نوچە
دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگا ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: “مادەی 15ی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، لە بڕگەی 6 دا دەڵێ پارێزگاكان پێكدێن لە چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردن، بەڵام روون نەكراوەتەوە چەند و چۆن”.
بەرپرسی دەزگا ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی “ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لایەنە كوردستانییەكان لەسەر ئەو یاسایە و یاساكانی دیكە یەكھەڵوێست بن”.
ھەر لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا رزگار حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی “دەمانەوێت لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر باشترین بژاردە رێكبكەوین، وەك كورد لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان پێویستیمان بە كۆدەنگی ھەیە”.
رزگار حەمە ئاماژەی بەوەشدا، کە تائێستا باسمان لەوە نەكردووە یەك لیست بین، بەڵام دەمانەوێت لەسەر یاساكە یەكدەنگ بین.