رووداوه‌كه‌ى چه‌مانكێ.. له‌نێوان دوو گێڕانه‌وه‌ى جیاوازى پێشمه‌رگه‌ و هه‌په‌گه

0

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنێكدا له‌ ناحیه‌ى چه‌مانكێى سه‌ربه‌ ئامێدى دوو پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون وپێشمه‌رگه‌یه‌كیش شه‌هید بوو، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌رچۆنیه‌تى رووداوه‌كه‌ داوه‌ و دواتریش هه‌په‌گه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ى رووداوه‌كه‌ى گێڕانه‌وه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ر دوو روونكردنه‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌  “ته‌قه‌كه‌ر نه‌وه‌ك هێرشبه‌ر” وه‌سف كراوه‌.

به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، چوارى تشرینى دووه‌م له‌ رووداوێكى “ته‌قه‌كردن” له‌گوندى بێبادێ له‌ ناحیه‌ى چه‌مانكێى سه‌ربه‌ قه‌زاى ئامێدى دوو پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون و پێشمه‌رگه‌یه‌كیش به‌ ناوى “هێرش خۆشناو” شه‌هید بوو. په‌نجه‌ى تۆمه‌تباركردنیش بۆ هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ درێژ ده‌كرێ.

سه‌ره‌تا رووداوه‌كه‌ به‌ “ته‌قه‌كردن” وه‌سف ده‌كرێت، به‌ڵام كێ ته‌قه‌ى كردووه‌؟ ئه‌وا سه‌ره‌تا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دواتریش هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ “هه‌په‌گه‌” روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ى ده‌ریبخه‌ن ته‌قه‌كردن بووه‌ نه‌وه‌ك هێرشبردن.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ په‌كه‌كه‌ هێرشى راسته‌وخۆى نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ته‌قه‌ى كردووه‌، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ گوتوویه‌تى، هێزه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ رۆیشتوون هێزه‌كانیان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن مینیان پێ ته‌قیوه‌ته‌وه‌ ودواتر په‌كه‌كه‌ ته‌قه‌ى كردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا دوو پێشمه‌رگه‌ بریندارن و یه‌كێكیش شه‌هید بووه‌.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و لێدوانه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانى نزیك له‌ په‌كه‌كه‌وه‌ به‌كارهاتووه‌ و وه‌ك به‌رگرییه‌ك له‌خۆیان بایه‌خیان به‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ داوه‌. نوچه‌نێت هه‌وڵى دا به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بدوێنێ، ته‌نیا بابه‌كر پشده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى راگه‌یاندن و رۆشنبیرى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ لێدوانى دا و ئه‌ویش گوتى، “ئەو رووداوەی روویداوه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ پێشمەرگەكان رۆیشتوون بۆ ئەوەی هێزەكان بەدل بكەن و سەردانی رەبیەكانی ئەو ناوچە بكەن تەقینەوە بووە، لەدوای تەقینەوەكە لەلایەن پەكەكەوە تەقەكراوە

به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌ ناڕۆشنییه‌ك له‌ لێدوانه‌كانیان هه‌بووه‌ و بۆیه‌ جارێكى تر روونكردنه‌وه‌یان داوه‌، له‌وانه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌ك به‌ ناوى لیوا قاره‌مان كه‌مال جێگرى سه‌رۆك ئه‌ركان بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كى داوه‌ وگوتوویه‌تى، “لەبارەی رووداوەکەی ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک، هەندێ کەناڵ و میدیای سێبەر، لێدوانێکی ئێمەیان شێواندوە و هەواڵێکی ناڕاست و چەواشەکارانەی دوور لەئەخلاقی میدیاییان بڵاوکردۆتەوە، بەوەی گوایە پۆزش بۆ رووداوەکە لەبەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو دەهێنینەوە. لێرەوە رایدەگەینین، چیرۆکی وەها داڕێژراو جێی گومانە و مەرامی خراپەکارانی لەپشتە، بۆیە بەتوندی ئەو هەوڵە نەزۆکانە رەتدەکەینەوە. لیوا قارەمان شێخ کەمال جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپڕاسێونەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە“.

وه‌ك له‌ لێدوانه‌ جیاوازه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ، لایه‌نى بكه‌رى هێرشه‌كه‌ هه‌ر په‌كه‌كه‌یه‌، به‌ڵام ناوى “هێرشبه‌ر”ى بۆ به‌كارنه‌هاتووه‌ و وه‌ك “ته‌قه‌كه‌ر” وه‌سف كراوه‌. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ى رووداوه‌كه‌ هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بێت، ئه‌وا هه‌په‌گه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ تۆزێك جیاوازتر رووداوه‌كه‌ى گێراوه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تى، “لەوێ دوو مین بە هامەرەکانیان تەقێنرایەوە و بەم شێوەیە هەوڵدرا کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانیان بکرێت“.

ئه‌مه‌ له‌ ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌ى هه‌په‌گه‌ هاتووه‌ كه‌ باس له‌ رووداوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى چه‌مكى ده‌كات و له‌ لایه‌ن ئاژانسى فه‌رمى په‌كه‌كه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. واته‌ ئه‌وانیش ده‌ڵێن په‌كه‌كه‌ ته‌قه‌ى كردووه‌ و  بۆمبى په‌كه‌كه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى رێگرى له‌ پێشكه‌وتنیان بكرێت، به‌ڵام هێرشیان نه‌كردووه‌.

به‌ر له‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ كاتێك ته‌قه‌ له‌ هێزه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرا، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ رووداوه‌كه‌ بۆ نوچه‌نێت، باسیان له‌وه‌ كرد هێزێكى رێكخستنى پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانى گوندى به‌بادێى كردووه‌، له‌وێ بۆمبییان پێ ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و دواتر ته‌قه‌یان لێكراوه‌، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ كرا لیوا حه‌سه‌ن نوورى به‌رپرسى رێكخستنى پێشمه‌رگه‌ به‌رپرسى هێزه‌كه‌ بووه‌، نوچه‌نێت په‌یوه‌ندى به‌ لیوا حه‌سه‌ن كرد، به‌ڵام ئه‌و ئاماده‌ نه‌بوو لێدوان بدات به‌هۆى ئه‌وه‌ى تازه‌ ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌رفه‌تى بۆ لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى رووداوه‌كه‌ نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ و به‌ فه‌رمى ئیدانه‌ى كردووه‌ و په‌كه‌كه‌ى تۆمه‌تبار كردووه‌، له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حكوومه‌ت هاتووه‌ په‌كه‌كه‌ هێڵى سوورى به‌زاندووه‌ و هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ كراوته‌ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com