ئاژانسى بلۆمبێرگى ئه‌مریكى: دابه‌زاندنى نرخى دینار ناچاریى بوو ده‌بووایه‌ بكرێت

0

نوچه‌نێت

ئاژانسى بلۆمبێرگى ئه‌مریكى راپۆرتێكى له‌سه‌ر دابه‌زاندنى به‌هاى دینارى عێراقى كردووه‌ و له‌ راپۆرته‌كه‌ بۆچوونى خۆى ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێ، “دابه‌زاندنى به‌هاى دینار ناچاریى بوو ده‌بووایه‌ بكرێت”.

ئه‌مڕۆ ئاژانسى بلۆمبێرگ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئابوورى، راپۆرتێكى كورتى له‌سه‌ر دابه‌زاندنى به‌هاى دینارى عێراقى له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ رووداوێكه‌ له‌ دواى 2003 وه‌ رووینه‌داوه‌.

بلۆمبێرگ چه‌ند خشته‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى بارى خراپى ئابوورى عێراق روون بكاته‌وه‌. به‌گوێره‌ى یه‌كێك له‌ خشته‌كان له‌ ساڵى 2014 كورتهێنانى بودجه‌ى عێراق 5% بووه‌، كه‌چى ئه‌مساڵ 20% زیاتر بووه‌.

جیا له‌وه‌یش له‌ خشته‌یه‌كى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئابوورى عێراق له‌ هه‌موو وڵاتانى ترى ئه‌ندام له‌ رێكخراوى ئۆپیك، به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ ده‌چێت به‌ رێژه‌ى 12%.

بلۆمبێرگ ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى وه‌رگرتووه‌.

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ چه‌ند بۆچوونێكى عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراقى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، دابه‌زاندنى به‌هاى دینار بۆ چه‌ند ئامانجێك بووه‌ له‌وانه‌ چالاككردنى كه‌رتى تایبه‌ت و زیادكردنى به‌رهه‌مى ناوخۆ و خۆدووگرتن له‌ كورتهێنانى بودجه‌.

له‌ كاتێكدا ئایبووریناسان پێشبینى مه‌ترسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆى دابه‌زاندنى نرخى دینار هه‌ڵاوسانى ئابوورى رووبدات، كه‌چى عه‌لى عه‌لاوى ده‌ڵێ، بێ ئه‌و هه‌نگاوه‌یش هه‌ڵاوسان هه‌ر روویده‌دا، بۆیه‌ ئه‌و هه‌نگاوێكه‌ ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى كورتهێنانێكى توند و هه‌ڵاوسان.

عه‌لاوى باسى له‌وه‌یش كردووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ نه‌كرابووایه‌ ئه‌وا له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگ یه‌ده‌گى دراوى بیانى عێراق له‌ناوده‌چوو.

دواى خسته‌ڕووى ئه‌و بۆچوون و زانیارییانه‌ بلۆمبێرگ بۆچوونى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى حكوومه‌تى عێراق ده‌ڵێ، “دابه‌زاندنى به‌هاى دینار به‌ رێژه‌ى 20% هه‌نگاوێكه‌ ده‌بووایه‌ بكرێت به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و فشارى بودجه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، حكوومه‌تى عێراق ده‌ڵێ ئه‌مه‌ یه‌ك جار ده‌بێت و دووباره‌ نابێته‌وه‌. ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر وا بێت، ئه‌وا ده‌بێت وه‌ڵامى خواستى خه‌ڵكیش بدرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رهاتوو له‌ ئه‌نجامى ئه‌و رێكارییه‌ ئاستى بژێوى به‌رزبێته‌وه‌”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com