شیعەكان لە رێككەوتننامەی شنگال دەترسن..!

0

(نوچەنێت). ئامادەكردنی : فەرهاد

زیاتر لە مانگێكە رێكەوتننامەی (شنگال) لەنێوان حكومەتی ناوەندی عێراق و حكومەتی هەرێم واژوو كراوە، بەڵام تا ئێستا خاڵ و بڕگەكانی ئەو رێكەوتنە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەك حكوومەتی ناوەند ئاماژەی پێدەكات، “كۆسپ و بەربەست دروستكراون بۆ ئەوەی رێكەوتنەكە جێبەجێ نەكرێت”. دەشڵێ ئەوانەی بوونەتە رێگر چەند هێزێكی سیاسیین و فشاری جۆراوجۆریان دروست كردووە، ئەو هێزانەش نزیكن لە (حەشدی شەعبی)یەوە”.

ناوەڕۆكی رێكەوتننامەی (شنگال)كە لەمانگی تشرینی یەكەمی رابردوو ئیمزا كرا لە سێ خاڵی سەرەكی خۆی دەبینێتەوە ئەوانیش بریتین لە (ئیدارەدان و ئاوەدانكردنەوەو لایەنی ئەمنی) كە سێیەمیان دەركردنی هێزە نایاساییەكان لە شنگال دەگرێتەوە لەوانەش پارتی كرێكارانی كوردستان.

لە ئێستادا حكوومەتی ناوەند وەك خۆی دەڵێ بەربەستی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی نەتوانێ‌ هێزە نایاساییەكان لەو ناوچەیە دەربكات بەتایبەتیش ئەوانەی ئێستا خۆیان لەژێر پەردەی حەشدی شەعبی شاردۆتەوە.

دەبوایە ئەو رێكەوتننامەیە بكرێتە نموونەیەك بۆ جێبەجێ كردنی لەتەواوی ئەو ناوچانەی كە بە (ناوچەی كێشە لەسەر) دەناسرێن، بەڵام ئەوەی ئێستا لە جێبەجێ كردنی رێكەوتنامەكەی (شنگال) دەبینرێ، بێ ئەنجام بووە.

عیسمەت رەجەب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەی (المدی)ی راگەیاندووە ” حكوومەتی بەغدا تا ئێستا نەیتوانی خاڵەكانی ئەو رێكەوتننامەیە جێبەجێ بكات،  كێشە سەرەكییەكەش لەبەردەمیدا بوونی ئەو هێزە نایاساییانەن كە لەناو (شنگال)دان”.

ئەو هێزە نایاساییانەی لە (شنگال)ن بەنزیكەی 10 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرێن، كە لەناویاندا رەگەزنامەی جیاوازی تێدایە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی كە لە سنووری شاری موسڵدایە دەڵێت “گروپە چەكدارەكانی ناو (شنگال) وابەستەی حەشدی شەعبین، دواجار ئەوانیش پلانی خۆیان بۆ دۆخی ئەو ناوچەیە هەیە”.

رێكەوتنامەی (شنگال) دوای ئەوە هات كە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بوو بەتایبەتیش دوای ئەوەی كە كازمی لەمانگی ئەیلولی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و بەرپرسانی كوردی بینی.

لایخۆیەوە وتەبێژی سەرەك وەزیرانی عێراق (ئەحمەد مەلا تەڵال) رێكەوتننامەی (شنگال)ی بە رێكەوتننامەیەكی (مێژوویی) پێناسە كرد  بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بۆ شنگال.

ناوبراو لەدوای ئیمزاكردنی رێكەوتنامەكە، لە تویتەرەكەی خۆیدا نوسیبووی “سەرەك وەزیران رێكەوتنێكی مێژوویی ئیمزا كرد، كە بەهۆیەوە دەسەڵاتی ناوەند بەپێی دەستوور دەگەڕێتەوە شنگال و كۆتایی بەو گروپە چەكدارە نایاساییانەش دێنێ كە بوونیان لەناو ئەو شارەدا هەیە، سەرەڕای ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرلەنوێ‌ ئاوەدانكردنەوە بۆ شنگال دەستپێدەكات و خەڵكەكەشی دەگەرٍێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

لەكۆتایی ساڵی 2018 دوای ئەوەی شنگال لەدەستی رێكخراوی داعش دەرهێنرا، بۆ یەكەمجار كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی حزبێكی نا عێراقی، بەهۆیەوە (پەكەكە) كە ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، توانی بەهەماهەنگی لەگەڵ چەند هێزێكی ناوخۆیی (نزیك لە حەشدی شەعبی)  پۆستەكانی ئەو شارە بەدەستەوە بگرێ،  توانی لەپەنای هێزە چەكدارە ئێزیدییەكان خۆی بشارێتەوە، ئەوە بوو شەش ساڵ لەمەوبەر هێزێكیان بەناوی (یەبەشە) دروستكرد كە لە راستیدا ئەو هێزە لەناوەڕۆكدا بریتی بوون لە چەكدارو ئەندامانی پەكەكە، هەرچەندە پێشتر ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ئەو بارودۆخەی شنگالی رەتكردەوە، بەڵام ئەوان گوێیان پێنەدا. ئیدارەیەكی نوێیان بۆ شنگال دروست كرد و ئیدارەی هەڵبژێردراوی پێشتریشیان دوورخستەوە كە لە ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە هەڵبژێدرابوون، لەوانەش قائیممقام و بەڕێوەبەری ناحیە.

هێزەكانی (یەبەشە) دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، لەساڵی 2014 سەری هەڵدا، ئەوكات پەكەكە ژمارەیەك گەنجی شنگال (توورە لە داعش)ی چەكدار كرد و دواتریش لەگەڵ هێزەكانی تری ئەو ئەو سنوورە بەشداریان لە ئازادكردنەوەی شنگال پێكرا.  

لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەوڵەتی توركیا نزیكەی 1000 جار هێرشی كردۆتەوە سەر ناوچەكانی  هەرێمی كوردستان، بەبیانووی بوونی پەكەكە لەوناوچانەو لەناوبردنیان.

عیسمەت رەجەب دەڵێ “زۆربەی چەكدارەكانی پەكەكە لە رەگەزنامەكانی توركی و ئێرانی و سوورین و ژمارەیەكی زۆر كەمیان لە رەگەزنامەی عێراقین..”.

ئاگاداركردنەوەكانی بارزانی

دوێنێ چوارشەممە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسنوری ناحیەی چەمانكێ هێرشیان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان. هەفتەی رابردووش پەكەكە رایگەیاند كە چەكدارەكانیان بۆڕییەكی نەوتی هەرێمی كوردستانیان كردۆتە ئامانج كە بووە هۆی وەستانی هەناردەی نەوت لەهەرێمی كوردستاندا.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگادارینامەیەكی خستەڕوو لەوەی كە دۆخەكان بەهۆی كێشەو گرفتی نێوان توركیا و پەكەكە، بەرەو ئاڵۆزی بچن، ئەوەشی وتبوو كە “هەڵسوكەوتەكانی پەكەكە جێگەی قەبوڵكردن نیە” داواشی لێكردبوون كە كۆتایی بە داگیركاریی ئەو ناوچانە بێنن بۆئەوەی كێشەو ململانێكان زیاتر نەبێت.

سەرەتاكانی ساڵی 2003 و دوای رووخانی سەدام ، پارتی كرێكاران بۆیەكەمجار لەو ناوچانە لەژێر ناوی حزبێك بەناوی (بزووتنەوەی دیموكراتی ئازادی ئێزیدییەكان ) دەركەوت، دوای داگیركردنی شنگالیش لەلایەن داعشەوە، لە 2014 بەشێكی پەكەكە لە چیاكانی قەندیك  هاتنە خوارەوە بەمەبەستی هاوكاری و پشتگیری كردنی ئێزیدییەكان.

(پەكەكە) دەسەڵاتی فراوانتر دەكات

سەیدو حسێن، بەرپرسێكی پێشووی ئێزیدییەكانە دەڵێ “لەوەتەی رێكەوتننامەی شنگال كراوە، (پەكەكە)ش دەسەڵاتی خۆی فراوانتر لە جاران بەسەر شارەكەدا جێگیر كردووە، بۆیە پێناچێ هیچ پاشەكشەیەكی ئەو چەكدارانە لەناو شنگال ببینرێ..”

دوای ئەوەی لەساڵی 2017 هەرەشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ لەناوبردنی پەكەكە لە شنگال لەزیادبووندابوو، ئەوەبوو ئەوكات هێزەكانی پەكەكە بارەگاكانیان بۆ هێزەكانی (یەبەشە) بەجێهێشت.

سەیدۆ حسێن كە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بووە، داوا دەكات كە  پێویستە حكوومەتی بەغدا یاساكانی لەو ناوچانە جێگیر بكات و چەكدارەكانیش دەربكات.

لەسەرەتاكانی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا تا ئێستا 519 گوند چۆڵكراون كە لەناویاندا 363 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆكن و 118 گوندیش لە سنووری هەولێر و 40 گونیش لەسسنووری سلێمانین.

شیعەكانی عێراق ترسیان لێ نیشتووە ..!

هەرچەندە ئێستا لەناو لایەنە شیعییەكاندا بۆچونێك دروستبووە بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بتوانێ‌ لەوناوچانە بمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە پێشنیار بكەن كە كوردێك بكرێتە قائمقاممی شنگال و هێزی پێشمەرگەش بگەرێتەوە ئەو سنوورە، بەڵام جارێ ئەو پێشنیارە هەر قسەیە و نەبۆتە داواكارییەكی فەرمی.

بەڵام عیسمەت رەجەب ئەوە ناشارێتەوە كە بەپێی رێكەوتنەكان پۆستی قائیمقامی شنگال بۆ كوردێكی ئێزیدییە و هێزەكانی پێشمەرگەش دەتوانن لەسەرسنووری شنگالدا بەدرێژایی 5 كلم بوونیان هەبێت”.

ترس و دوودڵی شیعەكانی عێراق لەبەرانبەر ئەو رێكەوتنامەیەی بۆ شنگال كراوە، ئەوەیە كە ئەگەر لە شنگال جێبەجێ بكرێ هەمان رێكەوتننامە لە ناوچەكانی دیكەی (كێشە لەسەر)یش دووبارە بكرێتەوە، بەتایبەتیش كە بەم دواییانە حكوومەتی بەغدا بڕیاریدا كە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ناوەندی تایبەت بۆ هێزی هاوبەش دروست بكرێت.

بەپێی سەرژمێرییە نافەرمییەكان زیاتر لە ملیۆنێك كورد لەو ناوچە هاوبەشانە دەژین كە كوتۆنەتە نێوان بەغداو هەولێر و لەسەر خاكێكیشدان كە رووبەرەكەی 37 هەزار كلم چوارگۆشەیە.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com