نوچه‌نێت
ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه راپۆترێكى له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى و سزاكانى ئه‌مریكا بڵاوكردووه‌ته‌وه و دووپاتى ده‌كاته‌وه له‌مه‌ودوا چاره‌نووسى حه‌شدى شه‌عبى به‌ده‌ست ماكگۆرك ده‌بێت و له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه‌یش ده‌ڵێ، “حكوومه‌تى كازمى هاككراوه و ناتوانێ به‌رپرسانى ئه‌منى دووربخاته‌وه”
له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، به‌دوور ده‌زانرێ دواى دانانى برێت ماكگۆرك وه‌ك به‌رپرسى دۆسیه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئه‌فریقیا له حكوومه‌تى نوێى ئه‌مریكا، به‌رپرسه سزادراوه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و میلیشیاكان له لیستى سزادراوه‌كان بهێنرێنه ده‌ره‌وه.
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا باس له‌وه ده‌كرێت تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه كه ماكگۆرك دژى ئه‌وه بێت حه‌شدى شه‌عبى له‌ریزى دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانى حكوومه‌تى عێراق بێت و جگه له‌وه‌یش له‌و كاته‌ى ماكگۆرك نوێنه‌رى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بووه له‌شه‌ڕى داعش ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ ته‌واوى لایه‌نه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌بووه.
له به‌رانبه‌ریشدا پاڵپشتییه‌كى سه‌ره‌كى بووه بۆ مسته‌فا كازمى كه ئه‌و كات به‌رپرسى هه‌واڵگرى عێراق بووه. سه‌باره‌ت به چاره‌نووسى حه‌شدى شه‌عبى راپۆرته‌كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، بڕیاره‌كانى په‌یوه‌ندیدار به حه‌شد له‌مه‌ودوا به‌ده‌ست ماكگۆركه‌وه ده‌بێت.
له به‌شێكى تردا باس له هه‌ڵوێستى كازمى ده‌كات له‌سه‌ر سزادانى به‌رپرسانى حه‌شد له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه و ده‌ڵێ تا ئێستا كازمى هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر سزادانى فه‌یاز نه‌بووه كه گه‌وره‌ترین به‌رپرسى حه‌شد و میلیشیاكانه له‌عێراق، به‌ڵام كازمى و حكوومه‌ته‌كه‌ى ناتوانن سزاى به‌رپرسانى ئه‌منى بده‌ن، چونكه وه‌ك راپۆرته‌كه ده‌ڵێ، “حكوومه‌تى كازمى هاككراوه”.