ئەسعەد مواردی
حكوومه‌تى عێراق ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر خه‌رجكردنى قۆناغى دووه‌مى شایستە داراییەکانی جووتیارانى هه‌رێمى كوردستانى ده‌ربڕى و به‌ڕێوەبه‌رى سایلۆى هه‌ولێریش دەڵێت ”ئه‌م بڕه پاره‌یه ته‌نها ئەو جووتیارانە ده‌گرێته‌وه كه لە ساڵى 2020، گه‌نمیان راده‌ستى سایلۆكان كرد”.
پێشتر نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە ”پارەی گەنمی جووتیاران لە ساڵی 2014دا 89%، لە ساڵی 2015دا لە 67%، لە 2016دا لە 55% وەرگیراون و بەڵام ئەوەی كە ماوە بە بەهای 554 ملیار و 885 ملیۆن دیناره، بەڵام ئێستا بەغدا 267 ملیۆن دەدات و بڕی 287 ملیۆن دینار لە پارەی گەنمی جووتیاران دەبڕێت”.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی گوتووشیەتی ”ئەنجوومەنی وەزیران و یەكێتی جووتیاران بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریان كردینەوە كە ئەو پارەیە وەرنەگرین، تاكو چارەسەری كێشەكە دەكرێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوەبه‌رى سایلۆى هه‌ولێر، لەبارەی دابەش کردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانەوە رایگه‌یاند: قۆناغى دووه‌مى شایستە داراییەکانی جووتیاران ئاماده‌یه، ته‌نها چاوه‌ڕێی بانكى ناوه‌ندى دەکەین کە لقى هه‌ولێر ئاگادار بكاته‌وه له تمویل کردنی پاره‌كه و پێشبینیش ده‌كه‌ین ئه‌م هه‌فته‌یه پاره‌كه بگاته ده‌ست بانكى ناوه‌ندى لقى هه‌ولێر”.
هێمن سه‌ید موراد ئاماژەی بەوەشدا، کە “ئه‌م بڕه پاره‌یه ته‌نها ئەو جووتیارانە ده‌گرێته‌وه كه لە ساڵى 2020، گه‌نمیان راده‌ستى سایلۆكان كردبوو، ئه‌مه‌ش قۆناغى دووه‌مى پاره‌كه‌یه قۆناغى تریشى به‌دواوه دێت”.
سەبارەت بە کۆی گشتی پاره‌كه به‌ڕێوەبه‌رى سایلۆى هه‌ولێر گوتی “هه‌شت ملیار و 805 ملیۆن دیناره، نزیكه‌ى 800 جووتیار، کە له قۆناغى دووه‌م سوودمه‌ند ده‌بێت، له وه‌رگرتنى پاره‌کە”.