راپۆرتى نوچه‌نێت
رێككه‌وتنى ئۆپیك پڵه‌س یه‌كێكه له‌و رێككه‌وتنه ئابوورییانه‌ى جیهان كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى لێكه‌وته ئابوورییه‌كانى په‌تاى كۆرۆنا له كه‌رتى له دنیا ئه‌نجام درا. بیرۆكه‌ى رێككه‌وتنه‌كه ئه‌وه‌یه: بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له بازاڕه‌كان هه‌ر وڵاتێكى به‌رهه‌مهێن به‌گوێره‌ى ئه‌و رێژه‌یه‌ى له رێككه‌وتنه‌كه بۆى دیاركراوه، ئاستى به‌رهه‌مهێنان كه‌م بكاته‌وه، تا نرخى نه‌وت به‌رز ببێته‌وه.
له‌كۆتایى مانگى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌شارى وۆهانى چین بڵاوبووه‌وه و دواتر به خێرایى وه‌ك په‌تایه‌كى جیهانى ده‌ركه‌وت وكۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تى بۆ رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاكه قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه‌ى گشتییان راگه‌یاند.
له ئه‌نجامى ئه‌و رێكارییانه كه‌رته سه‌ره‌كییه‌كانى ئابوورى وه‌ك: پیشه‌سازى، گواستنه‌وه، گه‌شتیارى، بازرگانى، وزه هه‌موو وه‌ستان و بۆیه نرخى نه‌وت له بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌زى ته‌نانه‌ت له چه‌ند رۆژێكدا گه‌یشته ژێر سفر.
ئه‌مه وایكرد وڵاتانى به‌رهه‌مهێنى نه‌وت بیر له چاره‌سه‌رییه‌ك بكه‌نه‌وه، بۆیه به‌په‌له كه‌وتنه دانوستاندن، سه‌ره‌تا مشت‌ومڕ و ركابه‌رییه‌ك له‌نێوان سعوودیه و رووسیا دروست بوو، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى ئه‌مساڵ رێككه‌وتن له‌وه‌ى نزیكه‌ى 10 ملیۆن به‌رمیلى رۆژانه له‌سه‌ر ئاستى جیهان له به‌رهه‌مى نه‌وت كه‌م بكرێته‌وه، ئه‌مه‌یش ناونرا رێككه‌وتنى ئۆپیك پڵه‌س “+OPEC”.
ناوه‌كه‌ى له‌وه هاتووه ئه‌ندامانى رێكخراوى ئۆپیك كه ژماره‌یان 12 ئه‌ندامه، له‌گه‌ڵ وڵاتانى تر كه له رێكخراوه‌كه ئه‌ندام نیین و ژماره‌یان 10 ئه‌ندام بوو، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كه‌یان بڕێك له‌به‌رهه‌مه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه تا نرخى نه‌وت به‌رزتر ببێته‌وه.
سه‌ره‌تا عێراق داواى كرد بۆئه‌وه‌ى لێخۆشبوونى بۆ بدرێت، به بیانووى ئه‌وه‌ى بارودۆخى ئابوورى خراپه و نه‌وت 95% داهاتى پێكده‌هێنێ، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ى عێراق ره‌تكرایه‌وه، ته‌نیا مه‌كسیك نه‌بێت لێخۆشبوونى بۆ درا به‌وه‌ى بڕێكى كه‌م به‌رهه‌مى دابه‌زێنێ، به‌و مه‌رجه‌ى ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یى نیشاندا له‌برى مه‌كسیك نه‌وته‌كه‌ى خۆى كه‌م بكاته‌وه.
به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه ده‌بوایه عێراق مانگانه بڕى ملیۆنێك و 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له به‌رهه‌مى خۆى كه‌م بكاته‌وه. دواى ته‌واوبوونى رێككه‌وتنه‌كه وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق یاداشتێكى بڵاوكرده‌وه وپابه‌ندبوونى خۆى به رێككه‌وتنه‌كه دووپات كرده‌وه، یه‌كێك له بڕگه‌كانى یاداشته‌كه روونى كردبووه‌وه ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه.
سامر غه‌زبان وه‌زیرى پێشووى نه‌وتى عێراق، ئه‌و كات چه‌ند لێدوانێكى له‌سه‌ر ئه‌م بڕگه‌یه داوه و له‌وانه گوتوویه‌تى ئاستى به‌رهه‌مێنانى نه‌وتى كورستان ده‌گاته نزیك ملیۆنێك به‌رهه‌م له رۆژێكدا، ده‌بێت ئه‌ویش پابه‌ند بێت به رێككه‌وتنه‌كه.
جگه له‌و لێدوانانه‌ى وه‌زیرى نه‌وت هیچ رێككه‌وتنێك و میكانیزمێكى رۆشن له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق نییه، تا بڕى ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه دیار بكات كه كوردستان له‌سه‌ریه‌تى ئه‌نجامى بدات. هه‌رچه‌نده دانیشتنێك له مانگى نیسانى رابردوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه.
جیا له‌وه‌یش له ماوه‌ى دوو مانگى رابردوودا، چه‌ندان راپۆرتى نێوده‌وڵه‌تى بڵاوكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عێراق به خراپى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كه ده‌كات و زۆرجار پابه‌ند نابێت.
دیاره له ته‌واوى ئه‌و ماوه‌یه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێكراوه حكوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا ناته‌باییان له‌سه‌ر داهاتى نه‌وت و به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا هه‌بووه، بۆیه پابه‌ندبوون به رێككه‌وتنى ئۆپیك پڵه‌س مه‌سه‌له‌یه‌ك بووه هه‌ر باس نه‌كراوه.
كاتێكیش عێراق به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێ كه پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كه نییه، ئه‌وا ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى ئێستاى نه‌وتى عێراق باسى له‌وه كردووه كه هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌ند نابێ به رێككه‌وتنه‌كه‌وه.
بۆیه ئه‌مڕۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه داوه، گوتوویه‌تى حكوومه‌ت لارى نییه له‌وه‌ى پابه‌ند بێت به رێككه‌وتنى ئۆپیك پڵه‌س به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى بارودۆخى دارایى هه‌رێم له لایه‌ن به‌غداوه له‌به‌رچاو بگیرێت وشایسته داراییه‌كانى له به‌غداوه دابین بكرێت.