شیعه‌ رێگه‌ى نه‌دا سه‌دام له‌سه‌ر تاوانه‌كانى دژ به‌ كورد تاوانبار بكرێت

0

ئه‌سعه‌د مورادى، تایبه‌ت به‌ نوچه‌ نێت

ئه‌یاد كاكه‌یى ئه‌ندامى تیمى پارێزه‌رانى كورد له‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق و سه‌رۆكى لقى هه‌ولێرى سه‌ندیكاى پارێزه‌رانى كوردستان له‌ گفتوگۆیه‌كى له‌گه‌ڵ نوچه‌ نێت، باس له‌ نهێنیه‌كانى وه‌ستاندنى پرۆسه‌ى دادگایى سه‌رانى به‌عس ده‌كات وده‌ڵێ، “شیعه‌ به‌ له‌سێداره‌دانى سه‌دام رێگه‌ى نه‌دا، سه‌دام حوسێنى دیكتاتۆرى عێراق له‌سه‌ر تاوانه‌كانى دژ به‌ كورد سزا بدرێت”.

دادگاى باڵاى تاوانه‌كان له‌ عێراق، ئه‌و دادگایه‌ بوو كه‌ له‌دواى رووخانى رژێمى به‌عس له‌ عێراق دامه‌زرا و بۆئه‌وه‌ بوو كار له‌سه‌ر دادگایی سه‌رانى رژێمى به‌عس بكات، له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ پێكهاته‌كانى عێراق ئه‌نجام دراوه‌. به‌ڵام به‌ گوته‌ى ئه‌یاد كاكه‌یى ئه‌و دادگایه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ و كورد نه‌یتوانى لێى سوودمه‌ند بێ.

له‌ گفتوگۆیه‌كى كورت له‌گه‌ڵ نوچه‌ نێت، ئەیاد کاکەیی لەبارەی کارەکان ونەمانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق گوتى، “سەرەتا بەپێی یاسای ١-ی ساڵی ٢٠٠٣ دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی رژێم دژی مرۆڤایەتی دامەزرا، دواتر ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم یاسایەیان گۆڕی لەبەر ئەوەی سەیریان کردن تاوانەکانی رژێم تەنیا دژی مرۆڤایەتی نیین، بەڵکو جینۆساید و تاوانی جەنگ له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌وڵیان دا له‌ سه‌ر بنه‌ماى چه‌ند دادگایه‌كى نێوده‌ڵه‌وتى دادگاییه‌كى تر دابمه‌زرێنن، كه‌ كۆمه‌ڵێك شتی باش و جوانی تێدا بوو بەڵام جێبەجێ نەکرا”.

له‌ درێژه‌ى گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ نوچه‌ نێت، ئه‌یاد كاكه‌یى باسى له‌و كێشانه‌ كرد كه‌ نه‌یهێشت پرۆسه‌ى دادگایى كردنى سه‌دام وسه‌رانى به‌عس له‌سه‌ر تاوانه‌كانى دژ به‌ كورد سه‌ركه‌وتوو بێت، یه‌كێك له‌و له‌و كێشانه‌ى كه‌ باسى كرد، لێبوردنى به‌رپرسانى ده‌سه‌ڵاتى نوێى عێراق بوو له‌ تاوانباران.

ئه‌یاد كاكه‌یى گوتى، “زۆرجار لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی وا باوە کە تۆمەتبارە گەورەکان بە لێبوردنێکی سەرۆک کۆمار یان ئەنجومەنی وەزیران یان پەرلەمان شتێکیان بۆ دەدۆزنەوە و رزگار ده‌بن، بەڵام ئەو تۆمەتبارە گەورانە كه‌ له‌ تاوانه‌كانى راپەڕین و دوجەیل و قەڵادزێ و پشدەر و سەید سادق و دۆسیەی زێوه‌ و…هتد تۆمه‌تبار بوون، سه‌ره‌تا گوترا بۆئەوەى تۆمەتباران لەو دۆسیانه‌ رزگاریان نەبێت لە یەکێک لە بەندەکانى دادگاكه‌ گوتراوه‌، نە سەرۆک کۆمار نە سەرۆک وەزیران بۆیان نییە هیچ لێبوردنێکیان بۆ دەربکەن، ئەوەش رێگریی کرد لە رزگار بوونیان”.

ئه‌یاد كاكه‌یى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، دواتر به‌ هۆى لێخۆشبوون چه‌ندان تاوانبار رایانكردووه‌، ئه‌و نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، “هەر ئێستا نعمە فارس مه‌حیاوى، کە بەرپرسە لە گرتنی بارزانییەکان لە دیانا و رەگەزنامەی نەمسایی هەیە و لە ڤییەنا دانیشتووە. لە کاتێکدا کاری ئەو دادگایەیە ئەو کەسە بهێنێتەوە و دادگایی بکات. لە دۆسییەی هەڵەبجە بەهان شێوە، تارق رەمەزان کە مام جەلال بە بڕیارێ بەریدا لەو دادگایە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، بۆ نایگرن و بیهێنەوە دادگا و دادگایی بکەن”

دواتر كاكه‌یى باس له‌وه‌ ده‌كات كێشه‌یه‌كى ترى دادگاكه‌ بۆ كورد له‌سێداره‌دانى سه‌دام بوو، ئه‌یاد كاكه‌یى گوتى، “سەرەتا ئەو دادگایە زۆر دڵخۆشکەر بوو بە تایبەتی بۆ کەسوکاری شەهیدان وئەنفالکراوان، بەڵام لە ناوەڕاستی دادگاکە بە لەسێدارەدانی سەدام حوسێن ئێمە نائومێد بووین لەسەر دادگایی کردنی لەسەر کورد. لە بەرئەوەی لە سەر هیچ دۆسییەیەکی ئێمە وەک هەڵەبجە، ئەنفال، بارزانی و فەیلییەکان سەدام حوسێن تۆمەتبار نییە” .

پارێزه‌ر ئه‌یاد كاكه‌یى پێیوایه‌ له‌سێداره‌دانى سه‌دام حوسێن به‌ زیانى كورد شكایه‌وه‌، چونكه‌ كورد نه‌یتوانى دادگاییه‌كه‌ى ته‌واو بكات، ئه‌یاد روونى ده‌كاته‌وه‌، به‌ پێى بنه‌ماكانى یاساى دادگایى سزادان، هه‌ر كه‌سێك كه‌ مرد پێى ده‌ڵێن “ئینقزا ده‌عوه‌” واته‌ سكاڵاكه‌ى سه‌رى تێده‌په‌ڕێ یان پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و سكاڵایانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر سه‌دام هه‌بوون، نا‌مێنن.

ئه‌یاد كاكه‌یى گوتى، “لە دۆسییەی ئەنفال لە چەند دانیشتنێک سەدام بەشدار بووە و لە ناوەڕاستی دانیشتنەکان سەدام سێدارە درا و هەروەها بەر لەکۆتایی دادگاکە عەلی حەسەن مەجید لەسێدارە درا. عەلی حەسەن مەجید لە سەر دۆسییەی شەعبانییه‌ لە سێدارە دراوە نەک لەسەر دۆسییەی کورد”.

كێشه‌یه‌كى تر به‌ بڕواى ئه‌یاد كاكه‌یى كه‌ هاته‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ تایفه‌گه‌ریى بوو، ئه‌یاد كاكه‌یى له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌ڵێ، “کۆی ئەو دادگاییە زۆر دڵخۆشکەر بوو ئەگەر شیعە و سوننە لە نێوان خۆیاندا بابه‌ته‌كه‌یان نه‌كردبووایه‌ کارتی فشار. چونکە کارتی فشار بوو بە دەست شیعەوە بۆ ئەوەی سوننەی پێی لاواز بکات، هەندێک جاریش کە سوننە لەگەڵ شیعە دادەنیشت مەرجی ئەوە بوو سوڵتان هاشم لە سێدارە نەدرێ. ده‌بووایه‌ هه‌ر دوولا دەستوور لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق جێبەجێ بکەن”.

 ئه‌یاد كاكه‌یى پێیوایه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى دادگاكه‌ به‌گوێره‌ى ده‌ستوور نییه‌، چونكه‌ لە مادەی ١٣٤ دەستووری عێراق هاتووه‌، ئەو دادگایە دەستەیەکی سەربەخۆیە و ئەو دادگایە کۆتایی نایەت تاکو کارەکانی کۆتایی پێنەیێت.

ئه‌یاد كاكه‌یى گوتى، “عێراق داوا له‌ ئێمە دەکات سنوورەکان رادەست بکەین ئەی بۆ ئێمە داوا نەکەن ئەو دادگایە زیندوو بکەوە، چونکە ئەو دادگایە ئەگەر زیندووبکرێتەوە لە بەرژەوەندی کوردە و بۆ دۆسییەکانی کوردە”.

گوتیشى ئێستا هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ دراونه‌ته‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان به‌ڵام دیار نییه‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان تا ئێستا چى كردووه‌. ئه‌یاد كاكه‌یى دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و كێشانه‌ى ده‌بێت كاریان بۆ بكرێت و فه‌رامۆش نه‌كرێن، چونكه‌ “کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا خاک و خوێنە و تکا دەکەم نەکرێتە مووچە ئێمە تاکو ئێستا گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان هەڵنەداوەتەوە، هەروەها بەغدا ئامادە نییە داوای لێبوردنێک لە کورد بکات، کە سەرۆک کۆمارەکەی کوردە”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى دادگاییه‌كه‌ ئێستا چى نه‌ماوه‌ چى به‌سه‌رهاتووه‌، ئه‌یاد كاكه‌یى گووتى، “وەک دادگا نەماوە و خراوەتە سەر ئەنجومەنی دادوەریی و دادگاکە راسپێردراوە بە دادگای تاوانی ناوەندیی، کاری ئەم دادگایە بینینی ئەو دؤسيانەيە کە تیرۆر و تاوانی گەندەڵییە. لەو دادگایەش گەندەڵییەکی زۆر کراوە، کە سێ هەزار فەرمانبەری هەیە. هەموو کەسوکاری ئەو شیعانە لە و دادگایە بندیوارن، سێ هەزار فەرمانبەر لە یەک بینا چۆن جێگەی دەبێتەوە”.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كورد له‌سه‌ر داخستنى دادگاكه‌، ئه‌یاد كاكه‌یى نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕێ له‌وه‌ى كورد قورساییه‌كى وه‌هاى له‌ به‌غدا نه‌نواندووه‌ تا بتوانێ رێگریى له‌ داخستنى دادگاییه‌كه‌ بكات.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى دیندار زێبارى رێكخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتوویه‌تى له‌ یوئێن باسى له‌و تاوانانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كورد كراون، ئه‌یاد كاكه‌یى گوتى، “با دیندار زێباری باسی قەرەبوو بجوڵێنێت لە بەغدا نەک بۆ یۆئێن باسی ئەنفاڵ بکات. یەکەم، عێراق دەڵێت کورد جینۆساید کراوە دادگاکە عەرەبە دەڵێ کورد جینۆساید کراوە، دەشڵێت بڕۆ داوای قەرەبوو بکە، کە کورد ناچێت ئه‌مه‌یه‌ كێشه‌كه‌،  ئێستاش دیندار له‌باره‌ى ئه‌و بڕیاره‌وه‌  نازانێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com