كێ بوو چه‌له‌بى كوشت؟

0

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ پێنج ساڵ به‌سه‌ر مردنى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و كه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان بوو و به‌دواى دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى بوو، گومانێكى زۆر ده‌كرێ ژه‌هرخوارد كرابێ و بۆ په‌ره‌پۆشكردنى دۆسییه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌ ناوبرا بێت.

ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى كێ بوو؟

ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى له‌ ساڵى 1944 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كى شیعه‌ له‌دایكبووه‌ و پیاوێكى عه‌لمانى بوو، یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانى ئۆپۆزسیۆنى عێراق و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كارى بۆ رووخاندنى رژێمى به‌عس كردووه‌. سه‌رۆكى قه‌واره‌یه‌كى سیاسى بوو به‌ ناوى كۆنگره‌ى نیشتمانى عێراقى و چه‌ندان پۆستى له‌ ژیانى سیاسى و حكوومى هه‌بووه‌. بڕوانامه‌ى دكتۆراى له‌ ئابوورى هه‌بوو دواجار سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى بوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق.

له‌ سێى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2015 چه‌له‌بى له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆى له‌ به‌غدا كۆچى دوایى كرد، گوتیان به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ مردووه‌. به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا گومانێكى زۆر له‌سه‌ر مردنى ئه‌و هه‌یه‌ و ده‌گوترێ به‌ ژه‌هر له‌ناوبردراوه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ و چه‌ندان ماڵپه‌ڕى ترى به‌ناوبانگى عه‌ره‌بى وعێراقى ئه‌مڕۆ باسیان له‌ مردنى چه‌له‌بى كردووه‌. جه‌زیره‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوى گومان ده‌خاته‌ سه‌ر مردنه‌كه‌ى و ده‌پرسێ، “دواى پێنج ساڵ له‌ مردنى، ئایا ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى تیرۆر كرا بۆ ئه‌وه‌ى نهێنیه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌ عێراق بشاردرێنه‌وه‌؟”.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى چه‌ندان دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى گرنگى لا بووه‌ و گومان له‌وه‌ ده‌كرێ ده‌ستێك بۆ له‌ناوبردنى هه‌بووبێ، تا دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى په‌رده‌پۆش بكرێت.

چه‌ند كه‌سێكى نزیك له‌ چه‌له‌بى له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئه‌مڕۆى جه‌زیره‌ قسه‌یان كردووه‌، قسه‌كانى ئه‌وان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ گومانێكى له‌ مردنى چه‌له‌بى هه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د مه‌سارى په‌رله‌مانتارى پێشوو ده‌ڵێ، چه‌له‌بى به‌دواى دۆسیه‌مانى گه‌نده‌ڵى بوو و هۆشداریى له‌ داكه‌وتنى ئابوورى عێراق ده‌دات، ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆئه‌وه‌ى مردنه‌كه‌ى ناڕۆشن بێت.

مه‌سارى پێیوایه‌ له‌وانه‌ ژه‌هرخوارد كرابێ، به‌ڵام تا ئێستا هۆكارى مردنه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌قینه‌ نه‌زانروه‌. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید په‌رله‌مانتارى كورد به‌شێوه‌یه‌كى تر گومان له‌سه‌ر مردنه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێ، “ته‌ندروستییه‌كى باشى هه‌بوو، هه‌میشه‌ وه‌رزشى ده‌كرد و بابه‌خى به‌ ته‌ندروستى خۆى ده‌دات، رۆژێك گله‌یى له‌ ته‌ندروستى خۆى نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ به‌ ته‌ندروستییه‌كى باش ده‌ركه‌وتووه‌”.

ره‌شید دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ تا ئێستا هه‌واڵگرى و ده‌زگاكانى ترى عێراق نهێنى مردنى چه‌له‌بییان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

ئینتفاز قه‌نبه‌ر كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسى نزیك له‌ چه‌له‌بى بووه‌ و پێیوایه‌ تیرۆر كراوه‌، به‌ تایبه‌تى ده‌زانرى له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ چه‌ندان هه‌ڕه‌شه‌ى لێكراوه‌.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com