سكاڵا له‌سه‌ر كازمى تۆمار ده‌كرێ

0

شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

شاره‌زاییه‌كى یاسایى له‌ عێراق ده‌ڵێ له‌سه‌ر پێنه‌دانى مووچه،‌ فه‌رمانبه‌رانى عێراق ده‌توانن یاسا له‌سه‌ر مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران تۆمار بكه‌ن و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ركى په‌رله‌مانه‌ چاودێریى دابه‌شكردنى مووچه‌ بكات و نابێ خۆى له‌و ئه‌ركه‌ بدزێته‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ى دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ گه‌یشته‌ 50 رۆژ، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان فه‌رمانبه‌رانى عێراق ده‌ڵێن ده‌مانه‌وێ سكاڵا له‌سه‌ر مسته‌فا كازمى تۆمار بكه‌ین. جه‌مال ئه‌سه‌دى شاره‌زا له‌ یاساكانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌ نێت گوتى، “له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌توانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن”.

جه‌مال ئه‌سه‌دى زیاتر مه‌به‌سته‌كه‌ى روونكرده‌وه‌ وگوتى، “لەنێوان حكومەت وفەرمانبەران گرێبەستێك هەیە لەبەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریەی پێشكەشی دەكات، حكومەت مووچەی پێدەدات. هەر كاتەك ئەو گرێبەستە كەموكوڕی تێكه‌وت لەهەر لایەنێكیان ئەوەی تر دەتوانێت سكاڵای یاسایی لەدژی تۆمار بكات”.

ئه‌سه‌دى ئاماژه‌ى به‌و یاسا عێراقییانه‌ كرد كه‌ پاڵپشتى فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن وگوتى، “بەگوێره‌ى یاسای بەڕێوەبرن وراژه‌ى مەدەنی ژمارە 24ی ساڵی 1960 ویاسای مووچەی گشتی 2018 ژمارە 22 دەبێت لەسەری مانگ فەرمانبەر مووچە وەربگرێت بَێ دواكەوتن، بەڵام ئەوە 53 ڕۆژە تا ئێستا حكومەت مووچەی دابەشنەكردووە”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى دوێنێ لیژنه‌ى ئابوورى په‌رله‌مان راگه‌یه‌نراوى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و داواى كردووه‌ دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ى نه‌خرێته‌ ئه‌ستۆ وئه‌ركى ئه‌و نییه‌، جه‌مال ئه‌سه‌دى گوتى، “پەرلەمانیش بەرپرسیارێتی لەئەستۆیە لەبارەی هۆكاری خەرجنەكردنی موچەی فەرمانبەران بە پێی حوكمی رقابەی دەستوری و بەپێی مادەی 61ی دەستور، ده‌بێ به‌دواداچوون بكات” .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com