نوچە
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون لەسەر رەتکردنەوەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ ئەوەی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە شێوازی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان رەوانەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-9-2020، نووسینگەی نووری مالیکی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ پێشوازی لە خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا هەردوولا پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان تاوتوێکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگی لەنێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسەکانی هەڵبژاردن و بابەتەکانی دیکە، هاوکات هەردوولا رێککەوتن لەسەر رەتکردنەوەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بەتایبەت فرە بازنەیی، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی پێشنیازی ئەوەی هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێ.
پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019ەوە یاسای هەڵبژاردنی پەسەندکردووە، کە لە 50 ماددە پێکهاتووە، بەڵام هێشتا یاسایەکە پاشکۆیەکی ماوە پەسەندبکرێت، کە تایبەتە بە دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن کە داوا دەکرێ بچووکبکرێنەوە بۆ ئاستی شارۆچکە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مانگی رابردوو رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە بەرواری 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەدەچێ.