نوچه‌نێت
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانى ناسرییه بڵاوكراوه‌ته‌وه، خۆپێشانده‌ران ده‌ڵێن ئاماده‌ین ناڕه‌زاییه‌كانمان رابگرین به‌و مه‌رجه‌ى ته‌واوى ئه‌و چالاكوانانه‌ى گیراون ئازاد بكرێن.
ئه‌مڕۆ خۆپێشانده‌رانى شارى ناسرییه “زیقار”ى باشوورى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماده‌یى خۆیان بۆ وه‌ستاندنى ناڕه‌زاییه‌كان راده‌گه‌ینن.
به‌و مه‌رجه‌ى ته‌واوى چاڵاكوانان كه گیراون ئازاد بكرێن و ده‌شڵێن ئه‌گه‌ر جارێكى تر خۆپێشانده‌رێكى ئاشتیخواز رووبه‌ڕووى گرتن و ئازاردان ببێته‌وه، ئه‌وا به گوڕتر ده‌ست به خۆپێشاندانه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌و به‌یاننامه‌یه دواى شه‌ڕوپێكدادانێك دێت كه شه‌وى رابردوو له ناسرییه له‌نێوان هێزه عێراقییه‌كان و خۆپێشانده‌ران به‌ڕێوه‌چوو، به‌گوێره‌ى ئامارى فه‌رمى تا ئێستا پۆلیسێك كوژراوه و 111 كه‌سیش له هه‌ردوو لا بریندارن.
تا ئێستا هه‌ڵوێستى فه‌رمى حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجه نییه.
خۆپێشاندانه‌كانى عێراق له مانگى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2019 ده‌ستیپێكردووه، له‌دژى گه‌نده‌ڵى و خراپى بژێوى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى له‌م ماوه‌یه‌یشدا چه‌ندان جار پێكدادان دروست بووه و له ئه‌نجامدا زیاتر له 700 كه‌س كوژراون و 27 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون.