(نوچەنێت)
ئەمشەو چەند حوكمدراوێكی ناو چاكسازی گەورانی هەولێر وەك نارەزایی دەربڕین لەبەرانبەر ئەوەی لێبووردنیان بۆ دەرناچێت لەناو دوو هۆڵی ئەو چاكسازییە ئاگر لە كەلوپەلەكانیان بەردەدەن و جێگری سهرۆكی لیژنهی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤی پەرلەمانیش ئەوە دووپات كە ئەوان وەلیژنەكەیان چەندین جار پێشنیاری لێبوردنی گشتیان بۆ كردوون، كە بەشێكی ئەوانەی حوكمی قوڕسیان هەیە لەو چاكسازییەدان بەڵام وەك پێویست وەڵامیان نەدراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (نوچەنێت) چەند زیندانییەكی حومكدراو لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر وەك ناڕەزایی دەربڕین لەبەرانبەر ئەوەی كە لێبووردنیان بۆ دەرناچێ، لەناو هۆڵی زیندانیكردنیان ئاگریان لە كەلوپەلەكانی خۆیان بەرداوەو بەشێكی زۆری كەلوپەلەكانی ئەو هۆڵانەش سووتاون و یەكێك لە حوكمدراوەكانیش بەشێكی جەستەی سووتاوە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە نزیكەی 20 حوكمدراوی ناو چاكسازی گەورانی هەولێر كە حوكمی قوڕسیان بەسەرداسەپاوە چەند جارێك داوایان كردووە لێبووردنیان بۆ دەربچێت و لێبووردنیش پێشتریش ئەوانی نەگرتۆتەوە، وەك ناڕەزایی دەبڕین لەبەرانبەر ئەوەی كە لێبووردنیان بۆ دەرناچێ، دامودەزگا حكوومیی و یاساییەكانی هەرێمیش بەكەمتەرخەم دەزانن، لەناو دوو هۆڵی ئەو چاكسازییەدا ئاگریان لەكەلوپەلەكانیان بەرداوە.
گوڵستان سەعید محەمە جێگری سهرۆكی لیژنهی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “ئەمڕۆ لیژنەكەمان سەردانی چاكسازی گەورانی هەولێری كردووە، لەگەڵ بەشێك لە نوێنەری هۆڵەكانی ئەو چاكسازییە كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، دیارە ئەوانەی كە حوكمی قوڕسیان بەسەردا سەپاوە چەندین كێشەو گرفتی جیاجیایان هەن، تەنانەت هەیانە نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە”.
ناوبراو ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “ئەو حوكمدراوانە دەیانەوێ لێبووردنیان بۆ دەربچێت، چەندین جار داوایان لێكردووین، ئێمەش وەك لیژنە چەندین جار هەوڵمان داوە كە چ لێبوردن بێت یان ئازادكردنی بە مەرج یان مۆڵەتی ماوەدرێژ بێت بۆ ئەو حوكمدرانەوە بكرێت، ئێمە ئەو پێشنیارانەمان وەك راپۆرت لە 5ی 7ی ئەمساڵەوە داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمانیش بە فەرمی بۆ هەموو لایەنە یەپوەندارەكانی ناردووە”.
جێگری سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان دەشڵێ “تا ئێستا دوو شوێن بەفەرمی وەڵامی ئەو پێشنیارانەی ئێمەیان داوەتەوە كە یەكەمیان ئەنجومەنی دادوەرییە كە بەهیچ جۆرێك لەگەڵ هیچ جۆرە لێبووردنێك نیە، دووەمیشیان وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەلامیان داوینەتەوە كە ئەوانیش هاوتای ئەو خواستانەی ئێمەن و داوای ئەو جۆرە لێبوردنانە دەكەن”.
گوڵستان سەعید پێیوایە ئەو فشارانەی لە ناو چاكسازییەكاندا روودەدەن بۆ ئەوەیە كە لێبوردنیان بۆ دەربچێت، چونكە دەڵێ “ئەو حوكمدراوانە زۆر كێشەیان هەیە بۆ نموونە چەندین مانگە بەهۆی كۆرۆناوە كەسوكاریان نەبینیوە، لە دۆخێكی ماددی زۆر خراپدان، زۆربەیان هەلی كاریان لەناو چاكسازیدا دەستناكەوێ و لەبارێكی دەروونی زۆر ئاڵۆزدان”.
بەپێی زانیارییەكانی (نوچەنێت) لە چاكسازی گەورانی هەولێردا زیاتر لە 2100 حوكمدراو هەن كە بەشێكیان حوكمی قوڕسیان بەسەردا سەپاوە تا حوكمی سێدارەش.