هۆکاری زیادبوونی حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو گەنجانی شنگال دەخرێتەڕوو

0

ئەسعەد مواردی

قایمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، لە نێو گەنجان ئەم سنوورە دیاردەی خۆکوشتن زیادی كردووە و دەشڵێت ”لەماوەی هەفتەیەکدا چوار گەنجی شنگال کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە”.

قەزای شنگال لە رووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دایە و بەشێکە لە خاکی باشووری کوردستان و ئیدارەی قەزاکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

خەڵکی شنگال و دەرووبەری لە پێکهاتەی ئایینی ئێزدی بە هۆی هێرشی دڕندانەی رێکخراوی توندڕەوی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) لە 3-8-2014، بۆ جینۆساید کردنیان، کە هەر لە رۆژانی سەرەتای تاوانەکانیدا، داعش 1293 کوردی ئێزدیی کوشت و 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدیی رفاند، کە تائێستا 3 هەزار و 537 رفێندراویان رزگارکراون، بەڵام هێشتا 2 هەزار و 880 رفێندراویان رزگارنەکراون.

لەدوای رزگارکردنی قەزای شنگال لەدەست چەکدارانی داعش، لە مانگی 11-2015، تاکو ئێستا وەک پێویست ئاوڕ لە ئاوەدانکردنەوەی نەدراوەتەوە هێشتاش بەشێکی زۆر لە ئاوارەکانی شنگال لە هەر لە کەمپەکان دەژین و بەهۆی بوونی چەکدارانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی و هەڕەشەکان و بۆردومانی تورکیا لە دژی پەکەکە ناوێرن بەگەرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، لەبارەی رووداوی خۆکوشتنی چەند گەنجێک لەو ناوچەیە راگەیاند: دیاردەی خۆکوشتن لە نێو گەنجانی سنووری شاری شنگال زیادی كردووە و تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا چوار گەنجی شنگال کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ئەو چوار گەنجە، خەڵکی شنگالن کە خۆیان کوشتووە، سێیان كوڕن و یەكێكیشیان كچە.

مەحما خەلیل دەڵێت، ئەم ژمارە لە حاڵەتی خۆكوشتن لە ماوەی یەك هەفتەدا، ئاماژەیەكی مەترسیدارە و پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بكرێت و كار بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو هۆكارانەی كە پاڵ بە گەنجانی ئەم ناوچەیەوە دەنێن بۆ بێ هیوابوون و كۆتاییهێنان بە ژیانیان.

قایمقامی قەزای شنگال پێیوایە، كە دوای ئاوارەبوونی خەڵكی شنگال و ئەم دۆخەی بەسەر ناوچەكەیاندا هات، حاڵەتەكانی خۆكوشتن زیادیان كرد كە هۆكاری زۆربەیان ئابووری و بێكاری و بێزارییانە لە ڕەوشی ژیانیان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com