ئەسعەد مواردی
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، لەو دۆخەی لە ناوچە هاتووەتەوە پێشەوە و فەرەنسا رۆڵ بگێڕێت کورد تێیدا سوودمەند دەبێت.
لە رۆژی ٢-٩-٢٠٢٠، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی عێراقی کرد و لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیەکەیدا رایگەیاند “هاتووم پشتیوانیی فەرەنسا بۆ عێراق دووپات بکەمەوە”. ماکرۆن راشیگەیاند عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و داوایکرد سەرکردە عێراقییەکان، بەتایبەت سێ سەرۆکایەتییەکە ئەو قۆناخە راگوزەرە بەباشی و هاوکاریی یەکدی تێپەڕێنن. گوتیشی “عێراق دەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەهێز بکرێت”.
لەگەڵ سەرۆکی هەرێی کوردستانیش کۆبووە و دواتر نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا نووسی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بوو.
شارەزایانی سیاسی وایان لێکدایەوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی ماکرۆن لە عێراق، بۆ راگرتنی تورکیا بووە لە ئۆپەراسیۆن و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سەروەری ئەم وڵاتە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئامانج نووری، چاودێڕی سیاسی، لەبارەی ئامانجی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند: فەرەنسا وەک وڵاتێکی بەهێزی ئەوروپا و وەک ململانێی زلهێزەکان لەناوخۆیان لە ناو وڵاتانی هەرێمی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرچاوەکانی وزە بە پەلی یەکەم هاوکێشەی ململانێکانی رۆژئاوا لەگەڵ روسیا و تورکیای ئیخوانی زیاتر دەبێ.
ئامانج نووری دەشڵێت، گۆڕانکای لە ناوچە روویداوە و بەتایبەتی رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات. فەرەنسا کە جەمسەری سیاسەت و هێز بێت لە ئەوروپا، ناکرێ لەم ناوچەیە بێ رەوڵ بێت، جا لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرەێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە.
ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە، لەو دۆخەی لە ناوچە هاتووەتەوە پێشەوە و فەرەنسا رۆڵ دەگێڕێت و کورد تێیدا سوودمەند دەبێت. چونکە لانی کەم هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەم هەرێم کەم دەکاتەوە. هەروەها لە خودی عێراقیش گۆڕانکاری تێیدا روویداوە.