شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
وێراى ئه‌وه‌ى یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه به شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه كه پێویستى به ره‌زامه‌ندى و واژۆى سه‌رۆك كۆمار نییه، كه‌چى په‌رله‌مانتارانى كورد ده‌ڵێن به‌رهه‌م ساڵحى سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێ تانه له یاساكه بدات و ره‌تى بكاته‌وه.
رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو 12ى تشرینى دووه‌م، بێ ره‌چاوكردنى به‌رژوه‌ندى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى، په‌رله‌مانى عێراق یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى په‌سه‌ند كرد. كه ئه‌مه‌یش وێراى ئه‌وه فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى بێبه‌شكرد له‌سه‌ر ئاستى ته‌واوى لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان ناڕه‌زایى لێ كه‌وته‌وه.
ئێستا هه‌رێمى كوردستان بیر له‌وه ده‌كاته‌وه چى بكات؟ هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاران و شرۆڤه‌كاران باس له رۆڵى به‌رهه‌م ساڵحى سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌توانێ زۆر یاساكه ره‌ت بكاته‌وه. به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه به‌لاى هه‌مووان قبوڵ نییه بۆ ئه‌مه‌یش پاساوى یاسایی هه‌یه.
ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كه به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه له هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه بابه‌ته كرد و گوتى، “یاساكه به شێوه‌یه‌ك دانراوه كه پێویستى به ئیمزاى سه‌رۆك كۆمار نییه”. نێچیرڤان بارزانى له روانگه‌یه‌كى یاساییه‌وه پێیوایه شێوازى یاساكه رۆڵێك به سه‌رۆك كۆمار نادات تا قبووڵى بكات یان ره‌تى بكاته‌وه.
به‌بڕواى شاره‌زایان سه‌رۆكى هه‌رێم بۆچوونه‌كه‌ى له‌رووى یاساییه‌وه دروسته، چونكه له ماده‌ى 12 هاتووه، “ئه‌و یاسایه له رۆژنامه‌یه‌كى فه‌رمى بڵاو ده‌كرێته‌وه و له كاتى ده‌رچووونى وده‌نگدان له‌سه‌رى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران جێبه‌جێ ده‌كرێت وتا 31/12/2020 كارى پێ ده‌كرێت”.
وه‌ك له ده‌قه‌كه‌ى دیاره یاساكه پێویستى به واژۆى سه‌رۆك كۆمار نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌رله‌مانتاران پێیانوایه سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێ ئه‌و یاسایه ره‌ت بكاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ڤنا كه یاساكه ده‌چێته به‌رده‌مى واژۆى له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵكو له روانگه‌ى ئه‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمار پارێزگارى ده‌ستووره وبه روونیش ئه‌و یاسایه پێشێلكاریى ده‌ستووریى تێدایه.
ته‌نانه‌ت خودى به‌رهه‌م ساڵحیش خۆى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، رۆژى هه‌ینى رابردوو به‌رهه‌م ساڵح راگه‌یه‌نراوێكى له‌سه‌ر په‌سندكردنى یاساى كورتهێنانى دارایى بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، “جێى داخه ئه‌و یاسایه بێ ته‌وافووقى نیشتمانى په‌سه‌ند كراوه و به تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر پێكهاته‌ى كوردى، ئه‌مه‌یش پێشهاتێكى خراپه له كارى سیاسى”
هه‌روه‌ها به‌رهه‌م ساڵح به راشكاوى باس له‌وه ده‌كات یاساكه مافى كوردى پێشێلكردووه كه له ده‌ستوور دیاركراوه، له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى به‌رهم ساڵح هاتووه، “ناكرێت پێشوازى له دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق بكرێت بێئه‌وه‌ى هاوتاكانانیان له فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بێ چاره بن، ئه‌وانیش هاووڵاتیى عێراقیین و مافه‌كانیان له ده‌ستوور دیاركراوه”
ئه‌حمه‌د سه‌فار په‌رله‌مانتارى كورد پێیوایه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار واژۆى بكات یان نه‌يكات ئه‌و یاسایه ده‌چێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه بۆیه چاكترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قسه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى سۆمۆ بكات. ئه‌حمه‌د سه‌فار ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى تایبه‌ت به نوچه‌نێت گوتى، “ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار واژۆى بكات یان نه‌يكات تا 15 رۆژى تر ئه‌و یاسایه ده‌خرێته بوار جێبه‌جێكردنه‌وه، جارێكى تر ناتوانرێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه”.
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى تایبه‌ت به نوچه‌نێت گوتى، “ماده‌ى 14 ده‌ڵێت عێراقییه‌كان یه‌كسانن له‌هه‌موو شتێك بۆیه چۆن مووچه‌خۆرى به‌غدا دوو مووچه وه‌ربگرێت، مووچه‌خۆرى هه‌رێم وه‌رى نه‌گرێت، بۆیه له ماده‌ى 22 بڕگه‌ى یه‌كه‌م وماده‌ى 30 بڕگه‌ى یه‌كه‌م باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌مووعێراقییه‌كان یه‌كسانن ، ئیتر ئێستا ئه‌وه بووه‌ته گرێیه‌ك و زوڵمێكه له‌خه‌ڵكى ئێمه”
جه‌مال كۆچه‌ر پێیوایه به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێ به‌گوێره‌ى ئه‌و بڕگه ویاسایانه ده‌توانێ داواى هه‌موارى ئه‌و یاسایه بكات به‌و پێیه‌ى كه سه‌رۆك كۆمار پارێزگارى مافه‌كانى خه‌ڵك و ده‌ستووره.