له‌ زستاندا ژنانى كورد خۆیان تورشى ئاماده‌ ده‌كه‌ن

0

تورشيفرۆشێك : 80% كڕیاره‌كانمان عه‌ره‌بن

ژنێك : به‌ 10 هه‌زار كه‌ره‌سته‌ ده‌كڕم و به‌شى 40 رۆژ تورشى سوور حازر ده‌كه‌م

سیهام میران، تایبه‌ت نوچەنێت

جیا له‌ قه‌یرانى دارایى و په‌تاى كۆرۆنا، ژنانى كورد وه‌ك نه‌ریتێكى ساڵانه‌یان خۆیان به‌گوێره‌ى پێویستى خێزانه‌كه‌یان تورشی دابین ده‌كه‌ن و ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌سبه‌ردارى تورشى بازاڕ ده‌بن.

له‌ وه‌رزشى زستان ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ژنانى كورد له‌ ماڵه‌وه‌ تورشیات دروست ده‌كه‌ن و به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ كه‌ره‌سته‌ى سه‌وزه‌ و خۆراكى پێویست له‌ تورشیات له‌م وه‌رزه‌دا زیاتر ده‌بێت.

وێراى پێشكه‌وتنى بواره‌كانى ژیان، بوونى ده‌یان جۆرى تورشى. كه‌چى تا ئێستا زۆرێك له‌ ژنان وازیان له‌م نه‌ریته‌ نه‌هێناوه‌ و خۆیان له‌ماڵه‌وه‌ تورشى ئاماده‌ ده‌كه‌ن و باس له‌ گرنگى ئه‌و نه‌ریته‌یش ده‌كه‌ن.

سه‌میره‌ ئه‌حمه‌د كه‌ ژنێكى دانیشتووى شارى هه‌ولێره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌موو ساڵێك له‌ زستاندا خۆى تورشیاتى ماڵه‌كه‌ى حازر ده‌كات و جیا له‌ “نه‌ریتێكى خۆش” ئه‌و ژنه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ دوو هۆكار هه‌ن تا ئه‌م كاره‌ بكات.

سه‌میره‌ ئه‌حمه‌د گوتى، “تورشیاتى ماڵه‌وه‌ خاوێنتره‌ و خه‌رجیشى كه‌متره‌، من به‌ به‌هاى 10 هه‌زار دینار كه‌ره‌سته‌ ده‌كڕم، به‌شى 40 رۆژمان ده‌كات”.

ئه‌و ژنه‌ باسى له‌وه‌ كرد خۆى فێرى چه‌ندان خواردنى ترى نزیك له‌ تورشیات كردووه‌ له‌وانه‌ سوێركردنى زه‌یتوون. دواتریش باسى له‌وه‌ كرد خۆى به‌ ته‌نیا نییه‌ ئه‌و كارانه‌ ده‌كات، به‌ڵكو ژنانى ده‌وروبه‌ریشى له‌ زستان ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن و بۆ تامكردن قاپێك تورشیات بۆ یه‌كتر ده‌نێرن.

ره‌یحانه‌ عه‌لى ژنێكى تره‌ كه‌ وه‌ك خۆى ده‌ڵێ، حه‌زى له‌ تورشیات دروستكردنه‌، ئه‌و ژنه‌ بۆ نوچه‌نێت گوتى، “من زیاتر حەز بە ترشیاتی ماڵەوە دەکەم تەندروسترە و پاکترە ، بەهۆی ئەوەی هیچ مادەیەکی کیمیایی تێدا بەکارناهێنم، دڵنیام لە جۆری پاک و خاوێنی”

تورشیاتفرۆشه‌كان بۆ “نوچه‌نێت” باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، بازاڕیان كزبووه‌ و هۆكاره‌كه‌یش ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ “چه‌ند ژنێك بۆ خۆیان له‌ماڵه‌وه‌ تورشیات دروست ده‌كه‌ن”.

ته‌نیا حاجى عوسمان كه‌ خاوه‌ن كاره‌یه‌كى تورشیاته‌ له‌ بازاڕى ته‌یراوه‌ى شارى هه‌ولێر، باسى له‌وه‌ كرد ئه‌و نزیكه‌ى 40 ساڵ ده‌بێت ئه‌و كاره‌ ده‌كات و له‌سه‌ره‌تاى هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌ستى به‌ دروستكردن و فرۆشتنى تورشیات كردووه‌.

ئه‌و پیاوه‌ ده‌ڵێ، “جاران تورشیان جۆره‌كانى زۆر كه‌م بوو ته‌نیا زه‌رد و سوور هه‌بوو، ئه‌ویش له‌ مانگى ئادار به‌ره‌و كۆتایى و نه‌مان ده‌چوو گران و زه‌حمه‌ت ده‌ست هاووڵاتیان ده‌كه‌وت”.

به‌ڵام ئێستا وه‌ك باسى ده‌كات چه‌ندان جۆرى تورشیات زیادبووه‌ وه‌ك” ترشیاتى هه‌نار و دۆشاو و سركه‌ و زه‌ڵاته‌” كه‌ ئه‌مانه‌ خۆمانین و چه‌ند جۆرێكى تریش له‌ ناوچه‌كانى عێراقه‌وه‌ هاتوون، وه‌ك تورشی مدبس “دۆشاو”.

له‌ قسه‌كانى بۆ نوچه‌نێت ته‌نیا حاجى عوسمان چه‌ند جارێك باسى له‌وه‌ كرد، بازاڕى تورشیات كز بو‌وه‌، هۆكارى سه‌ره‌كیش قه‌یرانى ئابوورییه‌. ته‌نیا ده‌ڵێ، “كاتێك قه‌یران بێت خه‌ڵك ده‌ستبه‌ردارى هه‌ندێك شتى ناپێویست ده‌بێت، خه‌ڵكى ئێمه‌ تورشیات به‌ شتێكى پێویست نازانێ كه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر خوان بێت به‌ڵكو بۆ خۆشییه‌، بۆیه‌ كاتێك پاره‌ نه‌بێت كه‌متر ده‌یكڕن، بۆ نموونه‌ تورشى كیلۆى به‌ چوار هه‌زار دیناره‌، له‌برى ئه‌وه‌ كڕیار ده‌چێت به‌م پاره‌یه‌ پێداویستى سه‌وزه‌ ده‌كڕێت”.

ئه‌م خاوه‌ن كارگه‌یه‌ باسى له‌وه‌ كرد، بازاڕى ئه‌وان ئێستا ئه‌گه‌ر هه‌بێت به‌هۆى چێشتخانه‌كانه‌وه‌یه‌ و یانیش زیاتر له‌ 80 % كڕیاره‌كان عه‌ره‌بن. دواتریش چووه‌ سه‌ر باسى دروستكردنى تورشیات له‌ ماڵان.

ته‌نیا حاجى عوسمان گوتى، “ژنان حه‌ز ده‌كه‌ن تورشیات له‌ ماڵ دروست بكه‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ له‌ده‌ستیان ده‌رناچێ، بۆیه‌ ژنانێكى كه‌م ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن”.

باسى له‌وه‌یش كرد زۆرجار به‌ تایبه‌تى له ‌وه‌رزى زستان ژنان ده‌چنه‌ لاى تورشیات فرۆش ورێنمایى لێوه‌رده‌گرن. ئه‌و گوتى، “هه‌ندێك له‌ ژنان پێداویستییەکان (تەرۆزی، خیار، قەرنابیت) دەهێنن دەڵێن بەس گیراوەکەم پێ بدە یان دەڵێ فێرم بکە چۆن بەکاری بهێنم”.

سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌كه‌یان ئه‌م تورشیاتفرۆشه‌ چه‌ند تێبینیه‌كى ترى خسته‌ڕوو له‌وانه‌ گوتى، “به‌هۆى كۆرۆناوه‌ ئێستا تورشیات بۆ ده‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ ناكه‌ین، پێشتر بۆ كوردانى دانیشتووى وڵاتانى ئه‌وروپامان ده‌نارد و هه‌ر به‌هۆى ئه‌م په‌تایه‌وه‌ خواستى سیر له‌ تورشیات زیاتر بووه‌”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com