هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌سه‌ر سووتاندنى ئاڵاى كوردستان

0

شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌نوچه‌نێت

دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن میلیشیاكانى سه‌ربه‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ به‌غدا، هێرشیان كرده‌ سه‌ر لقى پارتى و ئاڵاى كوردستانیان سووتاند، چه‌ند لایه‌نێكى عێراقى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێن سووتاندنى ئاڵاى كوردستان كارێكى نا ده‌ستوورییه‌.

ئه‌مڕۆ پیاوانى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ به‌غدا هێرشیان كرده‌ سه‌ر لقى پێنجى پارتى به‌ بیانووى لێدوانێكى هۆشیار زێبارى، وێراى سووتاندنى باره‌گاكه‌ ئاڵاى كوردستانیان سووتاند. له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى عێراقى به‌ تایبه‌تى سوننه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ و سووتاندنى ئاڵاى كوردستان به‌ ناده‌ستووریى ده‌زانن.

ئه‌حمه‌د ئه‌بوریشه‌ سه‌رۆكى كۆنگره‌ى سه‌حوه‌ى عێراقى له‌ تویتێكدا باس له‌ سووتاندنى لقى پارتى ده‌كات له‌ به‌غدا و ده‌ڵێ، “هێرشكردنه‌ سه‌ر میوانه‌كانى عێراق ده‌ستدرێژییه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌ت، سووتاندنى ئاڵاى هه‌رێم ده‌ستدرێژییه‌ بۆ ده‌ستوورى ده‌وڵه‌ت. سووتاندنى باره‌گاى هه‌ر حزبێك ده‌ستدرێژییه‌ بۆ جه‌ماوه‌رى حزبه‌كه‌”.

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت هاوپه‌یمانى قیواى عێراقى راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، “سووتاندنى باره‌گاى پارتى له‌ به‌غدا به‌ به‌رچاو و گوێى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین”.

له‌به‌شێكى ترى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى هاوپه‌یمانى قیوا، ره‌خنه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌گیرێت و هاوپه‌یمانى قیوا ده‌ڵێ، “رێگه‌دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى سیماكانى توندوتیژى نیشانه‌یه‌كى نه‌رێنییه‌ و كاریگه‌ریى به‌سه‌ر ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌. جیا له‌مه‌یش ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ لاوازیى رێكارییه‌كانى حكوومه‌ت و بێ تونایى دامه‌زراوه‌كانه‌ له‌ رێگرتن له‌ كارى سووتاندن و تێكدان”.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ته‌نیا له‌لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانى شیعه‌یش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌، له‌وانه‌ گاتع روكابی لە دەوڵەتی یاسا و ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنیت گوتى، “زۆر بەداخم بۆ ئەو رووداوە، بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی دەكەین ئەوە كارێكی قێزەونە دەرهەق بە پارتی دیمركاتی كوردستان كرا ، ئێمە ئەو جۆرە كردەوانە شەرمەزار دەكەین و بە كارێكى ناشارستانی لە قەڵەمی دەدەین”

له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى گاتع روكابى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كارى حكوومه‌ته‌ رێگریى له‌و كارانه‌ بكات و گوتى، “پێویست بوو حكومەت ڕێگر بووایە لەبەردەم ئەو دەستدرێژییەی كرایەسەر باره‌گاى پارتى، چونكه‌ وه‌ك ده‌زانرێ پارتى حزبێكه‌ له‌ حكوومه‌ت به‌شداره‌”.

له‌سه‌ر هه‌مان پرس، حامد موتله‌گ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى سوننه‌یه‌ و پێشتر په‌رله‌مانتار بووه‌، له‌ سه‌ر سووتاندنى لقى پارتى گوتى، “ئه‌گه‌ر به‌ روونى قسه‌ بكه‌م سووتاندنى لقى پارتى، هه‌ڵه‌ و نادروسته‌ و له‌گه‌ڵ مافه‌كانى مرۆڤ ویاسا و ده‌ستوور ناگونجێ و ته‌نانه‌ت له‌ به‌رژوه‌نديى عێراقیش نییه‌”.

حامد موتڵه‌گ كه‌ لێدوانى تایبه‌تى بۆ نوچه‌نێت داوه‌، ته‌نیا ره‌خنه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق ناگرێت، به‌ڵكو گومان ده‌كات رێكارییه‌كى ئه‌وتۆ بگرێته‌به‌ر تا سزاى تاوانباران بدات، ئه‌و نموونه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، “كوا تاوانبارانى كوشتنى خۆپێشانده‌ران، ئه‌وه‌ ساڵێك به‌سه‌ر كوشتنى ئه‌وان تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چى هیچ نه‌كراوه‌”.

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى باسى له‌وه‌ كرد ئه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ تاوانه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ به‌ ته‌نیا نایانه‌وێ سووكایه‌تى به‌ پارتێكه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان سووكایه‌تى به‌ ته‌واوى عێراق ده‌كه‌ن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com