چوار هه‌ڵه‌ى ئابوورى حكوومه‌تى كازمى

0

نوچه‌نێت

مسته‌فا كازمى كه‌ پیاوى رۆژنامه‌وانى و دواتر پیاوى هه‌واڵگری بوو له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئایار به‌هۆى ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كانى عێراق خۆى له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت دۆزییه‌وه‌. یه‌كه‌م و گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ كه‌ به‌رۆكى گرت قه‌یرانى ئابوورى بوو، دواى تێپه‌ڕبوونى حه‌وت مانگ به‌سه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ى كازمى شاره‌زایان پێیانوایه‌ حكوومه‌تى كازمى نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ى هه‌ندێك بۆچوون ئه‌و حكوومه‌ته‌ قه‌یرانه‌كانى قووڵتر كردووه‌ته‌وه‌.

كاتێك نرخى نه‌وت به‌هۆى په‌تاى كۆرۆنا دابه‌زى، پێش هه‌موو وڵاتان سه‌رنجى ئابووریناسان به‌سه‌ر عێراقه‌وه‌ بوو. چونكه‌ عێراق به‌رێژه‌‌ى 95% پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستێ. بۆیه‌ له‌و كاته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیار خرانه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى خێرا چاره‌سه‌رى كێشه‌ داراییه‌كه‌ بكرێت.

هه‌ندێك له‌و پێشنیارانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ جێى گومان بوون، بۆیه‌ حكوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى بایه‌خێكى ئه‌وتۆى پێ نه‌دا. ته‌نانه‌ت په‌رله‌مان و حكوومه‌تیش به‌ دووریان زانى بیر له‌و بژاردانه‌ بكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ پێشنیارى كاتیین و ئه‌نجامى ترسناكییان بۆ خه‌ڵكى عێراق ده‌بێت. كه‌چى دواتر له‌ ماوه‌ى حه‌وت مانگى ته‌مه‌نى حكوومه‌تى كازمى، ده‌ست بۆ هه‌ر هه‌موو ئه‌و بژاردانه‌ بردراوه‌.

ئه‌و بژاردانه‌ چیین؟

چوار بژارده‌ن كه‌ هه‌ر چواریان به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى كێشه‌ى دارایى چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به‌ڵام له‌ داهاتووییه‌كى نزیك و دوور زیانى گه‌وره‌ به‌ كۆمه‌ڵگا و ئابوورییه‌كه‌ى ده‌گه‌ینن:

قه‌رز: حكوومه‌تى كازمى له‌م ماوه‌یه‌دا دوو جار قه‌رزى كردووه‌ یه‌كه‌میان پێنج ملیار دۆلارى ده‌ره‌وه‌ و 15 ترلیۆن دینارى ناوخۆ. قه‌رزى دووه‌میش 12 ترلیۆن دینارى ناوخۆ بوو.

چاپكردنى پاره‌: له‌ مانگى چوار پێشنیارى چاپكردنى پاره‌ به‌ حكوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى درا و به‌شێوه‌یه‌كى فراوان تاوتوێ كرا، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرا. ئێستا چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ده‌ڵێن حكوومه‌تى كازمى پاره‌ى چاپكردووه‌.

سێیه‌م: دابه‌زاندنى به‌هاى دینار، دواجار حكوومه‌تى كازمى ئه‌و كاره‌یشى كرد.

چواره‌م: فرۆشتنى نه‌وت به‌ نرخى ئێستا و به‌ پێشه‌كى. ئێستا حكوومه‌تى عێراق خه‌رێكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ چین بكات.

هه‌ر چوار بژارده‌ زیان له‌ ئابوورى عێراق ده‌ده‌ن و دووانیان “چاپكردنى پاره‌ و هه‌رزانكردنى دینار” راسته‌وخۆ كار له‌سه‌ر بژێوى خه‌ڵك ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵگا ده‌خه‌نه‌ به‌ر مه‌ترسییه‌كانى گرانى و هه‌ڵاوسانى ئابوورى.

دوو بژارده‌كه‌ى تریش سامانى ولات به‌ هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن و زیان به‌ داهاتووى ئابوورییه‌كه‌ى ده‌ده‌ن.

له‌برى ئه‌م بژاردانه‌ حكوومه‌ت ده‌بووایه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكى تر بنێ له‌ بوارى چاكسازى له‌وانه‌:

یه‌كه‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان
دووه‌م: بڕینى مووچه‌ى بندیواره‌كان
سییه‌م: دانانى سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتى میلیشیاكان
چواره‌م: دانانى سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتى حزبه‌كان له‌ حكوومه‌ت

به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ نه‌كراوه‌. جیا له‌وه‌یش وه‌ك حكوومه‌تى كازمى كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنى ترى له‌ ده‌ره‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام دیار نییه‌ ئاخۆ ئه‌نجامه‌كانى عێراق چۆن ده‌بێت و هه‌ر بۆیه‌یش رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌یه‌كى زۆر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنانه‌ى حكوومه‌تى كازمى له‌ ماوه‌ى رابردوودا كردوویه‌تى زیاتر له‌ 100 دانه‌ ده‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاتانه‌ ئه‌نجام دراون: فڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، میسڕ، ئوردن، سعوودیه‌، به‌ریتانیا، توركیا. به‌ڵام وێراى ئه‌وه‌ى تێبینیه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ هه‌یه‌، ده‌گوترێ ئێستا راسته‌وخۆ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بارى ئابوورى عێراق سووك ناكات و قه‌یرانه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر ناكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com