شوێنە گەشتیارییەکان جوڵەیان تێکەوتۆتەوە

0

شلێر سەعید
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا گەشتیاران تەنها لەناوخۆی عێراقەوە دین بۆ هەرێمی كوردستان، گەشتیاری دەرەكیمان نییە.

ساڵانە گەشتیاران لەناوخۆ و ناوەڕاستی عێراق و خوارو ڕوو لە هەرێی کوردستان دەکەن و جگە لەوەی گەشتیارانی دەرەكیش زۆر رووی تێدەكەن، بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ‌، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەری كردۆتە سەر هەموو كەرتەكان، بەتایبەتی گەشتیاری لەهەموو جیهان، بێگومان هەرێمی كوردستانیش لەوە بەدەرنەبوو.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لەبارەی بوژانەوەی كەرتی گەشتوگوزار ڕایگەیاند: لە ئێستادا ڕەوشی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان لە بەرەو پێشچووندایە، لە ئاستێكی باشترە لە ماوەی ڕابردوو، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرێت و شوێنە گەشتیارییەكان بكرێنەوە و هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم و ناوەڕاست و خواروی عێراق، ئەوەش وای كرد جموجۆڵێكی باش دروست ببێت.

گوتیشی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی درا بە پارێزگاكان سلێمانی و هەولێر گروپی گەشتیاریان پێشوازیكرد و ئێستا هاتنی گەشتیار بە شێوەی تاك و گروپ ئاسایی بۆتەوە، لە دهۆكیش تەنها ماوە بە گروپ گەشتیاران ڕووی تێبكەن لەوێش ئاسایی بێتەوە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشكرد، كە جوڵەیەكی باش كەوتۆتە ناو شوێنە گەشتیاریەكان و جوڵەیەكی باشتر كەوتۆتە ناو بازاڕەكان بەهۆی هاتنی گەشتیاران و خەرجكردنی پارە لەناو بازاڕەكان و مانەوەیان، دەشڵێت ”هاوكات هاتنی گەشتیاران دەبێتە هۆی زۆربوونی هەلی كارلە بازاڕەكان”.

سەبارەت بە داتاو ژمارە ی گەشتیاران لەماوەیە، نادر ڕۆستی دەڵێت، ئامارمان نییە لە ئێستادا، بەڵام بە پێی زانیارییەكانمان ڕۆژانە 3 تا 5 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. گوتیشی ”ئێمە بەفەرمی شوێنە گەشتیاریەكانمان ئاگاداركردۆتەوە پابەندی ڕێنمایە تەندروستیەكان بن و لە بازگەكان خاڵەكانی پشكنین بەردەوامن لەوەی ڕێنمایی بە گەشتیار بدەن و ناچاریان بكەن، كە پابەندبن بە ڕێنماییەكان بە تایبەتی گروپە گەشتیارییەكان.

دەربارەی هاتنی گەشتیاری دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، تا ئێستا گەشتیاران تەنها لەناوخۆی عێراقەوە دین و گەشتیاری دەرەكیمان نییە، بەهۆی ئەوەی فرۆكەخانەكان و سنورەكان تەنها بۆ كاری پێویست كراوەتەوە و هاتوچۆ دەكرێت بەڵام بە رووی گەشتیاران نەكراوەتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com