ئەسعەد مورادی
بریاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2020 دەگاتە پەرلەمان و لە دوو هەفتە بۆ دانیشتنێكی پەرلەمان ئامادەی دەكەین.
رۆژی دووشەممە 14-09-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـی پەسندكرد، تەواوی بودجەكە بە 148 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، كە 81 ترلیۆن دینار كورتهێنان و 67 ترلیۆن دیناریشی بۆ بواری وەبەرهێنانە.
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نوچەی راگەیاند ”پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ، تەنیا بۆ دوو مانگ دەبێ و ئەوەش بۆ ئەوەیە بە گوێرەی یاسا، حکومەت بتوانێ داوای قەرز بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە 2020 راگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە (17-9-2020) پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 بگاتە پەرلەمان و وەك لیژنەی دارایی رۆژی شەممە دەست بە گفتوگۆكان دەكەین و لەماوەی دوو هەفتەدا بۆ دانیشتنێكی پەرلەمان ئامادەی دەكەین.
لەبارەی جیاوازی پرۆژەیاسای بودجەی ئەم ساڵ لەگەڵ ساڵای رابردووە، د، ئەحمەد سەفار گوتی ”پڕۆژەیاسای بودجەی 2020-ی عێراق وەك ساڵانی رابردوو نابێت، خوێندنەوەی یەكەم و دواتر خوێندنەوەی دوومی بۆ بكرێت، بەڵكو لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، کە پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق 81 ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە و لیژنەی دارایی ئەوە قبوڵ ناكات و هەوڵدەدەین زۆر كەمی بكەینەوە.