نوچەنێت
هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە سنوری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەشێک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی سنوری ئەم پارێزگایە لە هەڵمەتەکەدا بەشدار دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣-٩-٢٠٢٠، هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگای هەولێر، دەستپێدەکات و تاوکو ٥ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەم هەڵمەتە هەموو سنوری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە ، ٣٥ تیم بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکە ئامادە کراون. ١٠ تیم لە ناوەندی هەولێر و دەروازەکان دەبن، ٢٥ تیم لە قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر هەڵمەتەکه بەڕێوەدەبەن.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر، هەڵمەتەکە لە دەروازەکان، بازگەکان، سەیرانگەکان، بازاڕ و شوێنە گشتی و قەرەباڵخەکانی هەولێر و قەزا و ناحییەکان بەڕێوە دەچێت.
لە هەڵمەتەکەدا، پۆستەر و رێنمایی تەندروستیی تایبەت بە چۆنێتی خۆپارێزی و گرتەبەری رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەر خەڵكدا دابەش دەکرێت.