نوچەنێت
سەدان عەرەبی هاوردە هاتوونەتە گوندی پەلکانە، تا ئێستا ٩خانویان داگیرکردووە.
لەماوەی ئەم هەفتەیەدا سەدان عەرەبی هاوردە هاتوونە گوندی پەلکانە، خەڵکی گوندەکە دەڵێن: تا ئێستا نۆخانویان داگیرکرووە. بەنیازن خانوی دیکەش داگیربکەن و خەڵکە رەسەنەکەی ئەم گوندە دەربکەن.
چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە، کە چۆن عەرەبی هاوردە لەناو گوندی پەلکانە چادریان هەڵداوە، لەکاتی شەڕفرۆشتن بە خەڵکە کوردە رەسەنەکە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەکەن و ماڵەکانیان تاڵان دەکەن. خەڵكی ئەم گوندە بۆ میدیاکان دەڵێن”ئامانجیانە هەموو گوندەکە داگیربکەن لەبەرئەوەی هەم نەوتی تێدایەو هەم خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ بە پیتە”.
لە گرتە ڤیدیۆکاندا خەڵكی ئەم گوندە، داوای هاوکاری لە حکومتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن” ئەم عەرەبانە هێزی چەکدار پاڵپشتیان دەکات، ژیانمان لە مەترسیدایە چونکە دەیانەوێ ژیان و گوزەرانمان داگیربکەن، تا زووە فریامان بکەون، ئەگەرنا شەڕ دروتس دەبێت چونکە ئێمە ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێناهێڵێن”.