نوچەنێت
پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەران بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
رۆژی ٣-٩-٢٠٢٠، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکدا رایگەیاند: فەرمانبەرانی حکومەت لە رۆژی یەکشەممەوە تاوەکو پێنجشەممە، لە کاتژێر ٨ بەیانی تاوەکو٣ ی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. بە پابەندبوون بە رێةماییە تەندروستییەکانەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦-٩-٢٠٢٠، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دەوامی هەموو یەکە کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەرکرد.
بەپێی بڕێارەکە، هەفتانە لە رۆژی یەکشەممە تاکو پێنجشەممە دەوامی فەرمی دەبێت. لە خاڵی دووەمدا پارێزگاری سلێمانی روونیکردووەتەوە، کە دەسەڵاتیان داوەتە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری دامودەزگاکان: -پاڵپشت بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی خۆیان پابەندی کاژێری دەوامکردنی رۆژانە بن.
رێژەی دەوامکردنی فەرمانبەران بەپێی پێویستی فەرمانگەکان و بەپێی ژمارەی میلاکەکانیان بەشێوەی نۆرە (تناوب) دەبێت، بەمەرجێک نەبێتە هۆی وەستانی کاری فەرمانگەکان و دواکەوتنی مامەڵەی رۆژانەی هاووڵاتنیان. هەروەها دەوامکردن لە هەموو فەرمانگەکاندا بە رەچاوکردن و پابەندبوون بە رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکانی پەتای کۆرۆناوە دەبێت.