ئەسعەد موردی
دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریان دا رۆژی دووشەممە سەرانی خاڵە سنوورییەکان بکەن و راپۆرتێک لەبارەی کەموکورتیی خاڵە سنوورییەکان ئامادە بکەن. بڕیاردەری لیژنەیکەش دەڵێت ”ئامانجمان لەسەردانی کردنی خاڵە سنوورییەکان، چاودێری کردنە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سەردانی لیژنەکەیان بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێم رایگەیاند: ئەمڕۆ دەست بە سەردانیکردنی خاڵە سنووریەکانمان کردووە، کە هەر ئەمڕۆ سەردانی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل و پیشخاپوورمان کرد و لە رژانی داهاتووشدا سەردانی خاڵە سنووریەکانی دیکەش دەکەین.
محەمەد سەعدەدین دەشڵێت، ئامانجمان لەسەردانی کردنی خاڵە سنوورییەکان، چاودێری ئەو خاڵە سنووریانە بکرێت و چۆن دەتوانرێت داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و سیستەمی کارگێڕییان یەکبخرێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی گوتیشی، دەمانەوەێت بە چاوی خۆمان ببینین کە کارەکان چۆن بەڕێوە دەبرێت و هەر پرسیار و تێبینییەکمان هەبێ راستەوخۆ ئاراستەی بەرپرسی ئەو دەروازە سنووریانەی بکەین، کە جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆ لەو سنوورە چۆن دەکرێت، بەتایبەتی لە رووی دارایی و ئابوورییەوە.