات.

یاسا و ڕێساکانی داواکردنی مافی پەنابەری لە بەریتانیا چین؟

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی نۆکەندی ئینگلیزی تێدەپەڕێننیەکسەر داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن لە بەریتانیا، ئەوان هیوادەخوازن مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنن، واتە بتوانن بە ئازادی لەوێ بمێننەوە  نیشتەجێ ببن.

بۆ ئەو کارەش، پێویستە ئەوە بسەلمێنن کە چیتر ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان بەهۆی چەوسانەوەی ڕەگەزی، ئاینی، نەتەوەیی یاخود بیرکردنەوەی سیاسی و جێندەری یان مەیلی سێکسی.

ئەو کەسانە دەتوانن دایک و باوکی خۆیان یاخود منداڵی خوار 18 ساڵ لە داواکارییەکەیاندا بنوسن ئەگەر ئەوانیش لە بەریتانیا بوون. بڕیاردانیش لەوەی ئایا داواکارییەکەی گونجاوە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی یاخود نا، ئەوە لە دەستی ئەو کەسەیە کە کار لەسەر کەیسەکەی دەکات. 

ئەوان لێکۆڵینەوە و وردەکاری لە چەند شتێکدا دەکەن، وەک وڵاتی رەسەنی پەناخواز یاخود بەڵگەیەک، کە جیاکاری دژی ئەو کەسە کرابێت لە وڵاتەکەی خۆی. ئەوەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا ئەنجام بدرێت، هەرچەندە زۆربەی پەناخوازان زیاتر لەوە چاوەڕێ دەکەن.

پەناخوازان چ جۆرە هاوکارییەکی دارایی وەردەگرن؟

لە ماوەی ڕاییکردنی مامەڵەی داواکاری مافی پەنابەرێتی، حکومەت خانوو و هەندێک پارەی کەم دەدات بە پەناخوازان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئیش بکەن.

زۆربەی پەناخوازان مافی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، دەبێت لەو شوێنە بژین، کە حکومەت دیاری دەکات. هەروەها زۆرجار بەهۆی نەبوونی خانوو، دەبێت لە شوێنێکی وەک بەشەناوخۆییدا بژین. پێشتر دەیان ڕێکخراوی مرۆیی بواری کۆچکردن ڕەخنەی لە خراپی شوێنی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانیان گرتووە.

هەر پەناخوازێک هەفتانە تەنها 37.75 پاوەند وەردەگرێت، بەڵام پارەکە بۆ هەندێک چینی وەک منداڵ و ژنی دووگیان کەمێک زیاد دەکرێت.

ئەو پەناخوازانەی داواکاری مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە، سودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری تەندروستی و منداڵەکانیشیان دەبێت بچنە قوتابخانەوە.

چی دەبێت ئەگەر داواکارییەکە سەرکەوتوو بوو؟

ئەگەر کەسێک مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنێت، ئەوە خۆی و ئەوانەشی لە کەیسەکەیدا بن دەتوانن بۆ ماوەی پینج ساڵ لە بەریتانیا بمێننەوە. دوای ئەو پێنج ساڵەش، دەتوانن داوای مافی مانەوەی هەتاهەتایی بکەن.

ئەگەر پەناخواز شمولی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی نەکرد، ئەوە دەتوانێت داوای مۆڵەتی مانەوە بکات بە هۆکارێکی مرۆری، واتە بیسەلێمێنت لە وڵاتەکەی خۆی لەژێر هەڕەشەیەکی جددیدایە وەک:

– سزای لەسێدارەدان

– کوشتنی نایاسایی

– ئەشکەنجەدان یاخود مامەڵەیەکی نامرۆڤانە

– هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبێت بەهۆی ناکۆکی چەکداری لە وڵاتەکەی خۆی

ئەو ئەندام خێزانانەی، کە لە بەریتانیاش نین دەتوانن پەیوەندی بکەن بە داواکاری ئەو کەسە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی یاخود پاراستنی مرۆیی.

هەروەها پەناخوازان دەتوانن بە چەند هۆکارێکی تر لە بەریتانیا بمێننەوە، بۆ نمونە، ئەگەر ئەوان کۆچبەرێکی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون و هیچ کەسێکی لەگەڵ نەبوو، یاخود قوربانی بازرگانیکردن بە مافی مرۆڤەوە بوو، بەڵام ئەوەی چەند دەمێننەوە پەیوەندی بە جۆری کەیسەکەیەوە هەیە.

لە ساڵی 2019دا، زیاتر لە 44 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە لە بەریتانیا، نزیکەی 19 هەزار و 500 کەسیان مافی پەنابەرێتی یاخود پاراستنی مرۆیان دراوەتێ، واتە کەیسی نزیکەی 25 هەزار کەسیان ڕەتکراوەتەوە.

ئەگەر حکومەتی بەریتانیا مافی پەنابەرێتی یاخود پاراستنی مرۆیی نەدا بە پەناخوازان، ئەو داوا لەو کەسە دەکرێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، جا بە خۆبەخشانە بێت یان بە زۆر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com