سه‌روان ره‌سووڵ، نوچه‌نێت
له مانگه‌كانى كۆتایى ساڵى رابردوو له سێ رووداوى جیاوازدا عێراق سته‌مى له هه‌رێمى كوردستان كردووة و جیا له به‌یاننامه و سه‌ركۆنه‌كردن، هه‌رێم و به‌غدا ئێستا بێده‌نگیان له سته‌مه‌كان كردووه.
له كۆتاییه‌كانى ساڵى رابردوودا له سێ رووداوى جیاواز هێرش كرایه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، كه‌چى وێراى به‌ڵێنى جیاواز بۆ لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ى سزادانى تاوانباران هیچ شتێك نه‌كراوه و لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش بێده‌نگییان له رووداوه‌كان كردووه.
له شه‌وى 30ى ئه‌یلوول چه‌ند مووشه‌كێك ئاراسته‌ى هه‌ولێر كران، ده‌ركه‌وت له‌لایه‌ن میلیشیاكانى شیعه‌وه له ده‌شتى نه‌ینه‌واوه‌وه ئاراسته‌ى هه‌رێمى كوردستان كراون.
وێرانى ئاشكرابوونى لایه‌نى هێرشبه‌ر كه هێزێكى سه‌ر به هاوپه‌یمانى فه‌تحه و به لیواى شه‌به‌ك ناسراوه، كه‌چى هیچ رێكارییه‌ك ده‌رهه‌ق به‌م هێزه نه‌كراوه.
دووه‌م رووداو له 17ى تشرینى یه‌كه‌م بوو، كاتێك گرووپێكى توندرِه‌وى شیعه به ناوى “ربعوڵا” هێرشیان كرده سه‌ر لقى پارتى له به‌غدا و سووتانیان و سووكایه‌تیان به ئاڵاى كوردستان كرد، ئه‌میش سه‌ره‌ڕاى سه‌ركۆنه‌ى ناوخۆ و ده‌ره‌وه تا ئێستا بێده‌نگى لێكراوه.
له 12ى تشرینى دووه‌م فراكسیۆنه‌كانى شیعه و سوننه له په‌رله‌مانى عێراق یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى داراییان تێپه‌ڕاند و به‌مه‌یش زه‌برێكى گه‌وره‌یان له هه‌رێمى كوردستان دا، چونكه هیچ مافێكى كوردستانى تێدا ده‌سته‌به‌ر نه‌كرابوو.
وێراى ئه‌وه‌ى له مانگى رابردوو شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ماوه‌ى 10 رۆژ له به‌غدا بوو، كه‌چى نه‌یتوانی ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات كه له تێپه‌ڕاندنى یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه دروست بوو.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى ئه‌و سته‌مانه به‌سه‌ر كورد تێده‌په‌ڕن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ناكرێ؟ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار كه نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت به نوچه‌نێتى گوت، “به‌رپرسیارانى هه‌رێم ئه‌و رووداوانه‌یان بیر نه‌چووه، به‌ڵام چه‌ند هۆكارێك هه‌یه كه ناتوانن شتێكى ئه‌وتۆ بكه‌ن ئه‌و دۆسیانه بكه‌نه‌وه”.
ئه‌و سه‌رچاوه ئاگاداره باسى له‌وه كرد، ده‌توانێ ئاماژه به دوو هۆكارى سه‌ره‌كى بكات كه یه‌كێكیان به په‌یوه‌ندى به هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ویتریان په‌یوه‌ندى به به‌غداوه هه‌یه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هه‌رێم سه‌رچاوه‌كه گوتى، “ئێستا هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى كه‌مى ده‌رامه‌ت و كه‌متوانایى له دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ده‌یه‌وێ له دانوستاندنه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بێت و سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆیه هه‌ندێك مه‌سه‌له ناكاته‌وه، بۆئه‌وه‌ى گرژیى سیاسى دروست نه‌بێت، به تایبه‌تى كه ده‌زانرێت دوو بابه‌تى هێرشكردنه سه‌ر هه‌ولێر و باره‌گاى پارتى له به‌غدا زیانى گیانى نه‌بووه”.
سه‌باره‌ت به‌و هۆكاره‌ى په‌یوه‌ندى به به‌غداوه هه‌یه، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتى، “وه‌ك ده‌زانرێت دوو هێرشه‌كه كه لێره‌دا باسیان ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه ئه‌نجام درا، هه‌موو دنیا ده‌زانێ حكوومه‌تى عێراق ئێستا ناتوانێ لێپرسینه‌وه له میلیشیاكان بكات و ته‌نانه‌ت چه‌ندان جار ئه‌مریكا فشارى خستووه‌ته‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى كشانه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌كه‌ى كردووه، بۆیه جڵه‌وى میلیشیاكان بكرێت، كه‌چى سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه”.
سه‌باره‌ت به تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌یش، سه‌رچاوه‌كه له كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، “ده‌ركه‌وتووه حكوومه‌تى كازمى له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوو یاساكه دژ به هه‌رێمى كوردستان تێپه‌ڕێت، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ده‌زانین كه كازمى پاڵپشتییه‌كى له‌ناو په‌رله‌مان نییه و پرۆژه‌كانى له‌ناو په‌رله‌مان سه‌رناگرێت”.