گەمەکردن بەئاگر ..!

0

فەرهاد مەلا حەسەن

ئەوەی لەو وێنەیەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەسوتێنێ، هەرزەکارێکی هیچنەزانی سەر جادەو کۆڵانەکانی بەغدا نیە، بەڵکو ڕاسپێردراوی عەقڵێکی فاشیست و بۆگەنە و بەئاشکرا بە کورد دەڵێ: بەغدا چۆڵکەن و بڕۆنەوە هەولێر ..!

دەمێكە عەرەبەكانی عێڕاق بە كوردیان ووتوە “بڕۆنەوە هەولێر!”،  بەڵام  (هاتنەوە هەولێر و بەجێهێشتنی بەغدا) بەلای نوێنەرانی كوردەوە پرسیارێكی قوڕس و ئاستەم بووە، عەرەبەكان دەزانن كە كورد ناتوانێ‌ وەڵامی ئەو پرسیارە قوڕسەیان بە كردەوە بداتەوە، بۆیە بێپەروا ماوە ماوە لە پیرۆزییەكانی كورد دەدەن و هەوڵی شكاندنی شكۆ و بەزاندنی هێڵە سوورەكانی كورد دەدەن..!

پەرتەوازەیی و یەكدەنگنەبوون و، نەبوونی یەكگووتاری لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە، ئەو بۆشاییە گەورەیەیە، كە عەرەبی عێڕاقی تیایدا لاوازی كورد دەبینێ و لەوێوە گەمە بە عەقڵ و هەست و نەستی مرۆڤی كوردی دەكات، ئەوان دەزانن كە (لەباكوری ولاتەكەیاندا !) كورد خەریكی ململانێ و شكاندنی یەكترین، خەریكی مانەوە لەدەسەڵاتی خۆجێیی و مانەوەی حزبەكانیاندان، بۆیە دڵنیان كە كورد ناتوانێ بێی عێراق هەڵبكات و ئەو جورئەتە بەخۆی بدات بۆئەوەی جارێك لە جاران هێلێكی سوور و قەدەغەكراو بۆ عەرەبی عێراقی دابنێت و پێیان بڵێ “ئیتر بەسە !”.

كێشەی حزبە كوردیەكان هەمیشە ئەوەبووە كە حەزناكەن  پەند لە رابردوو وەربگرن، هێندەی خەریكی مانەوەی خۆیانن بۆ داهاتوو، هێندە حەز بەوە ناكەن رابردوویان بیربێتەوە، هەر دوور نەڕۆین ئەگەر حزبە كوردییەكان بەگشتی و (یەكێتیی و پارتی) بەتایبەتی پەندو عیبرەتیان لە رووداوەكانی وەك ریفراندۆم و دوای ریفڕاندۆمی سێ ساڵ لەمەوبەر وەرگرتبا، ئێستا نەك ئەو هەرزەكارە عەرەبە عێراقییە، بەڵكو ئاغا گەورەكەی ئەو هەرزەكارەش نەیئەتوانی نەك ئاڵای كوردستان بسووتێنێ و هێرش بكەنە سەر بارەگای حزبێكی كوردی، بگرە نەیانئەتوانی بە تیەجاوێكیش سەیری منداڵێكی كوردی دانیشتووی لەمێژینەی بەغداش بكەن..! بەڵام بەداخەوە ئەوە كورد خۆیەتی دەرفەت بۆ دوژمانی دروست دەكات و رێگەی بۆ خۆشدەكات تا لە شكۆی نەتەوەیی و پیرۆزییەكانی بدرێت..!!

كورد وەك نەتەوە، لەخۆیدا مەزن وبە شكۆیە، بەڵام بەداخەوە  نوێنەرانی ئەو سەردەمەی كورد بوونەتە هۆكار بۆ لاوازی و بێهێزی كورد، ئەی ئەوە نیە (یەكێتی و پارتی) هەموو جومگە و ناوەندە جیاجیاكانی ئەو هەرێمەیان بە ململانێكانی خۆیان تەنیوەو تەواوی  دەزگا یاسایی و دەستوورییەكانی ئەو هەرێمەشیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە؟ جارێك لەناو حزب و جارێكیش لەناو حكومەت و پەرلەمانەوە.. ، جارێك لەهەولێرو جارێكیش لە سلێمانی و دهۆك و كەركووك و رانیەوە، پەیامی دوژمنكارانە بەیەك دەدەن؟! بۆیە ناكرێ لۆمەی دوژمن بكرێ كە چۆن و بە چ شێوازێك مامەڵە لەبەرانبەر پیرۆزییەكانی كورد بكات.

تاكە شوێنێك لەو هەرێمە كە دڵم پێیخۆشەو بۆنی كۆبوونەوەی كوردی و یەكدەنگبوونی لێدێت، بارەگای سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە جارجارە نوێنەرایەتی تەواوی حزبەكانی كوردستانی  لێدەبینرێ ، بۆیە دەكرێ ئەم  ناوەندە باڵایە، زیاتر و باشتر بۆ دروستكردنی یەكگووتاری كوردی كارا و زیندووتر بكرێتەوەو زیاتریش جەختی كاركردنی لەسەر كوشتنی ململانێ ناتەندروستەكانی حزبەكان بێت، ئێستاش كات درەنگ نیە بۆئەوەی لەو ناوەندە باڵایەوە ململانێ ناوخۆییەكان بەتەندروست بكرێن و بەهێزیی و یەكدەنگی كوردی لێدروست بكرێ، بۆ ئەوەی بتوانین لەداهاتوودا ئەوانەی كە ئالاكەمان دەسوتێنێ و هێرشی سەر بارەگاكانمان دەكات، بەكردەوە پێیان بڵێین :” ئەوەی گەمە بە ئاگر بكات ، دواجار دەستەكانی دەسووتێ‌!!” .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com