ساڵانە لە سنووری سلێمانیدا زیاتر لە 400 تەن هەنگوین هەیە

0

–       تا ئێستا حكوومەتی هەرێم نازانێ بەرهەمی ساڵانەی هەنگوین لەهەرێمی كوردستان چەندە

–       توركیا دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان بۆ هاوردەی هەنگوین، زۆربەی هەنگوینەكەشی لە باكووری كوردستانە

–       زیاتر لە  %95 ی هەنگوینی ئەم فیستڤاڵە لەئاستێكی باشی كوالێتی دایە

–       ئەو كەسانەی بەشداری فیستڤاڵ دەكەن پێشتر بەڵێنامەیان نووسیوە كە نابێ بەهیچ شێوەیەك هەنگوینی خراپ بهێننە فیستڤاڵەكە

رۆژی 27ی تشرینی یەكەم فیستڤاڵی هەنگوین لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی كرایەوە، ئەمە پێنجەمین فیستڤاڵە كە ساڵانە بۆ بەرهەمی هەنگوین سازدەكرێت، سیروان ئەبوبەكر ماوەتی كە یەكێكە لە بەشداربووانی ئەو فیستڤاڵە وەبەرهێنەری دیاری هەنگوینە و ئەندامی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستانە لەبارەی ئەو فیستڤاڵەو كێشەو گرفتەكانیان ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی هەنگوین لەهەرێمی كوردستاندا، وەڵامی چەند پرسیارێكی (نوچەنێت) دەداتەوە..

نوچەنێت. دیداری : فەرهاد

نوچەنێت: ئامانج لەو فیستڤاڵەتان چییە كە ساڵانە بەڕێوەی دەبەن؟

سیروان ماوەتی: ئێمە وەك كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان كە كۆمەڵەیەكی خۆبەخشین و مۆڵەتی رەسمیمان هەیە، ساڵانە ئەم جۆرە فیستڤاڵانە رێكدەخەین، ئەمساڵیش 36 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەشداریان كردووە، ئامانجمان لە كردنەوەی ئەم فیستڤاڵە ئەوەیە كە دەمانەوێ‌ راستەخۆ بەرهەمەكانمان بەكڕیاران بناسێنین، بۆئەوەی كڕیاریش بە ئاسانی دەستی بگاتە هەنگوینی باش و رەسەن، بۆیە لەو جۆرە فیستڤاڵەدا كەسی خاوەن هەنگوین كەسێكی ناسراوەو  ناتوانێ‌ فێڵ لەخەلك بكات، پاشان كە كریاردێت لەو فیستڤاڵە هەنگوین دەكڕێ هەرزانتر لە بازاڕی ئاسایی دەستی دەكەوێت، چونكە كە كەسێكی بازرگان دێت هەنگوین لەمن بكڕێ دواتر كە ئەیباتە بازاڕ قازانجی خۆی ئەخاتە سەر و نرخەكەی بۆ كڕیار گرانتر ئەوەستێ، ئەمەو جگە لەوەی كە كڕیار لێرە هەنگوینی باش و بەكوالێتی بەرزی دەست دەكەوێ‌.

نوچەنێت: ئەو هەنگوینەی كە ئێوە لەو فیستڤاڵە نمایشی ئەكەن و ئەیفرۆشن، ئایا لەڕووی كوالێتییەوە هەموو هەنگوینەكەتان وەك یەك لە ئاستێكی باشدایە، یان جیاوازیتان هەیە؟

سیروان ماوەتی: بەدڵنیاییەوە، چونكە ئەو 36 كەسەی كە بەشداری ئەو فیستڤاڵەیان كردوە كەسانی دڵسۆزن و گومان لە كارەكانیدا نیە، دەتوانین بڵێین زیاتر لە  %95 ی هەنگوینی ئەم فیستڤاڵە لەئاستێكی باشی كوالێتی دایە. چونكە ئێمە وەك وەبەرهێنەر هەنگوین ئەگەر هەنگوینی خراپ بدەینە خەڵك ئەوا بەدڵنیاییەوە جارێكی ئەو خەڵكە روومان تێناكاتەوە، لەلایەكی تر ئێمە پشكنین بۆ هەموو ئەو هەنگوینانە دەكەین بەر لەوەی بەشداری لە فیستڤاڵ پێبكەین واتا فلتەرێكمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو هەنگوینەی لە فیستڤاڵ نمایش دەكرێ كوالێتییەكی زۆرباشی هەیە، جگە لەوانەش ئەو كەسانەی وەك وەبەرهێنەری هەنگوین بەشداری ئەو دەكەن پێشتر بەڵێنامەیان نووسیوە كە نابێ بەهیچ شێوەیەك هەنگوینی خراپ و كوالێتی نزم بێننە فیستڤاڵەكە، واتا هەر كەسێك بەشداری لەو فیستڤاڵە دەكات بەرپرسیارییەتێكی گەورەشی دەكەوێتە سەرشان. دواتر ئەوانەی بەشداری فیستڤاڵەكەیان كردووە خۆیان هەنگەوانن و بازرگانی هەنگوین نین.

نوچەنێت: باست لەوەكرد كە بەشداربووانی ئەو فیستڤاڵەتان لەزۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاتوون و بەشداریان تێدا كردووە، ئەی بۆچی بۆ داهاتوو هەوڵنادەن هەنگەوانانی بەشەكانی دیكەی كوردستانیش بەشداری پێبكەن، بۆ ئەوەی كارەكەتان زیاتر گشتگیرتر بێت؟

سیروان ماوەتی: دەكرێ ئەو پێشنیارە لە كۆنگرەیەكی هەنگەوانیدا بخرێتەڕوو، بەڵام ئەوەی جێی ترسە بەلای ئێمەوە ئەوەیە كە كوالێتی هەنگوینەكە داببەزێ‌، بۆ نموونە من ژمارەیەك لە هەنگەوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەناسم تەنانەت هەنگەوانە ئێرانیەكانیش دەناسم ، بەڵام وەك وتم كێشەی ئێمە ئەوەیە كە لەگەری بەشداربوونی كەسانی زۆر هەنگوینی خراپ  نمایش بكرێ، چونكە هەنگوینی ئێران بەتایبەتیش ئەوەی هاوردە دەكرێ هەنگوینێكی خراپە، لەكاتێكدا هەنگەوانانی ئێران زۆر باشە ئەكادیمین، هەروەها لە ئێستاشدا هاوردە كردنی هەنگوینی ئێرانی لەلایەن حكوومەتەوە قەدەغە كراوە بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆمان زیاتر لەبازار بفرۆشرێ، بۆیە هیوائەخوازین ئەو پێشنیارە جێبەجێ بكرێ و حكومەتیش یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی دەزگایەكی باشی پشكنینمان بۆ ئامادە بكات بۆ ئەوەی ئەگەر لەكاتێكدا هەنگەوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان یان باكووری ییكوردستان بیانەوێ بەشداری ئەو فیستڤاڵە بكەن پشكنین بۆ هەنگوینەكەیان بكرێ و رێگری لەوە بكەین كە هەنگوینی خراپ لەو فیستڤالانە نەدرێتە كڕیارەكان. بۆ زانیاریش هەنگەوانەكانی كوردستانی ئێران كەسانی زۆر لێزان و ئەكادیمین، لە باكووری كوردستانیشدا هەنگوینێكی زۆرباش و هەنگوانی زۆر ئەكادیمی هەن تەنانەت لەتوركیا رێژەیەكی زۆر لە هەنگوین هەیە كە هەمووی كەوتۆتە باكووری كوردستان، هەربۆیەشە لەبەر بوونی رێژەیەكی زۆری هەنگوین، توركیا لەدوای وڵاتی چیینەوە بەدووەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت بۆ هەناردەی هەنگوین بۆ وڵاتانی جیهان.

نوچەنێت: هەنگوینی هەرێمی كوردستان بۆ چەند وڵات دەنێردرێت؟

سیروان ماوەتی: لە ئێستادا بازاری هەنگوینی كوردستان خواروو ناوەڕاستی عێراقە، بەڵام من خۆم بۆ وڵاتانی كەنداو وەك بەحرین و ئیمارات و هەندێ‌ وڵاتانی ئەوڕوپا دەنێرم ئەویش بەرێژەیەكی كەم، بۆیە ئێمە پێویستمان بەهەندێ شت هەیە كە حكوومەت بۆمان بكات بۆ ئەوەی بتوانین رێژەیەكی زۆری هەنگوین بنێرینە وڵاتانی جیهان، لەوانەش پێویستە دابینكردنی قوتووی هەنگوین لێدانی لۆگۆیە لەسەر قوتووەكە، دیارە ئەوەشیان لەتوانای ئێمە دا نیە بیكەین ، هەرچەندە من بۆ بەرهەمەكانی خۆم تاڕادەیەك ئەوەم كردووە.

نوچەنێت: تا ئێستا حكوومەت چی بۆ كردوون و لەئێستاشدا چ داواكمارییەكتان لە حكوومەت هەیە؟

سیروان ماوەتی: دیارە لەسەر حكوومەتە گرنگییەكی تایبەت بە كەرتی هەنگەوانی بدات وەك هەر كەرتێكی تر، بەڵام لەو دۆخەی ئێستادا كە قەیران لە ئارادایە پێموانیە هیچ بكرێ، بەڵام ئەوەی پێویست و گرنگە حكوومەت بۆمان بكات ئەوەیە كە خولی راهێنانی جۆراوجۆرمان بۆ بكاتەوە وەك هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو دەیكات، بۆئەوەی هەنگوانی كوردیش لەروێكی زانستییەوە فێربكرێن، هەروەها پێویستە حكوومەت ساڵانە ئاسانكاریمان بۆ بكات بۆ ئەوەی بتوانین بچینە دەرەوەی هەرێم و بەشداری لە خول و كۆبوونەوەكانی تایبەت بە هەنگەوانی بكەین، دیارە لەسەر حكوومەتە  زۆر شتمان بۆ بكات، بەتایبەتیش داخستنی مەرزەكان بۆ ئەوەی هەنگوینی خراپ نەیەتە ناو كوردستان، هەروەها دابینكردنی دەزگایەكی باش بۆ پشكنینی هەنگوین . لێرەشەوە بەپێویستی دەزانم سوپاسی كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بكەم كە گرنگی بەو كەرتە دەدات و لەمساڵیشدا بۆ چاپكردنی مێوی هەنگ بڕی 10 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی دابین كرد.

نوچەنێت: وەك ئێوە پێشبینی دەكەن، ساڵانە رێژەی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە هەرێمی كوردستان چەندە ؟

سیروان ماوەتی: بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش پێویستە روو لە حكومەت بكەینەوە كە تا ئێستا حكومەت نازانێ ساڵانە چەند كیلۆ یان چەند تەن هەنگوین لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێ، لەكاتێكدا لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ هەیە، پێویسستە حكوومەت ئەوە بزانێ كە بەرهەمی ساڵانەی هەنگوین چەندە، ئامارێكی لەبەردەست نیە ، نازانێ چەند هەنگ ساڵانە دەمرن و هەنگەوانانیش پێویستیان بە چییە، دیارە ئەمەش شتێكی زۆر سادەیە بەڵام حكوومەت نەیتوانیوە بیكات، بۆیە لێرەوە پێشنیار بۆ خاتوو بێگەرد وەزیری كشتوكاڵ دەكەم، كە ئەمساڵ ئاوڕێكی جدی لە هەنگەوانان بداتەوە.

لەبارەی رێژەی بەرهەمهێنانی هەنگوینیش لەهەرێمی كوردستاندا ـ ئەوەی من لەنزیكەوە ئاگادار بم تەنها لە سنووری سلێمانیدا 400 تا 500 تەن بەرهەمی هەنگوین هەیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com