شنۆ ئـەشقی پەرلەمانتار: بە بیرۆكەكەم 40% ی قەیرانی بێكاری لە هەرێمی كوردستان كەمدەبێتەوە

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

بڕیارە لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، بیرۆكەیەك بخرێتە روو كە تایبەتە بە (رەخساندنی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان) و خاوەنی ئەو بیرۆكەیەش پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمان و لەئێستاوە گەشبینە بە بیرۆكەكەی و دەڵێ ” زۆربەی دەرچوونی زانكۆ و پەیمانگاكان دەتوانن سوومەندی ئەو بیرۆكەیەم بن و لەرێی ئەو بیرۆكەیەشمەوە دەتوانرێ 40%ی قەیرانی كار لەهەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە”.

شنۆ ئەشقی عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری فراكسۆنی یەكێتی، خاوەنی ئەو بیرۆكەیەیەو بڕیارە رۆژی دووچەششمەی داهاتوو لەناو دانیشتنی پەرەلماندا بیخاتەڕوو، لەوەڵامی چەند پرسیارێكی (نوچەنێت)دا هێلەگشتییەكانی ئەو بیرۆكەیەی ئاشكرا كرد و لەبارەی بیرۆكەكەشیەوە دەڵێ “بیرۆكەكەم بۆ رەخساندنی هەلی كارە لە هەرێمی كوردستان، چەند هێڵێكی گشتی لەناو بیرۆكەكەم هەیە وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستەی سەرۆكایەتی كە لەداهاتوویەكی نزیك رەشنووسی پرۆِژەیاسایەك ئامادە بكرێت بۆ ئەم مەبەستە كە هەوڵێك بێت بۆ بەدامەزراوی كردنی دامەزراندن و رەخساندنی دەرفەتی كار لە هەرێمی كوردستاندا”.

شنۆ دەڵێ “بەشێوەیەكی گشتی بیرۆكەكەم دووبەشە بەشی یەكەمیان خولی بەهێزكردنە و دووەمیشیان پێداچوونەوە بە كۆمپانیا و كارگەكان  و كەرتی تایبەتە بەگشتی، لەسەرەتادا دەرچوونی دانەمەزراو یان ئەوانەی كە بێكارن لە هەرێمی كوردستان پێویستایان بەوەیە كە ئامادەبكرێن بۆ ئەوەی كە لە كەرتی تایبەت بە ئاسانی وەربگیرێن، پێویستیان بە پەرەپێدانی تواناكاینان هەیە ، هەرچەندە كۆمەڵێك دامەزراوەش هەن كە سەر بە وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشنبیرییەوەن، بەڵام ئەوانە تا ئێستا نەیانتوانیوە ئامانج بپێكن، بۆیە پێویستە حكوومەت بیر لە رێگەیەكی تر بكاتەوە، ئەوانیش بەهەمان شێوە بكەنەوە ژێر چەتری چاكسازی لەو بوارەدا”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەكات “بەگشتی ئەوە هەنگاوێكی سەرەتاییە دواتر دەبێ حكوومەت بیر لە چاكسازی راستەقینەو چارەسەركردنی هەموو ئەو قەیرانانەی كە لەدوای ساڵی 2013 ەوە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەنەتەوە بكاتەوە، بەڵام من بیرم لەوە كردۆتەوە كە ئەگەر بێتوو چەندین پرۆژە لە هەرێمی كوردستان زیاد ببن، ئێمەش چەند پرۆِژەی باش بۆ رەخساندنی هەلی كار بەرزبكەینەوە بۆ حكوومەت و جێبەجێشی بكات، بەڵام ئەگەر هاتوو دەرچوویەكی دانەمەزراو چووە بەردەمی هەر كۆمپانیایەك و یان كارگەیەك و پێیان ووت كە تۆ ناتوانی لێرە وەربگیرێی، ئەزموونت نیە، یان زمان نازانی یان ئەو مەرجانەی بۆ كاركردن لەسەریان دەسەپێندرێ، كەواتە ئەوە چارەسەری قەیران ناكا ، بەڵكو پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی كە هاوسەنگییەك بگەڕێتەوە بۆنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و ببنە تەواوكەری یەكتری لە دامەزراندن و لە هاوبەشی كردن و لەبەدامەزراوەیی كردنی رەخساندنی دەرفەتی كار و دامەزراندن”.

ناوبراو گەشبینە بەوەی كە زۆربەی دەرچوونی زانكۆ و پەیمانگاكان دەتوانن سوومەندی ئەو بیرۆكەی بن، چونكە دەڵێ پێشبینی دەكەم كە بارگرانییەكی زۆریشی لەسەر حكومەت نابێت، بۆیە دەشڵێ “پێویستە رێژەی ئەو كرێكارە بیاینانە كە بەچەندین شێوازی جیاواز جیاواز و بە لێشاو دەهێندرێنە هەرێمی كوردستان سنووردار بكرێ، چونكە بەهۆیانەوە دەرچووانی دانەمەزراو ناتوانن لەكەرتی تایبەت كاریان دەستبكەوێ‌”.

ئەو بیرۆكەیە تیشكی دامەزراندن دەخاتە سەر كەرتی تایبیەت نەك حكوومەت ، چونكە خاوەنی بیرۆكەكە دەڵێ “بەهۆی ئەوەی واقیعێك هەیە كە پێویستە هەموولایەك ئەوە بزانین كە لە توانانی هیچ حكوومەت و دەوڵەتێك نیبە كە هەر كەسێك دەرچوو راستەوخۆ لە كەرتی گشتی دابمەزرێ، بێگومان ئەوە نابێ و كارەساتە ، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا لەهەرێمی كوردستان پڕۆژەیەك نەبووە بۆ چارەسەری ئەمە، بەوشێوەیە ماوەتەوە”.

شنۆ دەڵێ “لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان دانیشتووم وهێڵە گشتییەكانی ئەو بیرۆكەیەم داوەتێ‌ و زۆر زۆر گەشبین و دڵخۆش بوو بەو بیرۆكەیەم و كۆمەڵێك راوێژكاری لە پەرلەمان راسپاردووە كە پێشنیازەیاسایەك ئامادە بكەن، بۆ رێكخستنەوەی ئەم كێشەیەو گەڕاندنەوەی ئەو ناهاوسەنگییەی كە لەهەرێمی كوردستان لەنێوان دەستی كاری بیانی و ناوخۆییدا هەیە”.

لە كۆتاییشدا شنۆ ئەشقی پەرلەمنتاری یەكێتی دەڵێ ئەوەش رووندەكاتەوە كە ئەو پرۆژەیە پێویستی بەچەند قۆناغێك هەیە لەلایەن حكوومەتەوە ، نابێ بەیەك بڕیار كۆتایی پێبهێنرێت، پێویستە حكوومەتی هەرێم پلانێكی درێژخایەنی بۆ دابنێت، بتوانێ‌ لەماوەی 2 تا 4 ساڵ دەرەنجامێكی باشی دەستبكەوێ‌ ، ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە  “دەتوانم بڵێم كە بەجێبەجێكردنی ئەو بیرۆكەیەی من حكوومەت دەتوانی بەرێژەی 40% قەیرانی كار كەمبكاتەوەو گۆڕانكاری بەسەردا بێمێ، كە لە ئێستادا رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستاندا 9% یە ، وئەو رێژەیەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، وە هیچ بارگرانییەكی دارایی ئەوتۆش  ناكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم، لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێم لای هەموومان روونە كە لە قەیران دایە و پرۆژەی پێناكرێت و لەگەڵ حكوومەتی ناوەندا لە كێشەدایە، بۆیە دەكرێ سوود لەو بیرۆكەیە وەربگرێ كە هیچ پەیوەندیشی نە بە قەیرانی دارایی نە بە كێشەی نێوان هەولێر بەغدا هەیە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com