ئامادەكردنی (نوچەنێت)
لێرەو لەوێ چالاكوانەكان لەرێگەی (تەلیگرام)ەوە هەواڵی ئەو جموجۆڵە چەكدارییانە بڵاودەكەنەوە كە گرووپی (ئەنسار ئیسلام) لەسەر سنووری نێوان گوندەكانی ئیدلیب و حەما و لازیقیە، ئەنجامی دەدەن.
گروپی (ئەنسار ئیسلام) یەكێكە لەو گروپە جیهادیانەی كە وەك باسدەكرێ لە رووی ئیدارەدانەوە سەربەخۆیە، لەمانگی حوزەیرانی رابردووشدا بەشداریان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی (خۆسەلماندن) كرد، كە ئەو ژوورە چەند گروپێكی چەكداری لەخۆ دەگرێ كە جگە لە (ئەنسار ئیسلام) دەستەو گروپەكانی دیكەی وەك (هەماهەنگی جیهادی و لیوای چەكدارانی ئەنسار و گروپی ئەنسار دین و رێكخراوی پاسەوانانی دین (كە لقێكی قاعیدەیە) لە سووریا، پێكهاتووە.
بەپێی زانیارییەكان گروپی (ئەنسار ئیسلام) لەسەرەتای دەستپێكردنی چالاكیەكانی گروپی (جیهاد اهل الشام) چوونەتە ناو خاكی سووریا و لەدژی دەسەلاتدارێتی دیمەشق كارو چالاكی دەكەن، تەنانەت لە زۆرێك لەشەڕەكانی دژ بە رژێمی ئەسەد لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووری بەشداریان كردووە، لەوانەش بەشداری لە شەرەكانی حەسەكەو كۆنتڕۆڵكردنی رەققە و شەڕی فرۆكەخانەی (منج)ی سەربازی لە حەلەب و گەمارۆدانی بەندیخانەی ناوەندی حەلەب و شەرەكانی حەما و گوندەكانی دەوروبەر ی دەستگرتن بەسەر شاری ئیدلبیش.
ئەو گروپە بۆ شەڕی چەكدارییان پشت بەستەن بە شەریعەتی ئیسلامیی، پێشیان وایە كە موسڵمان لەهەر شوێنێكی دونیا پێویستیان بەوان بێت، ئەوا گروپەكەیان ئامادەیە بەهانایانەوە بچن.
ئەنسار ئیسلام پێیوایە كە جیاوازیەكی زۆر لە بیروبۆچۆن و روانین لەنێون گروپە جیهادییەكاندایە هەیە بەڵام دەڵێن چونكە هەموومان لەناو بازنەی ئیسلام داین، بۆیە جارێ كاتی یەكلاكردنەوەی ئەو جیاوازیانە نیە و ئەوەی لەپێشترە رووبەرووبوونەوەی رژێمی ئەسەدە لە سووریا.
لەعێراقەوە بۆ سووریا
ئەو گروپە دەڵێ” هەرچی توانا و ئەزموونی (ئەنسار ئیسلام) هەیەتی پێشتر لە عێراقەوە فێری بووە، بەڵام لە ئێستاشدا ئەو هەڵەو كەموكوڕیانەی لە عێراق كردوویانە سوودی لێوەردەگرن و دووبارەی ناكەنەوە، لەوانەش پەرت و بڵاویی و هێنانی بیرۆكەی دەرەكی بۆ ناوخۆی گروپەكان كە دواتر بینیمان ئەوانە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)یان دروست كرد.
دەشڵێن ئێستا ئەوان كار لەسەر ئەوەی دەكەن كە پێگە جەماوەرییەكەیان زۆر بەهێز بكەن، چونكە پێیان وایە كە هیچ بەربەست و خەوشێك لەنێوان موجاهیدەكان و جەماوەردا نیە.
لە ئێستادا گروپی ئەنسار ئیسلام لەرووی ئیدارەدانەوە پشت بەو سەرچاوانە دەبەستن (كاری شەرعی رێگەپێدراو وەك غەنیمە و خێر و سەدەقەی موسڵمانان) ئەوەش رەتدەكەنەوە كە بەزۆر پارەو موڵك لە موسڵمانان وەربگیردرێ..
لە هەورامان سەریان هەڵدا
گروپی (ئەنسار ئیسلام) لە ئەیلوولی ساڵی 2001 دامەزراوە ، شوێن و پێگە سەرەكییەكانی سەرەتای دامەزراندنی ئەو گروپە لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوو بەتایبەتیش لەناوچەكانی (بیارەو چیای هەورامان)، دەستنیشانكردنی ئەو ناوچانە بەلای ئەو گروپەوە بۆ ئەوەبووە كە ناوچەكە گونجاو بوو بۆ چالاكیەكانیان و هەروەها پارێزراویشن لەهەر هێرش و دەستدرێژییەك كە بكرێتە سەریان، چونكە بەگشتی ناوچەیەكی چیایی سەختن. ئەمەو جگە لەوەی كە سەرەتای دامەزراندنی ئەو گروپە، ئەم ناوچەیە دوور بوو لە دەسەڵاتی رژێمی سەددام حوسێن و خەڵكی ناوچەكەش هەماهەنگ بوون لەگەڵ بنەما ئیسلامییەكان و پابەند بوون بە شەریعەتی ئیسلامەوە و موجاهیدەكانیشیان خۆشدەویست ..
(ئەنسار ئیسلام) وەك بزووتنەوەیەكی جیهادی لە ریزبەندی (سەلەفیە جیهادییەكان) دەژمێردرێت، بەپێی ئەدەبیاتیان، ئامانجیان دروستكردنی دەوڵەتی ئیسلامیی و چەسپاندنی حوكمی ئیسلامە، بەتایبەتیش بۆ بەدەستهێنانی مافە شەرعییەكانی گەلی كورد و پارێزگاری كردن لەو مافانەیان دروست بوون.
دوای ساڵی 2003 و رووخانی سەددام حوسێن ژمارەیەكی زۆری خەڵكی عەرەب و بیانی هاتنە ریزی ئەو گروپەوە بەڵام هیچ كاتێك ئەنسار ئیسلام ناسنامەی ئەندام و لایەنگر و چەكدارانی خۆی ئاشكرا نەكردووە.
سەرەتای شكستهێنان
لەوكاتانەی كە ئەنسار ئیسلام لەو ناوچەیەی هەرێمی كوردستان بوون چەند جارێك لەدژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش پێش داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە، شەڕو چالاكیان ئەنجامداوە.
بەر لەوەی پرۆسە سەربازییەكانی هاوپەیمانانیش بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا لە عێراق دەستپێبكات، هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر پێگەكانی ئەنسار ئیسلام لەو ناوچانە كە لە ئاسمانەوە هێزەكانی هاوپەیمانان كە ئەمەریكا و بەریتاینیا بوون هاوكارو پاڵپشتی ئەو هێزانەی یەكێتییان دەكرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەری كەناڵی (جەزیرە)ی قەتەری بڵاویكردەوە كە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە گروپی ئەنسار ئیسلام لەلایەن هێزەكانی یەكێتییەوە بەهاوكاری هێزەكانی ئەمەریكی لێدانێكی بەهێزەو كوشندەیان بەركەوت، كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری بەرپرسە چەكدارەكانیان كوژران و زۆربەی چەكدارەكانی دیكەی ئەو گروپەش بەرەو سنوورەكانی ئێران بەرت و بڵاوبوون، هەندێكی ئەو چەكدارانەی ئەنسار كە لەو ناوچەیە مابوونەوە خۆیان لە گوندەكانی ئەو ناوچەیە حەشاردابوو، توانیان پارێزگاری لە خۆیان بكەن و دوای ماوەیەك سەرلەنوێ دەست بە چالاكییەكانیان بكەنەوە.
لەلایەكی دیكەش بەهۆی بۆردومانی چڕی هێزەكانی ئەمەریكا لە 22 ی ئاداری 2003 بۆ سەر ئەو ناوچەیە نزیكەی 57 چەكدار كوژران كە ئەو كوژراوانەش بەتەنها سەر بە گروپی ئەنسار ئیسلام نەبوون، بەڵكو هەندێكیان سەر بە كۆمەڵی ئیسلامیی بوون كە ئەوكات ئەوانیش بارەگاكانیان لەو ناوچانە بوو.
دوای ئەو شكستەی بەر گروپی ئەنسار كەوت ناچار لەپێناو پارێزگاری كردن لە خۆیان و مانەوەیان، ئەنسار ئیسلام هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند چونكە ئەو پرۆسە سەربازییەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلایەك و بۆردومانی ئەمەریكاش لەلایەكی دیكەوە لەهەموو رووەكانەوە شكستێكی گەورەی دووچاری گروپی ئەنسار كردەوە، بۆیە ئەو بڕیارەیان داو هەمانكاتیش وایان پێباش بوو كە چالاكییەكانیان بەشێوازێكی تر ئەنجام بدەن و لە تەواوی ئەو ناوچەیەش پاشەكشە بكەن، كە هەندێكیان ئەوكات بەرەو سنوورەكانی ئێران بوونەوەو بەشێكیشیان بەرەو ئەو ناوچانە چوون كە زۆرینەی سوونەنشینن لەوانەش موسڵ و كەركووك بەغدا ودیالە وئەنبارو سەلاحیەددین.
لە تەمووزی ساڵی 2014 گروپی ئەنسار ئیسلام بەیعەتی بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دا، هەرچەندە دەگوترێت كە لقی سووریای ئەو گروپە نارازی بوون لەو بەیعەت دانە بە داعش، بەڵام لەعێراقدا بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی كە گروپەكەی لێ بوو چالاكییەكانی داعش تیایدا رۆژ لەدوای رۆژ زیادی دەكرد و كۆنترۆلی زۆرینەی ئەو ناوچانەیان دەكرد.
قۆناغەكانی سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئیسلامییەكان
ساڵی 1952 یەكەمین سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئیسلامییەكان لە عێراق دەستیپێكرد، ئەویش لەناوچە كوردنشینەكان بوو لەسەر دەستی گروپی (ئیخوان موسلیمن) كە دواجار رێكخستنەكانی ئەو گروپەش لە ساڵی 1971 بەبڕیارێكی حزبی بەعس هەڵوەشێندرانەوە.
ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ ئەوەی گروپە ئیسلامییەكان ئاشنای عێراق بن، تا وای لێهات بیرۆكەی رێكخراوی ئیخوان موسلیمن لە عێراقدا بەرەو بیرۆكەیەكی (جیهادی) هەنگاوی ناو و بڕیاری هەڵگرتنی چەكیان بەرووی حكومەتی عێراقیدا راگەیاند، لەوكاتەشدا لەپال ئەو بیرۆكانە لەساڵی 1978 بیرۆكەی ئیسلامییە سەلەفییەكان هاتنە ناو عێراق و وەك رێكخستن كاری خۆیان دەكرد، ئەوەبوو لە ساڵی 1980 یەكەمین گروپی ئیسلامیی چەكدار لە چیاكانی كوردستان دروست كراو ناویان لێنا (سوپای ئیسلامی كوردستان)، ئەمەش لەو كاتەدا بوو كە تازە شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەستیپێكردبوو..
هەموو ئەمانەی سەرەوە بوونە دەستپێكێك بۆ ئەوەی لەساڵی 1985 (رابیتەی ئیسلامی جیهادی) دروست بكرێ و ئەویش ببێتە هەوێنێك بۆ دروستبوونی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستان) كە دامەزرێنەرەكەی (شێخ عوسمان عەبدولعەزیز) بوو، ئەوەبوو دوای دامەزراندنی ئەو بزووتنەوەیە كۆمەڵێك گروپی ئیسلامیی دیكەش هاتنە ریزەكانییەوە.
دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ئێران – عێراق (1980 – 1988) لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیی دا ململانێی ناوخۆیی لەنێوان ئەوانەی سەر بە ئێران بوون و ئەوانەشی كە بیرۆكەی سەلەفی جیهادیان هەڵگرتبوو، دروست بوو، بەپێی زانیارییەكان ئێران توانی بەهاوكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كارییگەری بخاتە سەر هەندێ سەركردەی سەلەفی جیهادی و وایان لێبكەن كە ئینشیقاق لەناو ریزەكانی ئەو بزووتنەوەیە دروست بكەن، ئەوەبوو خواستی ئێران روویداو كێشەو ململانێ دروست بوو و دواتر كۆمەڵی ئیسلامی لەناو بزووتنەوە هاتە دەرەوە و سەربەخۆیی خۆی راگەیاند.
لە ئەیلوولی ساڵی 2001 ئەو گروپانەی كە بیرۆكەی (سەلەفی جیهادی)یان هەڵگرتبوو، یەكیان گرت و (جوند ئیسلام)یان پێكهێنا، پاشان هەر ئەو ناوە گۆڕا بۆ (ئەنسار ئیسلام) و هەندێك گروپی دیكەی هاتە ناوەوە.
سەرچاوە: https://www.enabbaladi.net