نوچە
تورکیا کەشتی گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی، لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکشێنێتەوە.
پێشتر تورکیا هەوڵی گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەت لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەدا. ئەم سەرەڕۆییانەی تورکیا تائاستی پێکدادانی سەربازی رۆیشت. بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەیەکی ئەڵمانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای گورز وەشاندنی لە فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەی کردبووە، کە کەشتییەک یان فڕۆکەیەکی یۆنان تێکبشکێندرێ، بەڵام ئەو فەرماندانە (جەنراڵەکان) رەتیانکردۆتەوە ئەو داوایە جێبەجێ بکەن.
بە گوێرەی رۆژنامەی ”یەنی شەفەق”-ی تورکی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 13-9-2020، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، تورکیا و یۆنان بە چاودێری هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، دەستیان بە کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشکانیان، کردووە.
بە پێی رۆژنامە تورکییەکە، تورکیا بەهۆی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، بڕیاری کشاندنەوەی کەشتییەکەی لە ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست داوە.
کەشتییەکە، کە بەهۆیەوە تورکیا لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست بەدوای نەوت گازی سروشتیدا دەگەڕا، گەڕێندراوەتەوە بەندەری ئەنتاڵیا.