لیستى ره‌ش یان لیستى تیرۆر.. ئه‌مریكا چ سزایه‌ك به‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى ده‌سه‌پێنێ؟

0

نوچه‌نێت

دواى هه‌فته‌یه‌ك له‌ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، له‌ ناوه‌نده‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ مشتومڕ له‌سه‌ر جۆرى ئه‌و سزایانه‌ به‌رده‌وامه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوودا به‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى بسه‌پێنرێن.

رۆژى هه‌ینى رابردوو فالح فه‌یاز سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى خرایه‌ لیستى سزاكانى وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا، ته‌واوى میلیشیاكانى ناو حه‌شد دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، پێشبینى ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى سزادانى حه‌شدى شه‌عبى بێت، ته‌نانه‌ت میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق گوتى، سزادانى فه‌یاز یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ناساندنى حه‌شدى شه‌عبى وه‌ك رێكخراوێكى تیرۆریستى.

ئایا ئه‌مه‌ ته‌نیا مه‌ترسییه‌كى حه‌شده‌ له‌ سزاكانى ئه‌مریكا، یاخوود راستییه‌كه‌ بوونى هه‌یه‌؟ به‌رپرسێكى ئه‌مریكى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م بۆ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى “جه‌زیره”‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، به‌دوور نازانرێ له‌ داهاتوودا حه‌شدى شه‌عبى بخرێته‌ لیستى تیرۆرى ئه‌مریكاوه‌.

به‌رپرسه‌كه‌ى ئه‌مریكا كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا كار ده‌كات و ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ ده‌ڵێ، “ئه‌گه‌رێكى زۆر هه‌یه‌ واشنتن حه‌شدى شه‌عبى بخاته‌ ئه‌و لیسته‌ى كه‌ سوپاى پاسدارانى تێدا داناوه‌ و وه‌ك رێكخراوێكى تیرۆریستى ناساندوویه‌تى”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ زیاتر روونى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، “حه‌شدى شه‌عبى دامه‌زراوه‌یه‌كى عێراقییه‌، به‌ڵام بڕیاره‌كانى ئێرانى به‌سه‌ر زاڵه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌ سوپاى پاسدارانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌یه‌ واشنتن ناچار ده‌كات سزاى بسه‌پێنێ و دواتریش بیخاته‌ لیستى تیرۆره‌وه‌”.

جگه‌ له‌م به‌رپرسه‌ چه‌ندان چاودێرى ترى سیاسى و توێژه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌ى جه‌زیره‌ قسه‌یان كردووه‌. له‌وانه‌ ره‌حمان جبوورى كه‌ توێژه‌ره‌كه‌ له‌ سندووقى نیشتمانى بۆ دیموكراسى له‌ واشنتن كارده‌كات ده‌ڵێ، “سزا و پۆلێنكردن بۆ لایه‌نه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌بێت، به‌ڵام نه‌وه‌ك حه‌شد وه‌ك كۆى دامه‌زراوه‌”.

به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و توێژه‌ره‌، ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ وسه‌ركرده‌ى ناو حه‌شدى شه‌عبى ده‌سه‌پێنێ، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و میلیشیانه‌ په‌كبخات كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كاروانه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى و باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق.

به‌بڕواى چاودێرانى سیاسى ئه‌گه‌ر حه‌شدى شه‌عبى راسته‌وخۆ نه‌خرێته‌ لیستى تیرۆره‌وه‌ ئه‌وا چه‌ند جۆره‌ سزایه‌كى ترى به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێت. ماجد قه‌یسى كه‌ لیوایه‌كى خانه‌نشینكراوى عێراقییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات سێ ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م حه‌شده‌ یه‌كه‌میان لیستى ره‌ش، ئه‌ویتر سزاكانى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا، دوایین بژارده‌یش لیستى تیرۆره‌.

ماجد قه‌یسى ده‌شڵێ، “ئه‌مریكا فشار دروست ده‌كات بۆئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵوێستى خۆیان له‌باره‌ى مانه‌وه‌ى ئه‌مریكا بگۆڕن و رێگه‌نه‌ده‌ن هێرش بكرێته‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا”.

له‌ كۆى راپۆرته‌كه‌ى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى پێویست بێت له‌سه‌ر سه‌رانى حه‌شد ئه‌وه‌یه‌ بڕیاریان عێراقى بێت. ئه‌گینا سزاكانى ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ ئێستا به‌ سزاكانى وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا ده‌ستى پێكردووه‌ و دواجاریش به‌ لیستى تیرۆر كۆتایى دێت.

حه‌شدى شه‌عبى له‌ ساڵى 2014 به‌ فه‌توایه‌كى عه‌لى سیستانى دامه‌زرا، له‌ پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش. هه‌رچه‌نده‌ سێ ساڵه‌ عێراق سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش راگه‌یاندووه‌ به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ گوێڕایه‌ڵبوونى ته‌واو بۆ ئێران و ئه‌نجامدانى چه‌ندان تاوان تۆمه‌تبار ده‌كرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com