سەرۆکی کوردستان و
هەوڵێکی بێ وەستانی چەند ساڵە
بۆ سڕینەوەی ئاسەواری رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر
نوچەنێت
لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ سوپای عێراق، بەپشتیوانی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش، بەسود وەرگرتن لە کێشە و ناکۆکیی ناوخۆیی کورد، بە هاوکاریی هێزێکی کوردی، هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کەرکوک خانەقین و شەنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستانی لەدەستی پێشەرگە دەرهێنا، و خەڵکێکی زۆر ئاوارەو دەربەدەربوون.
لەو رۆژەوە هێزەکانی عێراق غرورگرتنی و لە هێرشەکانیان بۆ سەرکوردستان بەردەوام بوون، تا ئەوکاتی لە پردێ و سحێلا، پێشمەرگە بەرانبەریان وەستایەوە و هێرشەکانی تێکشاندن، بەوەش ورەی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بەرزبوەوە و ورەی هێزەکانی عێراق داڕوخا.
بەڵام مەترسییەکە لێرە کۆتایی نەهات، چونکە پیلانگێڕیی بەرانبەر بەکوردستان، گەورەتربوو لە تەنها ئامادەکاریی سەربازیی عێراق دژ بەکوردستان و گەورەتربوو لە هەماهەنگی هێزێکی کوردی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق دژ بەکوردستان، گەشتبووە ئاستێک کە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش ئامادەکاریی بۆ لەقاڵبدانی کورد و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا لە ئاسمان و خاکی وڵاتانی دەوروبەرەوە، هێزی عێراقی دەهێنرانە سنورەکانیان لەگەڵ کوردستان، وەکو ئامادەکاری زیاتر بۆ هێرش و گەمارۆدان، سنورەکانی ئاسمان و زەوی بەسەر کوردستاندا داخران، گەمارۆی دیپلۆماتی و ئابوری و سیاسی سەرکوردستان تا دەهات چڕتر دەکرانەوە، و مەترسییەکان گەورەتر دەردەکەوتن.
لەوکاتەدا پرسیارێک هاتە ئارا، کە بریتی بوو لەوەی، ئاخۆ کوردستان تاکوێ و تا کەی لەژێر کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵە دوژمنکارییە ناوخۆیی، عێراقی، ئیقلمی و نێودەوڵەتییەدا، تەنها بە کارتی سەربازی دەتوانێت بەردەوام بێت ؟ لەو رووەوەشەوە وێڕای بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەو تێکشکاندنی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی سەر کوردستان، وەڵامەکان بۆ ئەو پرسە ئومێد بەخش نەبوون.
تا ئەوکاتی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرکردەیەکی کاریگەر دەستی بەهەوڵەکانی کرد، جەنگی نەرم و دیپلۆماسیەتی خۆی بەرانبەر بە هێزی دژەکان دەستپێکرد، جیهانی هێنایەوە سەر ئەو بڕوای کە لاوازبوونی کوردستان بەمانای لاوازبوونی ناوچەکە دێت، بەمانای کوشتنی هیوای گۆڕانکاریی دێت لەناوچەیەکی چەقبەستوودا.
نێچیرڤان بارزانی بەهەوڵە سەردەمی و نەرمەکانی، توانی جارێکی تر دەرگاکانی جیهان بەڕووی کوردستاندا بکاتەوە و گەمارۆکانی سەر کوردستان تێکبشێکێنت.
بەڵام لێرەدا گرەوی نێچیرڤان بارزانی، شکاندنی بەرانبەرەکانی و بەردەوامیدان بە ململانێی هێز نەبوو، هێندەی هەوڵی نەهێشتنی گرژی و شەڕی شکاندنی یەکتر و بڕواپێهێنانیان بوو کە لەدژایەتی کوردستاندا جگە لەوێرانکردنی زیاتر هیچی دیکە بۆ ناوچەیە بارنایەت.
بۆیە هاوکاتی هەوڵەکانی چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان و شکاندنی گەمارۆ دیپلۆماتییەکانی سەر کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەوڵی رێکخستنەوەی ناوخۆی کوردستان و یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کوردی دا، پەیوەندییەکانی کوردستانی لەگەڵ عێراق و دەوروبەر رێکخستەوەو ئاسایکردەوە.
ئەنجامی هەوڵەکانیشی، بەدەستهێنانەوەی پێگە بەهێزەکەی کوردستان بوو لەسەر ئاستی دونیا، یەکخستنی را و هەڵوێستی کوردبوو لەناوخۆو بەهێزکردنی پێگەکەی بوو لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام هێشتاش ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەی بەهێز داگیرکران لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و گەڕانەوەی کوردە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان ئاسان نەبوو، چونکە وەکو چۆن داگیرکردنی ئەو ناوچانەدا، پیلانگێڕی ناوخۆیی و عێراقی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشی لەپشت بوو، ئاسایکردنەوەشیان پێویستی بەپشوودرێژی و ئامادەکاریی زیاتری ناوخۆی و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش هەیە.
بۆیە وەکو ئەرشیفی چالاکی و هەوڵەکانی دەیسەلمێنن، نێچیرڤان بارزانی بەتێگەشتن لەو رەهەندە، چ لەوکاتی کە سەرۆکی حکومەت بوو، چ لەوکاتەوەی کە وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە، پشوو درێژانە کاری کردووە و هەوڵی داوە، بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لە ئەنجامی تێگەشتن نەک سەپاندن، بۆ جارێکی تر گۆڕینی هەڵوێستی لایەنگری جیهان بۆ بەغدا، بە رۆڵی نێوەندگیری، لەو پێناوەدا دیدارێکی سیاسی و دیپلۆماتی نێچیرڤان بارزانی نابینرێت، کە تێیدا پرسی رێککەوتنی بەغداو هەولێر و ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ جێی خۆیان، باس نەکرابێت.( لە کۆتایی ئەم راپۆرتە، راپۆرتێکی درێژ لەسەر دیدارو هەولەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو مەبەستە بخوێنەرەوە).
ئەمرۆش لە ساڵیادی هێرشەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی هێزەکانی عێراق، بۆ سەر ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، خۆشبەختانە لە ئەنجامی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ویست و رێککەوتن بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بارهاتووە، جیهان رۆڵی ناوەندگیری لەنێوان هەولێرو بەغدا دەست پێکردۆتەوەو ناوندە جیهانییەکان رۆڵیان لە تەماشارەوە گۆڕ دراوە بۆ بەشێک لەچارەسەر.
وەکو ئەوەی رۆژی هەینی 2020/10/09 بەهەوڵی نێچیرڤان بارزانی و بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای سەردانی شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، رێککەوتنێکی گرنگ لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال لەنێوان بەغداو هەولێر، لەلایەن ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیەنرا، و ئاشکرای کرد “ رێککەوتنەکە لەسەر هەردوو ئاستی کارگێڕی و ئەمنییە و کۆتایی بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان دەهێنرێت“ و هاوکار دەبێت لە “ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە بۆ شنگال و گەڕانەوەی هەموو خەڵکەکەی بۆ ماڵەکانیان“.
هاوکات جینین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە لە بەدیهاتنی ئەو رێککەوتنە رۆڵی هەبووە، رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ و بە گرتنەبەری ئاراستەیەکی دروست راگەیاند، گوتیشی “ لە کاتی تێکشکاندنی داعشەوە خەڵکی شنگال رووبەڕووی سەختی زۆر بوونەتەوە، هیواخوازین ئەم رێککەوتنە یارمەتیی خەڵکی ئاوارەی ئەو ناوچەیە بدات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانیش بۆ ئەو شارە خێرابکرێت.1
هەر هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی راگەیاند، لە پەیامەکەدا رێککەوتنەکەی بەگرنگ ناو برد و رایگەیاند گهيشتن به ڕێككهوتن ئهنجامى ههستكردن به بهرپرسياريهتى، پێكهوهيى و كارى هاوبهشى لايهنه پهيوهندارهكانه، بۆیە “سوپاس و پێزانين و دهستخۆشييهكى تايبهت پێشكهش به بهڕێز سهرۆك وهزيران مستهفا كازمى دهكهين، كه ڕۆڵێكى ديارى كاريگهر و يارمهتيدهرى بينى، بۆ سهرخستنى گفتوگۆكان و گهيشتن بهم ڕێككهوتنه، ههروهها سوپاسى پشتگيرى و بهشداريى خاتوو جينين پلاسخارت نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق دەکەین، بۆ ماندووبوونى لە گهيشتن به ڕێككهوتنهكه و سوپاسی ههموو لايهك دهكهين كه يارمهتيدهر و هاوكار بوون “.2
نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە بەوەش دەدات کە “ ئهم ڕێككهوتنه ههنگاوێكى نيشتمانيانهى دروسته له بهرژهوهنديى تهواوى وڵاتدا و دهبێته هۆى بنياتنانهوه و پتهوكردنى متمانه لهنێوان حكوومهتى فيدراڵى عێراق و حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا “.
هاوکاتی هەوڵەکان بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال، هەوڵی ئاسایکردنەوەی دۆخی تەواوی ناوچەکانی سنوری مادەی ١٤٠یش کاری لەسەرکرا، بەو ئامانجە لەنێوان هەردوو لا بەغداو هەولێر، بڕیار درا بە دروستکردنی شهش ناوهندی هاوبهشی زانیاریی سەربازی، له دیالە، کهرکووک، مهخموور، موسڵ، ههولێر و بهغدا.
دواتریش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدا، لە 13-10-2020 لەسەر چەند خاڵێک، رێککەوتنێکی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق راگەیەنرا، کە بریتین لە:
ـ دەستكردن بە كردنەوەی سەنتەری سەرەکیی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە بەغدا و هەولێر.
ـ پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی ئەمنی و سەربازی مەیدانیی هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان، بەپێی كەرتەكانی ئۆپەراسیۆنەكان و بەرەكان و ئامادەكردنی نەخشە رێگەی مامەڵەكردن لەگەڵیان.
ـ دەستكردن بە كاری ئەمنی و سەربازی لە كەرتەكانی دیالە بۆ دامەزراندنی سەنتەری هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش، رێككەوتن لەسەر میكانیزمی كاری خاڵەكانی پشكنین، پەیوەندیكردنی هاوبەش و پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەمنی هاوبەش دژی تیرۆر و تاوانكاری.
بەڵام، هێشتاش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکانیدا ناڕاستەوخۆ پێویستی دانبەخۆداگرتن و پشوودرێژی زیاتر، بۆ چارەسەرکردنی تەواوی گرفتەکانی سنوری مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق، رادەگەیەنێت.
وەکو ئەوەی لە پەیامەکەیدا کە تایبەت بە رێککەوتن لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال، لەجێی راگەیاندنی کۆتایهاتنی یەکجاری کێشەکان، هیوا خوازە کە رێککەوتنەکە “ ههنگاوى ديكهى بۆ چارهسهركردنى تهواوى كێشهكانى نێوان ههردوولاى بهدوادا بێت، گهڕانهوهيهكى سهربهرزانه و ئارام و بێ كێشه بۆ خوشك و برايانى ئێزدى و تهواوى خهڵكى شهنگال و سهقامگيرى و ئاوهدانكردنهوهى ناوچهكه، دابين بكات“، داواش دەکات و پابهندى به جێبهجێكردنى ڕێككهوتنهكهوه بكرێت “، ههروهها “ داواش لە له هاوبهشه نێودهوڵهتييهكانمان دهكهين، بۆ ئاوهدانكردنهوهى شهنگال و ناوچهكه و بووژاندنهوهى ژێرخانيان هاوكارمان بن، كه دهبێته مايهى ئارامى و سهقامگيرى و ئاشتيى كۆمهڵايهتى و قووڵكردنهوهى پێكهوهژيان و لێبوردەيى لهنێوان پێكهاتهكاندا “.
1 – عێراق رێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەبارەی شنگال رادەگەیێنێت 2020/10/09
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/091020201
2- پهيامى سهرۆكى ههرێمى كوردستان دهربارهى ڕێككهوتنى ئاساييكردنهوهى دۆخى شهنگال 9/10/2020