راپۆرتێكی ئەمەریكی: پێویستە هەولێر وەك هاوپەیمانێكی بەهێزی واشنتن لەناوچەكە بمێنێتەوە

0

نوچه‌نێت

بەپێی راپۆرتێكی ئەمەریكی بە پێویست دەزانرێ كە ئەمەریكا بە شێوەیەكی بەردەوام پشتگیريی و هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی لەناوچەكەدا هەولیَر وەك هاوپەیمانێكی بەهێزی واشنتن بمێنێتەوە.

ماڵپەری (The Hill) ی ئەمەریكی راپۆرتێكی (سیپ ج. فرانتزمان) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ لێكۆڵینەوەی بڵاوكردۆتەوەو ناوبراو لە راپۆرتەیدا ئاماژە بەوە دەكات “ئەگەر میلیشيا چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا رابگرن لە ترسی ئەوەی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكییەوە وەڵام دەدرێنەوە، بەڵام ئەو میلیشیایانە هێرش بۆ سەر هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا راناگرن، بەتایبەتیش كورد، ئامانجی ئەو میلیشیایانەش بۆ هێرشكردنە سەر هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا ئەوەیە كە فشاریك لەسەر ئەمەریكا دروست بكەن بۆئەوەی عێراق بەجێبێڵێ، بەمەش دەرفەتی باشتر بۆ میلیشیاكان دێتە ئاراوە كە بەئاسانی دەست بەسەر تەواوی عێراقدا بگرن”.

ناوبراو لەو راپۆرتەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە هەفتەی رابردوو  سەدان ئەندام و لایەنگری (حەشدی شەعبی) كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیريی دەكرێن، لەناوەڕاستی بەغدای پایتەخت هەڵیان كوتایە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان و بەر لەوەی بیسوتێنن، هەرچی لەناو ئەو بارەگایەدا بوو تێكیان شكاندن، لەكاتێكدا پۆلیسێكی زۆریش لەنزیك ئەو بارەگایە بڵاوەیان پێكرابوو.

راپۆرتەكە دەشڵێ ” لە رۆژی 30 ئەیلولی رابردوو هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر بنكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەولێر، ئەمەش یەكەمین هێرشی لەو جۆرە بوو كە كرابێتە سەر ئەو بنكەیە لە هەولێر و پێشتر ئەوە رووی نەدابوو”.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ لێكۆڵینەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە “ماوەی چەند ساڵێكە (حەشدی شەعبی) وەك (دەسەڵاتدارێكی دەوڵەتيی لەناو دەوڵەتێكدا) مامەڵە دەكات بۆ ئەمەش چەندین خاڵی پشكنین  و بنكەی سەربازییان لەزۆربەی شوێنەكانی عێراق داناوە”.

ناوبراو دەشڵێ “ئیدارەی ترامپ لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانە سەركەوتوو بووە ئەوەیش بەهۆی بەكارهێنانی هێرشە ئاسمانییەكان و هەڕەشەی جۆراوجۆر، بۆیە ئەو میلیشیایانە بەدووری دەزانن كە ئەگەر ئەمەریكا بكەنە ئامانجی خۆیان،  سەرۆك ترامپ وەڵامی بەهێزیان بداتەوە، هەربۆیەشە هێرش دەكەنە سەر هاوپەیمانەكانی ئەمەریكی لەو ناوچەیەدا”.

بۆیە ناوبراو بەپێویستی دەزانێ‌ كە واشنتن بەردەوام بێت بەهێزكردن و گرنگیدانی لایەنی ئەمن و ئاساییش لە هەرێمی كوردستاندا، دەشڵێ “دوای ئەوەی لەو ناوچەیەی كە حەشدی شەعبی لێبوو هێرشی مووشەكی كرایە سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمەریكا بەهۆی فشارەكانییەوە توانی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی كە بەناوی لیوای 30 لەو ناوچەیە بوون ، پاشەكشەیان بۆ سنووری دەرەوەی هەولێر پێبكات “.

ناوبراو لە كۆتاییشدا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “گرنگە ئەمەریكا لەو ناوچەیە فشارەكانی بەردەوام بێت و هەمانكاتیش بەردەوام لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی كورد ئاڵوگۆڕی زانیاری بكەن و هەماهەنگی بەردەوامیان هەبێت، بۆ ئەوەی (هەولێر) بتوانیَ وەك هاوپەیمانێكی بەهێزی (ئەمەریكا) لەناوچەكەدا بمێنێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com