سه‌رۆك بارزانى و نێچیرڤانى بارزانى: هه‌ست به بۆشایى مام جه‌لال ده‌كه‌ین
قوباد تاڵه‌بانى : دواى مام په‌رته‌وازه‌یى
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى: سه‌رۆك بارزانى له دڵسۆزیيان په‌یامه‌كه‌ى به زمانى مام و برازا نووسیوه
شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه نێت
ئه‌مڕۆ به بۆنه‌ى ساڵیادى كۆچى دوایى مام جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌ركرده‌كانى كورد په‌یامیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و باس له‌و بۆشاییه ده‌كه‌ن كه نه‌مانى تاڵه‌بانى دروستى كردووه، قوباد تاڵه‌بانییش له په‌یامێكدا باس له‌و په‌رته‌وازه‌ییه ده‌كات كه ئه‌وان له‌دواى نه‌مانى مام جه‌لال تێی كه‌وتوون.
ئه‌مڕۆ سێ ئۆكتۆبه‌ر سێیه‌م ساڵیادى مام جه‌لال تاڵه‌بانییه، كه سكرتێرى گشتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بوو، سه‌رۆكى پێشووترى كۆمارى عێراق بوو. سه‌ركرده‌كانى كوردستان به‌م بۆنه‌یه‌وه چه‌ندان په‌یامى جیاوازیان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له‌و په‌یامانه‌ى له‌باره‌ى ساڵیادى تاڵه‌بانى بڵاو كراونه‌ته‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، دۆست وركابه‌ره‌كانیشى هه‌ست به‌و بۆشاییه ده‌كه‌ن كه له‌ماوه‌ى ئه‌م سێ ساڵه به‌هۆى نه‌مانى تاڵه‌بانى له پرۆسه‌ى سیاسى كوردستان و عێراق دروست بووه.
به‌ر له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه هه‌ستى به بۆشاییه‌كه كردووه، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانییه، سه‌رۆك بارزانى شه‌وى رابردوو په‌یامێكى ئاراسته‌ى بافل و قوباد تاڵه‌بانى كردووه و له په‌یامه‌كه‌ى وه‌ك “مام و برازا” قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات و ده‌ڵێ، “ئێستا زیاتر له هه‌موو كات هه‌ست به خه‌ساره‌تى له‌ده‌ستدانى مام جه‌لال ده‌كه‌م”.
ئه‌م هه‌سته‌ى سه‌رۆك بارزانى له كاتێكدایه، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ مام جه‌لال سه‌ر به یه‌ك نه‌وه‌ى سیاسیین، به‌ڵام زۆربه‌ى كاتیش ركابه‌رى سیاسى بوون. جگه له‌مه‌یش سه‌رۆك بارزانى داوا له كوڕه‌كانى مام جه‌لال ده‌كات كه له‌سه‌ر رێگه‌ى باوكیان به‌رده‌وام بن.
ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر به هه‌مان بۆنه په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و به هه‌مان شێوه‌ى سه‌رۆك بارزانى باس له‌و بۆشاییه ده‌كات كه نه‌مانى مام جه‌لال دروستى كردووه، نێچیرڤان بارزانى ده‌ڵێ، “له هه‌موو کاتێک زیاتر هه‌ست به بۆشایی و ڕۆڵی گرنگ و دونیابینی و پێویستییان ده‌که‌ین”.
هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ى په‌یامى نێچیرڤان بارزانى، مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمیش په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و به شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت ئاراسته‌ى بافل و قوباد تاڵه‌بانى كردووه و ده‌ڵێ، “پێزانینم ئاراسته‌ى به‌رێزان كاك بافل وكاك قوباد و شوێنكه‌وتووه راسته‌قینه‌كانى مام جه‌لال ده‌كه‌م”.
وه‌ك له‌م په‌یامانه‌وه تێبینى ده‌كرێ، له زۆربه‌ى په‌یامه‌كه ئاراسته‌ى یه‌كێتى نه‌كراوه یان به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه ناوى یه‌كێتى نه‌هاتووه. دیاره له دواى نه‌مانى مام جه‌لال په‌یوه‌ندى نێوان پارتى و یه‌كێتى به كۆمه‌ڵێك بارودۆخى سه‌خت تێپه‌ڕیوه، ناوخۆى یه‌كێتیش به‌هه‌مان شێوه ململانێى توندى تێكه‌وتووه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى ناوى یه‌كێتى له‌ناو په‌یامه‌كه‌ى به‌رپرسه یه‌كه‌مه‌كانى پارتى و هه‌رێم نه‌هاتووه، بڵند ئیسماعیل ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى له لێدوانێكى بۆ “نوچه‌نێت” ئه‌مه‌ى به كارێكى ئاسایى ده‌زانێ و به تایبه‌تى په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى كه به زمانى “مام و برازا” له ساڵیادى كۆچى دوایى مام جه‌لال بڵاوى كردووه‌ته‌وه بڵند ئیسماعیل گوتى، “جیاوازی نییە كە پەیامەكە ئاراستەی یەكێتی بێت یان كورەكانی بێت، ئەوەش ئەوپەڕی هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی كە جەنابی سەرۆك بارزانى، كوڕەكانی مام جەلال بە برازای خۆی ناودەبات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە سەرۆك مەسعوود بارزانی وەك مەرجەعی كورد و مام جەلالی وەك برایەكی هاوخەباتی خۆی داناوە، دەشیەوێ پیشان بدات كە پێویستە كوڕه‌كانی مام جەلال و هەم ئەوانەی خۆیان بە میراتگری مام جەلال دەزانن لە ناوخۆیاندا، لەسەر ڕێبازی مام جەلال بڕۆن بە تایبەتی لە بابەتی یەكڕیزیی و تەبایی لەناو هێزە كوردیەكان بە تایبەتتر لەنێوان یەكێتی و پارتی، كە هەمان هەڵوێستی مام جەلالیان هەبێت”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چه‌نده یه‌كێتى ئێستا له‌سه‌ر رێبازى مام جه‌لال ده‌ڕوات؟ بڵند ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌ناو یه‌كێتى خه‌ڵك هه‌یه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له رێبازى مام جه‌لال لایان داوه، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى گوتى، “خەڵكێكی زۆر لەناو یەكێتی هەموویان باس لەوە دەكەن لەسەر ڕێبازی مام جەلالن بەڵام بە داخەوە لە دوای نەمانی مام جەلال هەست دەكەین ئاراستەكانی ناو یەكێتی بەره‌و ئاقارێكی دیكە دەڕوات، جیا لەوەی مام جەلال دەی ویست”.
له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى بڵند ئیسماعیل هیواى خواست یه‌كێتى سوود له‌و په‌یامه‌ى سه‌رۆك بارزانى ببینێ، گوتى “هیوادارین ئەو پەیامە ببێتە هۆی ئەوەی برادەرانی یەكێتیش هەست بەوە بكەن كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی زۆر لە خەم و به تەنگ یەك ڕیزیی هێزە كوردییەكانە تایبەتی یەكڕیزیی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەگەر لە بیرمان بێت كاتێك مام جەلال نەخۆش كەوت جەنابی سەرۆك وەك ئەوەی خۆی خاوەن یەكێتی بێت تا یەكێتی تووشی لێك جیابوونەوەو پەرتەوازەیی نەبێت و لەسەر ڕێبازی مام جەلال وەك خۆی بمێنتەوە، خۆی چەندین جار چووه سلێمانی وای لێهاتبوو خۆی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكرد، ئەوەش مانای ئەوەیە یەكێتی وەك هێزێكی هاوپەیمانی پارتی وەك خۆی بمێنتەوە لەسەر ڕێچكەی تەبایی ڕێبازی مام جەلال بمێنتەوە”.
وه‌ك له قسه‌ى چاودێران و به‌رپرسه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ نه‌مانى مام جه‌لال تاڵه‌بانى كاریگه‌رى نه‌رێنى بۆ ناوخۆى یه‌كێتى و په‌یوه‌ندى پارتى ویه‌كێتى دروست كردووه. ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى مام جه‌لال به هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى هه‌بوو، رێككه‌وتنى ستراتیژى بوو، به‌ڵام دواى نه‌مانى مام جه‌لال ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌ماوه.
سه‌باره‌ت به دۆخى ناو یه‌كێتیش چاكترین كه‌س كه ئه‌مڕۆ قسه‌ى له‌سه‌ر كردووه و قوباد تاڵه‌بانییه.
به‌ر له‌وه‌ى ئاماژه بۆ ناوه‌ڕۆكى په‌یامه‌كه‌ى قوباد تاڵه‌بانى بكرێت، شه‌وى رابردوو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا باسى له ده‌وڵه‌مه‌ندى میراتى تاڵه‌بانى كردووه له‌ڕووى سیاسى هزره‌وه و رێبازه‌كه‌ى به گه‌وره ده‌زانێ دووپات له‌سه‌ر پابه‌ندبوون ده‌كاته‌وه و فه‌لسه‌فه‌ى مام جه‌لال به قبله‌نماى خه‌باتى خۆیان ده‌زانن.
قوباد تاڵه‌بانى په‌یامى گله‌یى بڵاو ده‌كاته‌وه و به‌ڵێن به باوكى ده‌دات
كه‌چى به پێچه‌وانه‌ى ئه‌و وێنه‌یه قوباد تاڵه‌بانى باسى له‌وه كردووه، له دواى مام جه‌لال جیاوازى له نێوانیان زیاتر بووه و ئه‌وان په‌رته‌وازه‌ن. قوباد تاڵه‌بانى له‌سه‌ر میراتى مام جه‌لال واقیعایانه قسه ده‌كات و دان به‌وه ده‌نێ كه دووركه‌وتنه‌وه له رێبازه‌كه‌ى ئه‌و هه‌یه، قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێ، “میراتی تۆ كێبەركێی تەندروستیی سیاسییە، رێزگرتنە لە نەیار و ڕكابەر، هەوڵدانە بۆ یەكێتی و یەكڕیزی گەلی كورد، كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان، رێز گرتنە لە سیمبولە‌كانی نیشتمان، بەڵام بە داخەوە لەو كاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یە‌كڕیز نین”.
له دواى نه‌مانى مام جه‌لال ناكۆكییه‌كى زۆر له ناو یه‌كێتى دروست بووه و له ماوه‌ى رابردوودا به ئاشكرا ئه‌و ناكۆكییانه له راگه‌یاندن باس كراون، هه‌رچه‌نده به‌یاننامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى باسى نه‌كردووه و به‌ڵام قوباد بێ ئه‌وه‌ى ناوى كه‌س بهێنێ، باسى كردووه و گوتوویه‌تى كه‌سانێك هه‌ن ره‌خنه قبووڵ ناكه‌ن.
قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێ، “ڕێگای تۆ رێزگرتنە لە بیركردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی ڕەخنە قبوڵ ناكەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سوكایەتیكردن بە دڵنیاییەوە دوورن لەبیر و بۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ”.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت قوباد تاڵه‌بانى له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانى به‌ڵێنى به باوكى داوه كه پابه‌ند ده‌بێ به رێبازه‌كه‌ى هه‌رچه‌نده رێگریى لێ ده‌كرێ، قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێ، “ئێستا كە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵكانێكی مافیا ئاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەكەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم خزمەت بەخەڵكی كوردستان بكەم”.
هه‌موو ده‌ڵێن سه‌ربه به رێبازى مامین!
كێ له‌سه‌ر رێبازى مامه؟ كاوه ته‌یب كادیرى یه‌كێتى ومامۆستاى زانكۆ له لێدوانێكى بۆ نوچه له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره قسه‌ى كرد و دانى به‌وه نا كه له‌م جۆره حزبانه دواى نه‌مانى كه‌سى یه‌كه‌م كێشه دروست ده‌بێت و پڕكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كه‌ى ئه‌سته‌م ده‌بێ، به بڕواى كاوه یه‌كێتى خۆى نوێكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له كه‌سایه‌تى مام جه‌لال بكرێـت ئه‌وا یه‌كێتى هه‌موو چاك ده‌زانن ئه‌و بۆشاییه‌ى ئه‌و پڕ ناكرێته‌وه. كاوه ته‌یب گوتى، “قورسە ڕێچكە و ڕێبازی مام جەلال پڕ بكرێتەوە بەوانەی ئێستا هەن ئەوەش بە دان پیانانی خۆیان”.
نایف شێخانی پسپۆر لە یاسای نێودەوڵەتی و چاودێرى سیاسى له لێدوانێكى بۆ نوچه نێت گوتى، “مام جه‌لال لەسەر کۆمەڵێك پرنسیپ و ڕێسا و بنەما کارەکانی خۆی ئەکرد کە خزمەتکردن بوو بە کورد، ئەمەش وایکرد بوو وەک کاریزمایەك دەربکەوێت لەسەر شانۆی سیاسی لە کوردستان و عێراق و دەوروبەر، بەڵام ئەوانەی لە سەر میراتەکەی مام جه‌لال شەڕیانە و دەیانەوێت ببنه هەڵگری شوێن پێی مام جه‌لال و ئەوانەی دەیانەوێت نزیکترین کەس بن لەسەر ڕێبازەکەی مام جه‌لال مەبەستم یەکێتیەکانه ئەوا لە ڕووی شکڵیەوە خۆیان بە نزیکترین کەسی ڕێبازەکەی مام جه‌لال دادەنێن بەڵام لەڕووی کردارییەوە هیچیان لەسەر ڕێبازەکەی مام نیین” .