ئەسعەد مورادی
ئەندامێکى لیژنەى دارایى و ئابووریى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، چونکە ئەو بڕە پارەیەى بەغدا رەوانەى دەکات بەشى بودجە ناکات.
لە رۆژی 15-08-2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنێکیان ئەنجامدا و لە راگەیێندراوێک لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش “لەسەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن و بڕیاردرا بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمەوە راگەیاند: پێویستە شاندى دانوستاندکارى هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێداگرى بکەن بۆ زیادکردنى ئەو بڕە پارەیەى کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمى کوردستانى رەوانە دەکات، چونکە ئەو 320 ملیار دینارە تەنیا بەشى موچەى فەرمانبەران ناکات، ئەمە جگە لە بودجەى بەکارخستن و خەرجییەکانى حکومەت.
شیروان میرزا دەشڵێت “شاندى دانوستاندکارى هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێویستە بەر لەوەى پشکى کورد جێگیر بکرێت، گفتوگۆى لە بارەوە بکەن و هەوڵ بدرێت پشکى هەرێمى کوردستان زیاد بکرێت، بە جۆرێک کە شایستەى هەرێمی کوردستان بێت”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەى بە ئەوەش کرد، مانگانە لەبەرامبەر رادەستکردنەوەى نیوەى داهاتى دەروازە سنورییەکانى هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە رەوانەى هەرێم دەکرێت، بەڵام دەکرێ رێککەوتنێکى باشتر لەو رێککەوتنەى ئێستا بکرێت بۆ زیادکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراقدا، ئەمەش پێویستى بە رێککەوتنێکى نوێ هەیە”.