نوچەنێت
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، هۆشداری لە لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەدات، ئەگەر وڵاتە زلهێزەکان پلانێکی هاوبەش دانەنێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، دەڵێت: بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو، دۆسیەی پاراستنی ژینگە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی پەراوێزخراوە، هیچ نیگەرانییەک لەبارەی داهاتوی هەسارەکەمان نابینرێت، چونکە دەوڵەتانی جیهان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنان، ئەم مەترسییەیان بیرچۆتەوە.
ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا لە وڵاتە زلهێزەکان دەکات، کە سەرنجەکانی خۆیان لەسەر چۆنێتی کەمکردنەوەی گازی ژەهراوی لە بەرگە هەوادا چڕبکەنەوەو هاوڵاتیان هانبدەن کەمتر سوتەمەنی بۆ هۆکاری گواستنەوە بەکاربهێنن، بەمەش دەتوانن زیاتر پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتییەکانیان بکەن، ئەو مەترسییەی کە لەسەر ژینگەی هەسارەکەمان هەیە، زیاترە لە مەترسی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، چونکە مانەوەی مرۆڤ پەیوەستە بە بونی ژینگەی گونجاو لەسەر ئەم هەسارەیە.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەشی خستەڕو، پێویستە لەسەر زلهێزەکانی جیهان هاوکاری لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری و بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڤید-19 و پاراستنی ژینگە لەیەککاتدا، بەپێچەوانەشەوە مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون دەچێت.