ئەردۆغان بەڵێنی بە نێچێرڤان بارزانی داوە

0

نوچەنێت-روداو

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لەبارەی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی تورکیا گەیاندووەتە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. ئەردۆغانیش بەڵێنیداوە پێداچوونەوە بکەن و هەستیارتر بن  لە ئۆپەراسیۆنەکان.

سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی لە میدیای تورکی بەشێکی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرا کردووە و دەڵێت “نێچیرڤان بارزانی نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لەبارەی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆن و زیادبوونی زەرەر و زیانەکانی خەڵکی گەیاندووەتە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەویش بەڵێنیداوە پێداچوونەوە بکەن و هەستیارتر بن لە ئۆپەراسیۆندا”.

رۆژی هەینیی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان “له‌ ته‌وه‌رێكى كۆبوونه‌وه‌ی هەردوولا باس له‌ گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و دوايين هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان و ئاڵۆزييه‌كانى سنوور كرا، هه‌روه‌ها دۆخى گشتيى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش خرانه‌ به‌ر باس”.

شەوی 15ی حوزەیرانی 2020، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی “چڕنووکی هەڵۆ” دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی حەفتانین راگەیاند. هەروەها رۆژی 16ی هەمان مانگیش ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بە ناوی “چنگی پڵنگ” راگەیاند و هێزەکانی بە قوڵایی 45 کیلۆمەتر هێنایە نێو سنووری هەرێمی کوردستان.

لەماوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ 6 هاونیشتمانی سڤیلی هەرێمی کوردستان، گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دوو ئەفسەر و سەربازێکی پاسەوانی سنووری عێراقیش کوژراون.

رۆژێک دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە، وەزارەتیی بەرگریی تورکیا راگرتنی ئۆپەراسیۆنی “چنگی پڵنگ”ی راگەیاند.

رۆژی 5-9-2020 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: “هەڵمەتی گەڕان و پشکنین لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی پڵنگ لە حەفتانینی باکووری عێراق، کە رۆژی 16ی حوزەیرانی 2020 دەستیپێکردبوو، بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. هێزەکانی کۆماندۆمان چوونە نێو هەموو پەناگە، حەشارگە و ئەشکەوتەکانی ناوچەکە و بنەوانی تیرۆریان تەختکرد”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com