ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو دەستە سیاسیانەی لەبەردەمیان دایە بتوانن لەبازنەکەدا دووریان بخەنەوە (بازنەی حکومڕانی).
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا مانگی ٦-ی ٢٠٢١ وەک رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری کرد. دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان دوای گوتارەکەی کازمی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشوازیی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کرد.
شارەزایان دەڵێن، پێناچێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەهۆی کەمی کات و ئەو گرفتانەی بوونیان هەیە، هاوکاتیش باری ئەمنی جێگیر نییە بە هۆی هێرشی موشەکی بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و ناوچەی سەوز.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەلی فەیلی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی رێگری کردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە رایگەیاند: ئامانج لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوەیە، کە دەیانهەوێت هەڵبژاردنێک بێت بە ئیرادەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانان، شەفافەیەتی زیاتر بێ و ئەو دەستە سیاسیانەی لەبەردەمیان دایە بتوانن لەبازنەکەدا دووریان بخەنەوە (بازنەی حکومڕانی).
عەلی فەیلی دەشڵێت، ئەو هەڵبژاردنە بە دەستێکی نوێ دێتە سەرکار و لە گەڵ ئایدیۆلۆژی و بیروبۆچوونی لایەنگر و دەست و پێوەندی ئێڕاندا نییە، بۆیە زیانیان پێدەگەیەنێ و هەوڵی رێگری کردن دەدەن.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوانەی دژی هەڵبژاردنن دەتوانن دوای بخەن عەلی فەیلی گوتی ”لە دوو لاوە هەوڵ دەدەن، هە لە ناو پەرلەمان و هەمیش لە رووی ئەمنیشەوە، چونکە ئەگەر دۆخەکە سەقامگیر نەبێ هەڵبژاردن مانای نامێنێ”. دەشڵێت ”جیا لەو گرفتانە کێشەی دیکەش لە دیدێکی دیکەوە هەیە، وەک مەسەلەی تەکنیکی و هونەریی و هەراوەها بازنەکان، کە یەک بازنە بێت یان فرە بازنەیی و لە کاتی خۆی هەڵبژاردنەکە بکرێت”.